(سبەی):
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پابەندی
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانیانن لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت و ئێستاش کار بۆ
ئەوە دەکەن کە تەواوی رێککەوتنەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (سبەی) راگەیاند؛ پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی
رێککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکومەتی هەرێم و ئێستاش لەناو
ئەنجومەنی وەزیرانەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکان، مەحمود محەمەد
وتی:"کۆمەڵێک کۆبونەوە هەیە لەلایەن
سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و زۆربەی لایەنەکانی هەرێمیش
نوێنەریان هەیە لەو کۆبونەوانەدا، هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی
کۆدەنگییەک لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دروست بکرێت بۆ ئەوەی
پێکەوە کار بکەن".
لەبارەى پڕکردنەوەى شوێنى عادل عەبدولمەهدى و
پێشکەشکردنى کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، مەحمود محەمەد وتی: "ئەوە کارێکی قورسە و بە دڵنیاییەوە دیاریکردنی کاندیدی
سەرۆک وەزیران ماوەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام هەوڵدەدرێت بە ئاڕاستەی ئەوەی کێشەکان
لەوە زیاتر قوڵنەبنەوە، چونکە تا کێشەکان بەوشێوەیە بمێنێتەوە ئاڵۆزتر دەبێت و
دەستی زیاتر دێتە ناو بابەتەکانەوە و چارەسەرکردنیشیان قورستر دەبێت".
هەولێر/ بڕیار
نامیق