راپۆرت 10:21 - 07/12/2019

کوشتنی خۆپیشاندەران دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەکات

+ -

(سبەی):

شیکاری: (سبەی)
دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەگەرچی وەک سەرکەوتنێک بۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق هەژمارکرا، بەڵام وادەردەکەوێت پلانی دیکە داڕێژرابێت بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە رێگەی هێزەوە، بێئەوەی کەس لەم پلانە بەرپرس بێت و هێرشەکانی بخرێتە ئەستۆ.

دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆک وەزیران پێدەچێت رێگەی بۆ هێزی چەکدار و ئەو میلیشیایانە خۆشکردبێت کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی دەستکراوەتر روبەڕوی خۆپیشاندانەکان ببنەوە وەک ئەوەی دوێنێ (هەینی) و شەوی رابردو لە بەغدا، رویدا.

وتارەکەی سیستانی و پەلامار و کوشتنی خۆپیشاندەران
لە وتاری رۆژی هەینی-دا  عەبدولمەهدی کەربەلایی وتاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی خوێندەوە و تێیدا خوێنڕشتنی خۆپیشاندەرانی سەرکۆنە کرد و داوای کرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێت.

دوای کەمتر لە (12) سەعات لەو وتارەی مەرجەعیەت، شەوی رابردو لە گۆڕەپانی خەیلانی و پردی سەنک، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چەکداری دەمامکدار کە لە چەند ئۆتۆمبێلیکی جۆری پیکاپ پێکهاتبون بە شێوەیەکی کتوپڕ هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتن (ئامارە نوێیەکان باس لە کوژرانی (31) خۆپیشاندەر و برینداربونی زیاتر لە (50) خۆپیشاندەر دەکەن)، تەقەکەران توانیان تاڕادەیەک بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن. 

بەپێی لێدوانە رۆژنامەوانیەکان ئەمڕۆ لەبەغدا و بەدیاریکراوی گۆڕەپانی تەحریر ژمارەیەکی کەمتر لە رۆژانی رابردو خۆپیشاندەری لە خۆ گرتبو، هەروەها هەردو ناوچەی خەلانی و سنک کە دوێنێ روبەروی هێرش بونەوە لەلایەن سوپاو هێزە ئەمنیەکانەوە تەوق دران و کۆنتڕۆڵکراوە.

هێزە چەکدارەکان داوای چۆڵکردنی باڵەخانەی چێشتخانەی تورکی کە بەقەڵای خۆپیشاندەران ناسراوە دەکەن و هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران کردوە کە دەبێت باڵەخانەکە جێبهێڵن.

بەپێی لێدوانە فەرمیەکان، سوپاو هێزە ئەمنیەکان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی شەوی رابردو ناوچەی خەلانی و سەنکیان کۆنترۆڵکردوە. 

روداوەکان لە بەغدا بەرەو جێگایەکی نادیارهەنگاو دەنێن و ژمارەی سوپا و هێزی ئەمنی لە شەقامەکاندا بەبیانوی پاراستنی خۆپیشاندەران لە هێزە چەکدارە نەناسراوەکان، زیادی کردوە.

لەباری سیاسیشەوە کوتلە سیاسیەکان هیچیان بەپەرۆش نین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و هەمولایەک لەو بەرپرسیارێتیە رادەکەن، هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن سەرۆک کۆمار بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ رابسپێردرێت، بەڵام تائێستا هیچ بەربژێرێکی دیاریکراو نییە.

لەلایەکی ترەوە هێزی چەکدار کە ناسنامەیان ئاشکرا نیە ناوبەناو هەڵدەکوتنە سەر خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی دەبەن.

خۆپیشاندەرانی بەغدا توڕەن لەو هێرشە چەکداریانە و بەشێکیان داوا دەکەن ئەوانیش بە چەک روبەڕوی ئەو هێزانە ببنەوە. پێیانوایە بەم شێوەیەی ئێستا خۆپیشاندان ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت.

