کوردستان 04:00 - 05/12/2019

خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش

+ -

(سبەی):
ئەمڕۆ لە قەزای کەلار لە ساڵیادى تیرۆرکردنى رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانى، خەڵاتی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە.

ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ رایگەیاند؛ خەڵاتە بۆ تێکشکاندنی سنورەکانی نێوان نەتەوەکەمانە و  بەخشینی خەڵاتەکە بۆ ئەوەیە چیتر سنورەکان نەمێنن و خەمی باشور ببێتە خەمی باکورو خەمی باکوریش خەمی پارچەکانی دیکە.

هاوکات موزەیەن گیونیش، نوێنەری (هەدەپە) بە نوێنەرایەتی پارتەکەی خەڵاتەکەی وەرگرت و لە لێدوانێکیشدا وتی:"کاوە کەسێکی نیشتمان پەروەر بو، بۆ راستیەکان خۆی دەخستە مەترسییەوە، ئەوەش جێگەی رێز و پێزانینە".

وتیشی:"لە باکور هەزاران زیندانی هەیە تەنها لە پێناو ئەو تێکۆشانانەن کە خەڵکانی نیشتمان پارێز گرتویانەتە بەر".

هەر لەو مەراسیمەدا نامەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش خوێندرایەوە کە لە زیندانەوە بۆ مەراسیمەکەی نوسیبو، تێیدا سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی کاوە گەرمیانی بە ناوبراو.

 

کەلار/ وریا فەتاح