راپۆرت 09:17 - 14/03/2020

کوردستان روبەروى کۆرۆنا دەبێتەوە

+ -

(سبەى):
لەگەڵ زیاتربونى مەترسیەکانى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناى ناسراو بە (کۆڤید 19) و راگەیاندنى پەتاکە وەک پەتایەکى جیهانى، وڵاتانى دنیا رێوشوێنى توندیان گرتوەتەبەر و هەر وڵاتێک ماڵى خۆى قایم دەکات و دەرگاکانى تا ئەوپەڕى توانا بە روى وڵاتانى دیکەدا دادەخات.

زۆرینەى کۆمپانیاکان شێوەى کارکردنى خۆیان گۆڕى و کارمەندانیان ناردە ماڵەوە تا لە وێوە بە شێوەى ئۆنلاین کارەکانیان بکەن و پارێزراو بن لە توش بون یان گواستنەوەى ڤایرۆسەکە.

ئێستا لەجیهاندا ژمارەى توشبوان بە ڤایرۆسەکە بەرەو (150) هەزار دەڕوات، هەرچەندە ژمارەى گیانلەدەستدان گەشتوەتە (5000)، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەى چاکبوەوان زیاترە، بەڵام کێشەى وڵاتان زیاتر لەگەڵ ئەو حاڵەتانەیە کەهێشتا پشکنینیان بۆ نەکراوە و دەرنەکەوتون و کەرەنتینەش نەکراون، مەترسی ئەو حاڵەتە نەناسراوانە ئەوەیە بێ ئەوەى بەخۆیان بزانن ڤایرۆسەکە بڵاودەکەنەوە.

(مانەوە لەماڵەوە) تاکە چارەسەر
لەگەڵ هەوڵە زانستیەکان بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینى ئەنتى کۆرۆناى نوێ، بەڵام تائێستا زانایان نەگەیشتونەتە ڤاکسینى دژە کۆرۆنا بۆیە لە ئێستادا (مانەوە لەماڵەوە) تاکە چارەسەرێکە کە لەسەرانسەرى دنیادا پەیڕەوى لێدەکرێت.

رێنمایی "مانەوە لەماڵەوە" ئێستا بوە بە ئامۆژگاری و رێنمایی هەمو وڵاتان بۆ هاوڵاتیەکانیان، لە زۆر وڵات بارى نائاسایی و قەدەغەکردنى هاتوچۆ راگەیەنراوە و لە زۆرشوێن شکاندنى ئەو یاسایە و هاتنە دەرەوە لەماڵەوە سزاى یاسایی لەسەرە، لە ئێستاشدا لە تەواوى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان قەدەغەى هاتوچۆى تێدا چوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەگەر حاڵەتەکە خواستى ئەوا درێژکردنەوەى وادەى قەدەغە ئەگەرێکى کراوەیە.


تواناى دەوڵەتان بۆ روبەروبونەوە
لەبەر ئەوەى ڤایرۆسەکە نوێیە بۆیە هەمو وڵاتان ناتوانن بەئاسانى چارەسەرى توش بوان بکەن، ئەمەش واى کردوە ژمارە و رێژەى مردن لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر بگۆڕیت.

ئەگەر ڤایرۆسەکە بکوژیش نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسی توشبو بەخێرایی چارەسەرى پێویست وەرنەگرێت ئەوا ئەگەرى مردنى هەیە ئەوە جگە لەو مەترسى توشکردنى کەسانى تر بەتایبەت نزیکەکانى، لەو وڵاتانەش کە ئاستى داهات و تواناى تەندروستیان سنوردارە، تاکە رێگە بۆ روبەرو بونەوە، پاراستنى هاوڵاتیانە لە توش بون بە ڤایرۆسەکە، بۆیە تاکە لایەنى پەیوەندیدار لە جیهاندا ئەمڕۆ کە سەرقاڵى روبەروبونەوەى کۆرۆنایە، تەنها وەزارەتى تەندروستى نیە، بەڵکو وەزارەتى ناوخۆ و ئیدارە خۆجێییەکان رۆڵى سەرەکیان هەیە لە روبەروبونەوەى پەتاکە، لە هەرێمى کوردستانیش بەهەمان شێوە هەماهەنگیەکى باش لە نێوان کۆى سەنتەرەکاندا هەیە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، دەڵێت: "خۆشبەختانە لە هەرێمى کوردستان هەماهەنگى تەواو هەیە لەنێوان کۆى لایەن و سێکتەرەکان بۆ روبەڕوبونەوەى پەتاکە"، قائیمقامى سلێمانیش سوپاسى خەڵکى کرد کە پابەندن بە قەدەغەى هاتوچۆ.

