(سبەی):
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دڵنیایی دەداتە
هاوڵاتیان کە هیچ حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار
نەکراوە، دەشڵێت: ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە دەنگۆی ناڕاستە.
دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی
سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (سبەی) راگەیاند؛ تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بە
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و دەڵێت: ئەوەی
لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە تائێستا هەموی دەنگۆی ناڕاستن، چونکە دەرکەوتنی هەر
حاڵەتێک لە ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەکەوێت کە ئەو پشکنینە لە بەغدا و لەژێر
سەرپەرشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەنجام
دەدرێت، بۆیە ئەگەر حاڵەتێک هەبێت راستەوخۆ ئەوان بڵاوی دەکەنەوە هاوشێوەی ئەوەی
ئەمڕۆی شاری نەجەف.
وتیشی:" هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەوەی باس لە
بونی حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن تەنها دەنگۆی ناڕاستە، بەڵام تیمە
تەندروستی و پزیشکییەکان هەر حاڵەتێک کە نیشانەکانی ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسەکەی تێدا
بێت، پشکنینی بۆ دەکەن و دەیخەنە ژێر چاودێرییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە پێویستە لەلایەنی
تەندروستییەوە هەمو رێکارەکان گیراونەتەبەر و هەر کەسێکیش گومانی لەسەر بێت، شوێنی
تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رونیشیکردەوە
کە هەر هاوڵاتییەک لەئێران و وڵاتانی دیکە دەگەڕێنەوە، دەخرێنە ژێر چاودێری لە
شوێنی دیاریکراودا.
سەبارەت چۆنیەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە، دکتۆر هێرش لە
لێدوانەکەدا بۆ (سبەی) وتی:"خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە زیاتر پەیوەستە خودی هاوڵاتیانەوە
کە دەبێت رۆژانە چەند جارێک دەستیان بشۆن و ئاگاداری پاکوخاوێنی خواردن و
مامەڵەکردن بن لەگەڵ دەوروبەر و هۆشیاری تەندروستیان بەرز بێت، وە پێویستە لەم
ماوەیەدا هاوڵاتیان خۆیان بەدور بگرن لە بەریکەکەوتن و چونە شوێنە قەرەباڵغەکان و
کافتریا و بۆنەکان".