لە میدیاکانەوە 08:07 - 23/04/2020 یەشار یاکش

تورکیا لە سنوردارکردنى کۆرۆنادا شکست دەهێنێت

+ -


پەتاى کۆرۆنا بوە بە پێوەرێکى هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە بۆ حکومەتەکان، بەشێوەیەک هەر حکومەتێک هەندێک رێوشوێنی گرتوەتە بەر کە بتوانێت شانازى پێوەبکات لە جەنگەکەى لەگەڵ ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەهەمانکاتدا هەموان هەڵەشیان هەیە و هیچ کەس ئایدیاڵ نیە و کەسیش پارێزبەند نیە لە هەڵە.
 ژمارەى بەرز و نزمى مردن و حاڵەتەکانى توشبون بە کۆرۆنا ناکرێت وەک پێوەرێکى گونجاو بۆ هەڵسەنگاندنى رۆڵى حکومەت دیارى بکرێت، ئامارەکان گرنگن بۆ تێگەیشتنمان لە دۆخى کۆرۆنا، بەڵام ئەم ئامارانە دەتوانن گریمانەیەک بسەلمێنن لەهەمانکاتدا دەتوانن پێچەوانەکەشى بسەلمێنن، چونکە خێرایى بڵاوبونەوە و ئاڕاستەى ڤایرۆسەکە و ژمارەى توشبوان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر دەگۆڕێت.

بۆیە بەچاوپۆشى لە ئامارەکان، دو پێوەرى دیکەى گرنگ هەن بۆ هەڵسەنگاندنى ئەداى حکومەت، یەکێکیان ئەو رێوشوێنانەیە کە حکومەتەکان بۆ رێگرى لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە گرتویانەتە بەر، وەک کەرەنتینە و قەدەغەى هاتوچۆ، تورکیا لەو دەوڵەتانەبو کە لە گرتنەبەرى ئەم رێوشوێنانەدا خاو بو، خراپیش مامەڵەى کرد، راگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ تەنها بە دو سەعات بەر لە جێبەجیکردنى، دۆخێکى خراپى لەناو بازارو مارکێتەکانى تورکیادا دروستکرد، ئەمەش بوەهۆى دەستلەکار کێشانەوەى وەزیرى ناوخۆ، ئەگەر چى رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستلەکارکیشانەوەکەى پەسەند نەکرد.

بەپێچەوانەى ئەمەوە هەندێ دەوڵەتى دیکە کە رێوشوێنى بەپەلە و باشیان گرتە بەر سەرکەوتو بون لە بڵاونەبونەوەى پەتاکە لەسەرەتاوە، تایوان و کۆریاى باشور و ئەڵمانیا بە سەرکەوتوترین دادەنرێن لەم روەوە.

پێوەرى دوەم ژمارەى پشکنینە پزیشکیەکانە، کە بیرۆکەیەکمان پێدەبەخشێت لەبارەى قەبارەى پەتاکە، ئەگەر هات و پشکێنراوان پۆزەتیڤ بون ئەوا دەکرێت چارەسەر بکرێن و جیابکرێنەوە و بەم شێوەیەش ڤایرۆسەکە بۆ کەسانى تر ناگوازنەوە .

لەبەرئەوەش کە دیارىکردنى بازنەى ئەو کەسانەى دەتەوێت پشکنینیان بۆ بکەیت ئاسان نیە بۆیە ئەوەى بەدەست تۆوەیە راهێنانى تیمە پزیشکیەکانە بۆ ئەوەى بتوانن زۆرترین پشکنین لە رۆژێکدا بکەن، بەم شێوەیە دەتوانیت سەدان هەزار پشکنین بکەیت ئەگەر تیمى پزیشکى باشت هەبێت، بەمەش دەوڵەت دەتوانێت رێگە لە مردنى دەیان هەزار کەس لەهاوڵاتیانى بگرێت، ئەمەش بەواتاى پێشبڕکێ لەگەڵ کات دێت.