هەرێمى کوردستان ئاستى روبەروبونەوە بەرز دەکاتەوە
لە دوێنی هەینى (13/3)، لە هەرێمى کوردستان، ئاستى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بەرەوسەر هەڵکشا، ئەمەش لە پێناو خۆپارێزى و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە، بەرپرسانى تەندروستى هەرێم چەندین جارهۆشداریان داوە، ئەگەر ڤایرۆسەکە بڵاوبێتەوە ئەوا تواناى هەرێمى کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنى سنوردارە، هەر بۆیە داوا لە هاوڵاتیان کراوە هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە، ئەوەش بە پابەندبون بە ڕینماییەکانەوە، کە گرنگترینیان مانەوەیە لەماڵەوە لە ئێستادا و هەر لەو پێناوەشدایە کە پشوى دامەزراوەکان راگەیەندراوە.

ئێستا لەگەڵ قەدەغەکردنى هاتوچۆ لەنێوان شارەکان و هاتوچۆى ناوشارەکان، چەندین رێوشوێنیش گیراوەتەبەر بۆ دروستنەبونى قەیران و کێشەى دەستکەوتنى خواردەمەنى و پێداویستى بۆ هاوڵاتیان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى دەڵێت: "چەندین رێگا چارەمان ئامادە کردوە بۆگەیاندنى خواردن و پێداویستى بۆ ناو ماڵەکان، لە ئەگەرى بارودۆخى قەدەغەى هاتوچۆ درێژەى کێشا، بەپێى وتەى پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسانى تریش ئەگەرى ئەوە لە ئارادایە قەدەغەى هاتوچۆ درێژە بکێشێ و زۆرینەى هاوڵاتیانیش خۆشحاڵن بە بڕیارە خۆپارێزیەکانى لایەنە ئیداریەکان و دەڵێن "پابەند دەبین، خۆپارێزى باشترە لەچارەسەر کردن".

لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند: "رێگە بە گرانکردنى شتومەک نادەین و هەر بازرگانێک شتومەک گران بکات روبەڕوى لێپرسینەوەى توند دەبێت".

بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان بەهیچ شێوەیەک کێشەى خواردن و پێداویستى دروستنابێت بۆیە باهاوڵاتیان نەترسن و تەنها بیر لە خۆپراستن لە نەخۆشیەکە بکەنەوە، بۆ پاراستنى خۆیان و ماڵ و منداڵیان، لەو چوارچێوەیەشدا کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆدواى کۆبونەوەى لەگەڵ ژورە بازرگانییەکان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دڵنیایى دا لەوەى تا چوار مانگى دیکە خۆراک و پێداویستى لە کۆگاکاندا هەن و هاوردەکردنى شمەکیش بەردەوامە بۆیە پێویست بە شڵەژان ناکات.

وتیشى:"لە ئەگەرى درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتوچۆدا، میکانیزمێک دەدۆزینەوە بۆ گەیاندنى شمەک بە هاوڵاتیان لەرێەى گەڕانى ئۆتۆمبێل بە کۆڵانەکاندا".

هاوکات جەختى کردەوە لەوەى کە بازرگانان هاوکارى حکومەت و خەڵکن لەم دۆخەدا و وتیشى:"هەر بازرگان و فرشیارێک وەزعەکە بقۆزێتەوە بۆ قۆرخکارى و گرانکردنى نرخ بە توندترین شێوە سزا دەدرێت".

لەماڵ بمێنەرەوە و هەواڵى دڵخۆشکەر ببیستە
لە ئێستادا لە هەمو دنیادا داواى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە خەڵک تەنها پەبەندبن بە خۆپارێزى و جێیەجێکردنى رینماییەکان و تێکەڵاوى دروستنەکەن و لەماڵەکانى خۆیان بمیننەوە، هەواڵە دڵخۆشکەرەکانیش باس لە نزیکبونەوەى زانایان دەکەن لە دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا.
چین کە سەرچاوەى یەکەمى ڤایرۆسەکە بو بەرەوپێشچونى باشى ئەنجامداوە لە روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسەکە و لە کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى نزیک دەبێتەوە، زانایان لە ئەمەریکا و زۆرشوێنى دیکەش لە پێشبڕکێدان بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە (کۆڤید19).