(سبەی):
پسپۆرانی بواری وزه
پێیانوایه سهرچاوه جیاوازهكانی ئێستای وزه وهك نهوت و خهڵوز و غاز گرنگیان
له هاوكێشهی دروستكردنی وزه له جیهاندا كهم دهبێتهوهو رۆڵیان دهكهوێته
پهراوێزهوه لهبهرامبهردا سهرچاوهی وزهی دیكه دروست دهبێت.
بۆ نمونە لە پێشبینیەکانی بۆ ساڵى (2019) ئاژانسی وەزەى
نێودەوڵەتى رایگەیاندبو: لە ساڵى (2040) سەرچاوەکانى وزەى نوێ جێگەى نەوت وەک
سەرچاوەیەکى وزە لەجیهاندا دەگرنەوە و سەرچاوەیەکى وەک خەڵوز لەسەر زەوى بونى
نامێنێت.
بەڵام بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنای نوێ لەوانەیە پێویست
بەوە نەکات (20) ساڵى دیکە چاوەڕێ بکەین تا ئەمە روبدات، چونکە راستیەکە ئەوەیە کە
ئەو پێشبینیانە ئێستا رودەدەن، بۆیە لەگەڵ هەمو هەواڵە ناخۆشەکانى کۆرۆنا، بەڵام
کاتێک بابەتەکە دێتە سەر وزە ئەوا ئەوەى چاوەڕێی دەکرا پاش چەند دەیەیەک روبدات
وەک پێشبینیەکەى ئاژانسی وزەى جیهانى، ئیستا دەستى پێکردوە و لە چەند ساڵى
داهاتودا بە چاوى خۆمان دەیبیین، چونکە ئەوەى رونە ئێستا ئەوەیە کە بڵاوبونەوەى
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریى گەورەى هەیە لەسەر دوبارە داڕشتنەوەى هاوکێشەى وزەى
جیهانى.
کاریگەر بونى بەرهەمهێنانى وزە بەشێوەیەکى گشتى بە پەتاى کۆرۆنا
شتێکى سەیر نییە، چونکە لەگەڵ داخستنى کارگەکان و نوسینگەکان و جموجوڵە بازرگانییەکان
و مانەوەى خەڵک لە ماڵەوە و کەمبونەوەى جوڵە و چالاکى، ئەوا شتێکى سروشتییە کە
بەکارهێنانى وزەش کەم دەکات.
لەنێوان ئەو چالاکیانەش کە بەشێوەیەکى گەورە کاریگەر بوە بە
پەتاى کۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەکان و هاتوچۆ بە ئۆتۆمبێل بو، ئەمەش بەشێکن لەو
چالاکییانەى کە بڕێکى باش لە پترۆڵى پێویستە، بۆنمونە گەشتکردن بە فڕۆکە لە
ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا بە ریژەى (95%) کەمیکردوە بەڵام لەهەمانکاتدا بەکارهێنانى بڕى کارەبا
لەکارکردنى تاکەکەسى لە ماڵەوە یان دور لەشوێنى کار یان بۆ مەبەستى فێربون لە
دورەوە یان گفتوگۆى دوراو درو – لەرێگەى ئینتەرنێتەوە- زیادیکردوە.
بۆ نمونە لە ئیتاڵیا کۆمپانیاى مایکرۆسۆفت ئاماژەى کردوە ئەو چالاکییە کەسیانەى پویستى بە وزەى
کارەبا هەیە وەک کارکردن بە گروپچات بەرێژەى (775%) زیادیکردوە.
هەرچەندە ئەم پیشهاتانە دەکرێ وەک حاڵەتێکى لەناکاو و کاتیی
بەهۆى کۆرۆناوە تەماشا بکرێت کە پاشتر نەمێنێت و کارەکان بچنەوە سەر شێوەى جارانیان،
بەڵام لەئێستادا زۆربەى خاوەنکارەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن ئەمجۆرە کارکردنانە
بۆ ماوەیەکى درێژ بەردەوامى پێبدەن، لانى کەم لە سێ چوار مانگى داهاتو هەر بەمشێوەیە
بمێنێتەوە، لەوانەشە لەمەودوا بۆ هەتا هەتایە بەشێک لەم شێوازى کارکردنانە پەیڕەوى
لێبکرێت.
بۆ نمونە ئێستا بەشێک لە ئێمە راهاتوە کە کارەکانى لەماڵەوە راپەڕێنێت،
بۆیە مەرج نییە لەگەڵ داکشانى کۆرۆنا ئەو شێوە کارکردنەش بە خێرایی کۆتایی پێبێت و
بگەڕێینەوە سەر شێوە کارکردنەکەى جاران، بەڵکو لەوانەیە کارکردن لەماڵەوە ببێتە
نەریت لەبرى ئەوەى هەریەک لە ئێمە مەودایەکى دور ببڕێت تا دەگاتە شوێنى کارەکەى.
بۆیە بە چاوپۆشى لەوەى ئەو پەتایە چۆن سەریهەڵدا و چۆن
بڵاودەبێتەوە و چۆن کۆتایی دێت ئەوا دەشێت جیهان ئیدى دیدگایەکى نوێى هەبێت بۆ
شێوەى ژیان لە پێش و پاش کۆرۆنا. هەروەها
دەشێت بەکارهێنانى وزە یەکێک بێت لەو بوارانەى کە بەتەواوى بەم دۆخە نوێیە کاریگەر
بێت.
