کوردستان 06:28 - 05/12/2019

وەزارەتی دارایی: بەرپرسارێتی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگرینە ئەستۆ

+ -

(سبەی):

نوسینگەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوە دەدات لەبارەی ئەو زانیارییانەی كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دیوانی وەزارەتی دارایی بەڕێوەچو سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە رونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەهۆی هەڵەتێگەیشتنێكەوە لێدوانێكی سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری هەرێم كە وەزیری داراییە بە هەڵە لێكدراوەتەوە.

جەختیش لەوە كراوەتەوە كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی بەرپرسارێتی دانەوەی تەواوی قەرزی موچەی فەرمانبەران دەگرنە ئەستۆ. 

دەقی رونكردنەوەكە: 
رونكردنەوەیەك لە نوسینگەی وەزیری دارایی و ئابورییەوە

ئەمرۆ پێنج شەممە رێكەوتی (5/12/2019)، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بەسترا و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی بودجە و نەوت ئەنجامی رێككەوتنی شاندی هەرێمی كوردستانی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد.

لە چوارچێوەی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا رۆژنامەنوسێكی بەڕێز پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ موچە قەرزداری موچەخۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی رۆژنامەنوسە بەڕێزەكە "سێ موچەی تەواو بو"  بەڵام سەرۆكی شاندەكە "زانیارییەكەی بۆ راستكردەوە كە سێ موچە نییە، بەڵكو موچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و (12) مانگی خانەنشینان قەرزدارە. هەروەها نە رۆژنامەنوسەكە و نە جەنابی وەزیر هیچ ئاماژەیەكیان بە موچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە رێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەشكراون.

بەداخەوە هەندێك كەس بە ئاگایی یان بە بێ ئاگا راستیەكان دەشێوێنن و دەیانەوێت لە بەهای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شاندی هەرێمی كوردستان كەمكەنەوە. 

پێتان رادەگەیەێنێن، سەرباری ئەوەی كە موچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی موچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا نەبوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوری بەرپرسیاریەتی هەمویان لە ئەستۆ دەگرێت.