لەم بوارەدا تورکیا هەوڵێکى زۆرى خستە گەڕ بۆ ئەنجامدانى زۆرترین پشکنین، بەڵام تا کاتى ئامادەکردنى ئەم نوسینە کۆى ژمارەى تێستەکان لە تورکیا دەگاتە (599) هەزار، بەڵام لە وڵاتێکى وەک ئەڵمانیا گەیشتوەتە (728) هەزار، لەکاتێکدا ژمارەى دانیشتوانى ئەڵمانیا و تورکیا تارادەیەک هەمان ژمارەیە.

لە روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا بە حاڵەتێک تایبەت دادەنرێت، پاشان ئیسپانیا و ئیتاڵیاش ریزبەندیەکیان هەیەو دواى ئەوانیش بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ریزبەندیەکى تریان هەیە، لەروى داتاوە تورکیا دەکەوێتە نێوان ئەو ریزبەندیەى کۆتایی و وڵاتانى دیکەى جیهان .

بەڵام شکستى تورکیا لەمەسەلەى کۆرۆنادا لەشوێنێکى ترەوەیە کە پەیوەندى نیە بە لایەنە پزیشکیەکەوە، بەڵکو پەیوەندى هەیە بەو رێوشوێنە کۆمەڵایەتیانەوە کە دەتوانێت رۆڵى هەبێت لە کەمکردنەوەى کاریگەریەکانى پەتاکە .

حکومەتى تورکیا کە ئەزمونى پێشترى هەیە بۆ دروستکردنى هەماهەنگى کۆمەڵایەتى، هەندێک رێوشوێنى لەمبارەوە گرتەبەر لەکاتى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا کە ناکرێت لەکاتێکى ئاوادا ئەو جۆرە سیاسەتە پەیڕەو بکرێت، بۆنمونە هەمو ئەو هەژمارە بانکیانەى داخست کەیەکێک لە شارەوانەیەکانى سەر بە ئۆپۆزسیۆن بۆ دەستگیرۆیی هەژاران و ئەوانەى لەم بارودۆخەدا کارەکانیان لەدەستداوە، کردبویەوە.

لەبەر ئەوەى لایەنى ئۆپۆزسیۆن زۆربەى شارەوانیە گرنگەکانى لە کاتى دوایەمین هەڵبژاردندا لە حکومەت بردەوە، وەک ئستانبوڵ و ئەنکەرەو ئیزمیر و ئەنتاڵیا و مرسین ... ، بۆیە وەک تۆڵە کردنەوەیەک لەو ئاکامانە ئێستا حکومەت دێت کارەکانى ئەم شارەوانیانە پەک دەخات، بەڵام سزادانى هەژاران و ئەوانەى پێویستیان بەهاوکاریە لەم شارانە، دواهەمین شت بو کە دەکرا مرۆڤ بیربکاتەوە حکومەت دەستى بۆ بەرێت کەچى، ئەو ئەوەى کرد، ئەویش لەسەر وەختێکدا  کە هەمو هەولێکى مرۆیی و چاکە کارى ، پێویست و رێز لێگیراوە .

خراپەکارى دەسەڵاتدارانى حکومەتى تورکیا تەنها لەم ئاستەدا نەوەستا، بەڵکو شارەوانى ئیسکى شار (شارێکى گەورەى دیکەیە کە ئۆپۆزسیۆن تێدا باڵادەستە) خواردنى بەسەر هەژاران و قوتابیاندا دابەشدەکرد، حکومەت ئەمەشى قەدەغە کرد.

دواجار لەهەڵبژاردنەکانى داهاتوى ساڵى (2023) ئەوە روندەبێتەوە، ئایا حکومەتى تورکیا ئەوەى دەیەوێت بەدەستى بێنێت لەرێگەى ئەم کردارانەوە،  بەدەستى دێنێت، یاخود نا؟

وەرگێڕانى: سبەى
سەرچاوە:
سایتى أحوال ترکیە