کوردستان 10:44 - 06/12/2019

هێزى پشتیوانى رەوانەى سنورى کوڵەجۆ و گەرمیان دەکرێت

+ -
(سبەى):
دواى ئەوەى لەماوەى رابردودا دوجار چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سنورەکانى هێزى پێشمەرگە، وەزارەتى پێشمەرگە هێزى پشتیوانى رەوانەى ئەو سنورانە دەکات.

ئەمڕۆ هەینى، جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم بە یاوەرى چەند فەرماندەیەک میحوەرى سەردانى محیوەرى یەک و دوان کرد لە گەرمیان و رایگەیاند؛ هاتوین پاڵپشتى سەرۆکایەتى هەرێم بۆ هێزەکانى پێشمەرگە دوپات بکەینەوە و لە نزیکەوە لە رەوشى ناوچەکە ئاگاداربین و لە پێویستیەکانیان بکۆڵینەوە بۆئەوەى سنورەکان تۆکمەتر بکرێن.

وتیشى:"لە هەر شوێنێک پێویست بێت، هێزى پشتیوانى رەوانەى ئەو ناوچانە دەکەین".

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر ئەمڕۆ سێ سێ فەوجى پێشمەرگە بە چەکى قورسەوە رەوانەى گەرمیان دەکرێن بۆ رێگرى لە دزە کردنى چەکدارانى داعش و هاوکاریکردنى هێزەکانى سنورەکە لە بەرپەرچدانەوەى هەر هێرش و پەلامارێک.

پێشتر و لە بەرەبەیانى رۆژى شەممە (30/11/2019)، چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سەر ناحیەی کوڵەجۆ-ى سەر بە قەزاى کفرى، هەرچەندە بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هێرش و پەلامارەکە (11) قوربانی لێکەوتەوە کە بەڕێوەبەرى ئاسایشى کڵەجۆ و دو کارمەندى ئاسایش تێیدا شەهید بون، رۆژى چوارى ئەم مانگەش دوبارە چەکدارانى داعش هێرشیان کردەوە سەر بارەگایەکى پێشمەرگە و سێ پێشمەرگە شەهید بون.

بەپێى راگەیەندراوەکان لەو سنورەدا بۆشایى ئەمنى لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى حکومەتى عێراق هەیە کە ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەگە نایشارێتەوە لە هەندێک شوێن ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەگاتە (40) کیلۆمەتر.