کوردستان 09:03 - 05/12/2019

وەزیری پلاندانان بۆ (سبەی): هەر کاتێک بودجەى عێراق پەسەندکرا، رەشنوسی بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکەین

+ -

(سبەى):

وەزیرى پلاندانان رایدەگەیەنێت؛ ئامادەکارییەکانیان لەگەل بەغدا بۆ سەرژمێرى بەردەوامە و دەشڵێت: کێشەى سەرژمێرى تەنها کێشەى کوردەکان نییە بەڵکو تورکمانەکان و کریستیانەکانیش هەمان کێشەیان هەیە.

د. دارا رەشید، وەزیرى پلاندانانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەربارەى ئەنجامدانى سەرژمێرى لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (سبەى) راگەیاند؛ ئەو سەرژمێرییانەی لە عێراق کراوە زیاتر بابەتەکان سیاسى بوە و بۆ بابەتى دیمۆگرافى بەکارهاتوە، ئەو دۆخەی لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى حکومەتى هەرێم هەیە، بارێکى نا ئاساییە و بە گوێرەى دەستوریش ئەو ناوچە کێشەلەسەرانە پێی دەوترێت مادەى (140)، پێویستە سەرەتا دۆخەکەیان لەروی دیموگرافی و جوگرافییەوە ئاسایی بکرێنەوە و دواتر سەرژمێرییان تێدا ئەنجام بدرێت.

وتیشی:"ئەو ناوچانە زۆرینەیان بە داگیرکراو لە قەلەم دەدرێن، لەبەر ئەوە ئاسان نییە لە کاتى ئێستادا سەرژمێریان بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام چەند پێشنیارێک هەیە و لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین و هەمو ئامادەکارییەکانمان لەگەل بەغدا بۆ سەرژمێرى بەردەوامە، ئەگەر توانیمان گەرەنتى بکەین کە ئەو ناوچانە لەکاتی ئەنجامدانی سەرژمێری تێیدا و دواتر ئەنجامداکەی لە دژى ئەو ناوچانە بەکارنایەت، لەوانەیە بە لێکتێگەیشتنى هاوبەش بگەینە ئەنجام".

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کێشەى سەرژمێرى تەنها کێشەى کوردەکان نییە، بەڵکو تورکمانەکان و کریستیانەکانیش هەمان کێشەیان هەیە.

دەربارەى بودجەى هەرێمى کودستانیش، وەزیرى پلاندانان رایگەیاند:"هەر کاتێک بودجەى عێراق پەسەندکرا، یاساى بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت".

سەبارەت بە پلانى حکومەتى هەرێم بۆ داهاتو، ددارا رەشید وتى:"بە هەماهەنگى لەگەڵ هەمو وەزارەت و سێکتەرەکان بە سەرپەرشتى پسپۆرانى نێودەوڵەتى دیدگاى (2030)ى بەڕێوە دەچێت، لە رێگاى ئەنجامدانى ئەم دیدگایەوە دەتوانین بزانین پاش (10) ساڵى دیکە ئێمە وەک هەرێمى کوردستان لە کوێیان و گەیشتوینەتە کوێ".

وتیشى:"هەندێک وڵات پلانى (50) ساڵى دادەنێت، بەڵام لەبەر ئەوەى هەرێم دۆخێکى سەقامگیرى نەبوە لە ئێستادا ناتوانین پلانى زیاتر لە (10) ساڵ دابنێین و ئەمە راى پسپۆڕانیشە".


هەولێر – بڕیار نامیق