جیهان 12:24 - 08/12/2019

نەتەوە یەکگرتوەکان: چەکدارانى سەر بە تورکیا تاوانى جەنگ ئەنجام دەدەن

+ -

(سبەى):

نەتەوە یەکگرتوەکان هێرشى چەکدارە بەکرێگیراوەکانى تورکیا بۆ سەر ناوچەى تەل رەفعەت لە باکورى سوریا بە پێشێلکارییەکى مەترسیدار دادەنێت بۆ سەر مافەکانى مرۆڤ و بە تاوانى جەنگى ناویدەبەن کە بە هۆیەوە چەندان منداڵ گیانیان لەدەستدا.

وتەبێژى ئەنجومەنى مافەکانى مرۆڤى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان چەکدارە بەکرێگیراوەکانى تورکیا تاوانبار دەکات لە ئەنجامدانى پێشێلکارى و تاوانى جەنگ لە تەل رەفعەت کە بوە هۆى کوشتنى (12) کەسى مەدەنى و لە نێوانیشیاندا هەشت منداڵ گیانیان لەدەستدا.


رۆبەرت کۆلفیل وتەبێژى نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاندوە: لە هێرشێکى چەکدارى بەکرێگیراوەکانى تورکیا لە ناوچەکانى تەل رەفعەت لە نزیک قوتابخانەیەک (12) کەسى مەدەنى  گیانیان لەدەستداوە و لە نێواناندا هەشت منداڵ هەبون لە تەمەنەکانى سێ بۆ (15) ساڵدا".

ئەو وتەبێژى ئاماژەى بۆ ئەوە کردوە؛ لە کاتى ئەنجامدانى رێککەوتنەکەوە لە نێوان ئەمەریکا و تورکیادا، نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین هێرش بە ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو تۆمارکردوە لەناو بازاڕەکان و ناوچەکانى نیشتەجێبونى هاوڵاتیاندا لە حەسەکە و رەققە و حەلەب.

وتوشیەتى:" ئەم هێرشانە دەکرێت بچنە ئاستى هێرشى هەڕەمەکى و پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەچێتە چوارچێوەى ئەنجامدانى تاوانى جەنگى".