بەشێکیان داوا لە مەرجەعیەتی باڵا دەکەن فەتوای جیهاد و چەکهەڵگرتنیان بۆ دەربکات دژ بەو هێزە چەکدارانە وەک چۆن فەتوای جیهاد و چەکهەڵگرتنی دژ بە چەکدارە تیرۆرستەکانی داعش دەکرد.

رۆڵی هۆزەکان لە بەرژەوەندی خۆپیشاندەران
وەک سروشتی کۆمەڵگای عێراقی، هۆزەکان رۆڵێکی گەورەیان لەم کۆمەڵگایەدا لە جەنگ و ئاشتیدا هەیە، لەخۆپیشاندانەکانی ئەم جارەش هۆزەکان رۆڵی بەرچاویان هەبو، بەتایبەت لە پارێزگاکانی دەرەوەی بەغدا.

ئەگەر پلانەکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا سەرکەوتو بێت، ئەوا پێناچێ لە پارێزگاکانی دیکە بەو ئاسانیە سەرکەوتو بێت ئەویش بە هۆی رۆڵی هۆزەکان.

لە پارێزگای زیقار لە ئێستادا هیچ دام و دەزگایەکی فەرمی حکومەت نەماوە و خەڵک و هۆزەکان خۆیان پارێزگاکە بەڕێوەدەبەن، دەرپەڕاندنی حکومەت لەم پارێزگایە دوای ئەوە هات کە نزیکەی (25) کەس لە گەنجانی خۆپیشاندەر کوژران. ئەمە هۆزەکانی توڕە کرد و دام و دەزگاکانیان ناچار بە جێهیشتنی پارێزگاکە کرد، خۆپیشاندەران دەزگای دژە تیرۆریشیان لە پارێزگاکە سوتاند و هەمو ئەندامانی ئەو دەزگایەشیان ناچار بە جێهێشتنی پارێزگاکە کرد، پارێزگار دەستی لەکار کێشایەوە و ئێستا حکومەت بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ گەڕانەوە بۆ پارێزگاکە، بەڵام هۆزەکان هەمو جۆرە دانوستانێک رەتدەکەنەوە. 

پلانەکە بۆ سەنتەری شاری بەغدا بەم شێوەیەیە
بەبێ ئارامکردنەوەی شەقام، هیچ کەس و هێزێک ئامادەنیە بەرپرسیارێتیی سەرۆک وەزیران وەربگرێت، چونکە دەزانێت کە ناتوانێت نە خۆپیشاندەران رازی بکات نە لە رێگەی هێزیشەوە کۆتایی پێبهێنێت.

بەڵام لە ئێستادا کە پۆستی سەرۆک وەزیران بە فەرمی پڕ نەکراوەتەوە و سەرۆک وەزیران بە دەستلەکارکێشاوە و کاربەڕێکەر دادەنرێت، ئەوا هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و خواستی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە رێگەی هێزی چەکداری دەمامکدار، ئاسانترە.

لە قۆناغی دواتر، بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپاو ناوخۆ بە بیانوی پاراستنی خۆپیشاندەران، شەقامەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و دواتر لە رێگەی راگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هەمو جۆرە کۆبونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێدەهێنرێت و پاشانیش ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت.

بەڵام ئەم پلانە پێدەچێت تەنها لەسەنتەری شاری بەغدا جێبەجێ بکرێت و شارەکانی تر کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە ئاسان نیە. ئەمەش گریمانەی لاواز بونی دەسەڵاتی سەنتەر بەسەر بەشەکانی وڵاتدا دێنێتە ئاراوە.

کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن ئەو چەکدارە نەناسراوانەوە سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتدارانی حکومەت و باڵیۆزخانە و یونامی هێنایە دەنگ، بەڵام ئەوەی نادیارە ئایندەی خۆپیشاندانەکان و ئەگەری رشتنی خوێنی زیاتری عێراقیەکانە لەلایەن چەکدار و گروپی نەناسراوەوە.