لە میدیاکانەوە 08:26 - 15/04/2020 Cpj

(Cpj) راپۆرتێک لەبارەى هەڕەشەکردن لە پەیامنێرێکى (سبەى) بڵاودەکاتەوە

+ -

(سبەى):
كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان (Cpj) راپۆرتێک لەبارەى پەیامنێرێکى (سبەى) بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا رۆژنامەنوسانی هەرێمی كودستان روبەڕوی هەڕەشەی كەسانی نەناسراو دەبنەوە.

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان Cpj)) رێکخراوێکى ناحکومیە و ئامانجى پارێزگارییە لە ئازادى رۆژنامەگەرى و بەرگرى لە مافەکانى رۆژنامەنوسان و بارەگاکەى لە نیویۆرکە، ئەمڕۆ چوارشەممە (14/4/2020) راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى رۆژنامەوانى لە هەرێمى کوردستان و بە دیاریکراوى پەیامنێرێکى سایتى (سبەى) بڵاوکردوەتەوە کە لەلایەن کەسانى نەناسراوە و لەسەر بابەتى رۆژنامەوانى و دەربڕینى بیر و را روبەڕوى بوەتەوە.

کۆمیتەکە ئاماژەى بەوەکردوە کە؛ لە (19)ی ئازاری ئەمساڵەوە چەند كەسانێكی نەناسراو هەڕەشەیان لە ئامانج وەرتێ رۆژنامەنوسی كوردی عێراق كردوە كە پێشتر كاری كردوە بۆ تەلەفزیۆنی (KNN) و ئێستاش كار بۆ سایتی (سبەی) دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژێک پێشتر بابەتێكی بڵاوکردەوە دەربارەی پلانە بەرنامە بۆداڕێژراوەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان.

هەروەک ئەوەى خستوەتەڕو کە ئامانج وەرتێ پەیامنێرى (سبەى) لە ژمارەیەكی نەناسراوەوە پەیوەندیی تەلەفونی بۆ پێوەکراوە کە تێیدا "پیاوێك كە بەشێوەزاری بادینی قسە دەكات و پێی دەڵێت؛ كە لە رابردودا ئاگادار كراویتەتەوە و ئێستا كات بەدەستەوە نەماوە"، لەو كاتەوە چەندین هەڕەشەی تر كراوەتە سەر خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی وەرتێ و پێی وتراوە واز لە كاری رۆژنامەوانی بێنە یان ناوچەكە جێبهێڵە".

لاى خۆیەوە ئامانج وەرتێ بە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە: "پاش ئەو هەڕەشانە هەستم كرد كە هیچ بژاردەیەكم لەبەردەمدا نیە جگە لەوەی بەرپرسانی رۆژنامەوانی سەرو خۆم ئاگادار بكەمەوە و داواین لێ بكەم بابەتەكە بسڕنەوە، دواتر بەهەمان شێوە لە ئەكاونتی فەیسبوكی خۆشم سڕیمەوە."

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان Cpj)) ئەوەشى بیر هێناوەتەوە کە پێشتر و لە نۆڤەمبەری (2019)، وەرتێ- لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا و ماوەی (24) بەدەستبەسەركراوی هێڵدرایەوە، ئەوەش بەهۆی روماڵی بۆردومانەكانی توركیا و کارە رۆژنامەوانیەکانى لە ناوچەكە کە بۆ تەلەفزیۆنی (KNN) و سایتی (سبەی) ئەنجامى دابو.

ئامانج وەرتێ باسى لەوە کردوە کە هێزە ئەمنییەكان زۆریان لێكردوە نامەیەك ئیمزا بكات و بەڵێن بدات كە جارێكی تر راپۆرت و روماڵى رۆژنامەوانی لە ناوچەكە نەكات ئەمەش وەك مەرجێك لە بەرامبەر ئازاكردنیدا.

لاى خۆیەوە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم بە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە كە ئامانج وەرتێ هیچ سكاڵایەكی تۆمار نەكردوە لەبارەی هەڕەشەكانی كە ئاڕاستەی كراون، رونیشیكردەوە كە لەدوای كۆتاییهاتنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، زانیاری زیاتر بەردەست دەبێت.

بەڵام رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافەكانی رۆژنامەنوسان لە رێگەی ئیمەیلەوە بە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە؛ ئەو رۆژنامەنوسانەی روماڵى بابەتەكانی وەك ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەكەن لە سۆران، بە زۆری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە روبەڕوی گێچەڵ دەبنەوە یان دەستگیر دەكرێن.

دەقى راپۆرتەکەى (Cpj)

ئامادەکردنی: فەلاح حەسەن