کوردستان 07:50 - 24/02/2020

"هیچ حاڵەتێکى توش بون بە کۆرۆنا لەناو ئەوکەسانەدا تۆمارنەکراوە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە"

+ -

(سبه‌ی):
قائیمقامى قەزاى سۆران ئاشكرایده‌كات کە هیچ حاڵەتێکى توش بون بەڤایرۆسى کۆرۆنا لەناو ئەوکەسانەدا تۆمارنەکراوە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە و داواش دەکات "ماچ و باوەشى خۆشەویستى و دۆستانە هەڵپەسێرن".

کرمانج عیزەت، قائیمقامى قەزاى سۆران لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردەوە، ڤایرۆسى کۆرۆنا لەناو ئەو کەسانە تۆمارنەکراوە کە لە هۆتێلەکان لەژێر چاودێرى پزیشکیدان، هاوکات دڵنیاییش دەداتە ئەو کەسانەى کە لەژێر چاودێرى پزیشکیدان، دەوامى فەرمانگەکانیان بە مۆڵەت بۆ هەژماردەکرێت و غیاب نادرێن.

وتیشی:"تیمەکانى تەندروستى و هێزە ئەمینەکانى سۆران لەئەرکى بەردەوامى خۆیاندان".

قائیمقامى سۆران ئاماژه‌ی بەوەشکرد، هۆشیارى هاوڵاتیان گرنگترین هۆکارى خۆپاراستنە لە ڤایرۆسەكه‌، بۆیە داوا له‌ دوكانداران و چێشتخانە و کافتریاکان دەکەین مەرجەکانى تەندروستى جێبەجێبکەن و هاوڵاتیانیش بایەخ بە پاک و خاوێنى بدەن.

هه‌روه‌ك داواشیكردوه‌ کە سەردانى نەخۆشخانە نەکەن و لەرێگەى تەلەفۆنەوە لە تەندروستی نه‌خۆش بپرسن، خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەکان بپارێزن و تەوقەکردن کەم بکەنەوە و "ماچ و باوەشى خۆشەویستى و دۆستانەش هەڵپەسێرن".