کوردستان 06:09 - 16/01/2020

دانا عەبدولکەریم: دەمانەوێت رێگایەکی سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دابین بکەین

+ -

(سبەی):
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رێگای دوسایدی دەربەندی رانیەی کردەوە و لە لێدوانێکیشدا دەڵێت: دەمانەوێت رێگایەکی سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دابین بکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی (دەربەندی رانیە-ژاراوە)ی کردەوە و  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند؛ رێگای دەربەندی رانیەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان بۆ هەردو دەڤەری پشدەر و بیتوێن لە ئایندەیەکی نزیکیشدا روناککردنەوەی رێگاکەش جێبەجێ دەکەن.

وتیشی:"ساڵی رابردو بەسەرکەوتویی قۆناغی یەکەمی چاکردنەوەی رێگاوبانەکانمان تەواو کرد، ئەمساڵیش لە بەرنامەماندایە قۆناغی دوەم دەستپێبکەین، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان راسپاردوە دەرخستەی پێویست ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی تا وەرزی ھاوین بخرێنە بواری تەندەرین و دواتر جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی رێگاوبانەکان بگەیەنینە ئاستێک لانیکەم ھاوڵاتیان بەشێوەیەکی سەلامەت ھاتوچۆی لەسەر بکەن".

پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی (دەربەندی رانیە - ژاراوە) قۆناغی یەکەم، لە (10/12/2019) کارەکانی تەواو بوە و کۆی بودجەکەی (12.911.786.547) دینار بوە.

ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەی کارئاسانی زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکات، لە روی گەشتیارییەوە گرنگی زۆری هەیە، چونکە دەربەند ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگە و رێگاکەش بەشێکە لە رێگای دو سایدی رانیە-قەڵادزێ. هاوکات بەتەواوبونی پڕۆژەکە، رێگاکە پارێزراو دەبێت لە داڕمانی شاخەکە.