کوردستان 05:09 - 28/01/2020

تاقیگەکانی سویسرا: تورکیا بۆمبی فۆسفۆڕی سپی لە رۆژئاوا بەکارهێناوە

+ -

(سبەی):
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پشتبەستن بە ئەنجامی تاقیگەیەکی سویسری ئاشكرایکرد، ئەنقەرە بۆمبی فۆسفۆڕی لە سوریا بەکارهێناوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی شیکارییەکی تاقیگەیەکی سویسرای لە پاریس ئاشکرا کرد، کە پشتڕاستی دەکاتەوە سوپای تورکیا بۆمبی فۆسفۆڕی سپی لە هێرشی باکوری سوریا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو بەکارهێناوە.

تاقیگەی ویسلینگی سویسری بڕێکی زۆر مادەی فسفۆڕی سپی لەو سامپڵانەندا ئاشكرا کردوە، کە لە پێستی شەڕڤان و بریندارەکان وەریگرتبو.

بەپێی ئەو راپۆرتەی کە تاقیگەکە بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردوەتەوە، جۆری برینداری قوربانیەکانی بە سوتانی کیمیایی وەسف کردوە، کە بەشێکی زۆر مادەی فۆسفۆڕی سپی تێدا بەکارهێنراوە.

بە وتەی عەباس مەنسوران، کە چارەسەری قوربانییەکانی هێرشەکانی تورکیای کردوە، بەشێک لە سوتاوی برینەکان نائاسایی بووە کە بە چەکی ئاسایی ئەوە رونادات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا لە پاریس، نوری مەحمود، وتەبێژی یەپەگە و خالید عیسا نوێنەری پەیەدە رایانگەیاند، زۆربەی قوربانییەکان هاوڵاتی مەدەنین، هەروەها شوێنەواری کیمیایی بەسەر جەستەیانەوە دۆزراوەتەوە.