(سبەی):
رۆژنامەیەکی
ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، کوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، سەرکردەی دیاری حەشدی شەعبی
لە عێراق، میلیشیا بەهێزەکانی عێراقی هەژاندوە و وایکردوە هەژمونی ئێران لەو وڵاتە
لاواز بێت، لەبەرامبەریشدا مەترسی بەکارهێنانی توندوتیژی زیاتر لەلایەن ئەو
میلیشیایانەوە زیادیکردوە لە بەئامانجگرتنی پێگە ئەمەریکییەکان.
رۆژنامەى (فاینشاڵ تایمز)ی ئەمەریکی لە سەرزارى چەند
بەرپرس و پسپۆڕێکی عێراقی و بیانییەوە بڵاویکردەوە، کوژرانی موهەندیس، هێزەکانی
حەشدی شەعبی هەژاندوە و قەڵەمڕوى ئێرانی لەعێراق کەمکردۆتەوە.
رۆژانامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، نزیکەی (140) هەزار
چەکداری سەر بە گروپە جیاجیاکان لە عێراقدا هەن و موچە وەردەگرن، هاوکات لە
پەرلەمانیش گەورەترین کوتلەیان هەیە کە بە ئیئتیلافی
فەتح ناسراوە.
فاینشاڵ تایمز نوسیویەتی:"خاڵێک
کەبۆتە ئامانج و کۆکەرەوەى سەرکردە شیعەکان و بەئاشکرا باسی لێوەدەکەن،
تۆڵەکردنەوەى کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیسە یاخود دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق".
هەرچەندە
بەرپرسە ئەمەریکیەکان بە ئیجابی باسی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس دەکەن، بەڵام
بەڵگەکان ئەوەدەردەخەن کە ئەمەریکیەکان مەبەستیان لەکوشتنی ئەو سەرکردەیەی حەشدی
شەعبی نەبوە، بەڵام لەکاتی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، ئەویش پێکراوە.
لە
رابردوشدا واشنتۆن هێزەکانی ئەبومەهدی موهەندیسی خستبوە لیستی رێکخراوە
تیرۆریستیەکان، هەربۆیە لەساڵی (2009)ەوە ئامانجێکی سەرەکی ئەمەریکا بوە، جگە
لەوەش بە تۆمەتی تەقاندنەوەى باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کوەیت لە ساڵی (1983)،
لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە شێوەیەکی غیابی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.