هەرچەندە هێشتا لەوانەیە زو بێت کە بەتەواوى و بەوردى بزانین
وزە لە پاش کۆرۆنا بەرەو کوێ دەچێت و چى لێ بەسەردێت، بەڵام ئەوە رونە کە بۆ
لەمەودوا بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن بەکارهێنانى وزە نەبێتە هۆى پیسبونى زیاترى
ژینگە و دروستبونى کارەسات، ئەوەش کە بڕیار بو پاش چەند دەیەیەک روبدات زوتر رودەدات تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابى مایەپوچ
بونى چەندین حکومەت و دروستبونى بێکاریى درێژخایەن بێت بۆ ملیۆنەها کەس.
نەوت لە قەیراندایە
لەگەڵ نزیکبونەوەى ساڵی (2019) لە کۆتاییەکەى، زۆربەى شیکەرەوان
وایان دانا کە نەوت هێشتاش هەر زاڵ دەبێت بەسەر جیهاندا، لە پێشبینەکانى (2019)ی
وەزارەتى وزەى ئەمەریکى پێشبینى کرد بەکارهێنانى پترۆڵ لە ساڵی (2020) بگاتە (102.2)
ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها پێشبینى کرد تا ساڵى (2025) داخوازى جیهانى بۆ
نەوت و پێکهاتەکانى لەبەرزبونەوەدا دەبێت تا دەگاتە (104) ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
و تا (2030)یش ئەم داخوازیە لەسەر نەوت زیاتر و زیاتر ببێت.
ئەوەى وایکرد ئەم شیکەرەوانە ئەو پێشبینیانە بکەن ئەو زیادبونە
بو لە خاوەندارێتى ئۆتۆمبێل لە چین و هیند و وڵاتانى تازە گەشەکردو هەروەها
هاتوچۆکردن بۆ ماوەیەکى دورو درێژتر لەبەر ناچار بونى خەڵک بۆ نیشتەجێبون لە دورى
شوێنى کار بەهۆى زۆرى کرێى شوێنى نیشتە جێبون لە نزیک و لە سەنتەرى شارەکان، ئەمەش
وادەکات هاتوچۆ بە ئۆتۆمبێل و فڕۆکە زۆربێت بەتایبەت لە وڵاتانى ئاسیا.
پێشبینى ئەو شیکەرەوانە بۆ زۆرى بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل و فڕۆکە
لە وڵاتانى ئاسیا وایکرد وادابنێن ئەم حاڵەتە لە گرنگى هەر جۆرە گریمانەیەک کەم
دەکاتەوە بۆ دابەزین لە بەکارهێنانى پترۆڵ لە وڵاتانى ئەوروپا بەهۆى بەرەوپێشچونى
دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی.
بۆ نمونە تێڕوانینى کۆمپانیایەکى گەورەى نەوتى بەریتانی وەک (بی.بی)
بۆ ساڵى (2019) ئەوەبو هەمو داخوازیەکان بۆ بەکارهێنانى زیاترى پەترۆڵ لە ئابورییە
تازە گەشەسەندوەکانەوە دێت.
تەنانەت لە سەرەتاکانى
بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و چەند وڵاتێکى دیکە، شیکەرەوەکانى بوارى وزە
پێیانوابو گۆڕانکاریەکى کەم –نەک زۆر- لە پێشبینیەکانیان بۆ زۆربونى خواست لە سەر
پەترۆڵ دروست دەبێت و تەنانەت لەو کاتانەدا ئاژانسی وزەى نێودەوڵەتى پێى وابو
بەهاتنى ساڵى (2020) بەکارهێنانى رۆژانەى جیهان بۆ پەترۆڵ یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر
دەبێت لە ساڵانى پێشو.
بەڵام لەئێستادا ئەو ئاژانسە دەستى کردوە بە گۆڕینى قسەو
بۆچونەکانى و لەنوێترین راپۆرتیدا ئاژانسەکە پێیوایە بەکارهێنانى نەوت لەمانگى
ئەپرێڵ بەشێوەیەکى قورس دادەبەزێت و (29) ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەم دەکات بەراورد
بە هەمان مانگ لەساڵى رابردودا (2019).
لە هەمو جیهان بەکارهێنانى پەترۆڵ کەمیکرد،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شیکەرەوانى ئاژانسی وزەى جیهانى پێانوابو ئەمە حاڵەتێکى
تێپەڕە و چالاکی ئابوریى بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە لە نیوەى دوەمى ئەمساڵ،
بەکارهێنانەوەى نەوت دوبارە رو لە زیادبون دەکاتەوە وەک پێش کۆرۆنا.
بەڵام هەندێک ئاماژەى تر هەن نا واقیعێتى ئەم
پێشبینیە گەشبینانە دەردەخەن و دەیسەلمێنن ناتوانین پێشبینى ئەوە بکەین کە
بەکارهێنانى نەوت دەگاتەوە ساڵانى (2019)
و پێشتر.
ئابوریەکى جیهانیی تێکشکاو
بێگومان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئاستەکانى
بەکارهێنانى پەترۆڵ وەک ئەوکاتانەى پێش سەرهەڵدانى کۆرۆنا، بەتایبەت لە ئاسیا، ئەوا
ئەمە تاڕادەیەک دەبێتە هۆى گەڕاندنەوەى ئابورى بۆ شوێنى خۆى، بەڵام تا ئەم ساتە
هیچ ئاماژەیەک بۆ رودانى ئەمە لە ئارادا نییە.
لە راپۆرتێکى سندوقى دراوی نێودەوڵەتى بۆ پێشبینیەکانى سەبارەت
بە ئابورى جیهانى لە مانگى نیسان، ئەو سندوقە پێشبینى دەکات بەرهەمهێنانى ئابورى لە
ساڵى (2020) بەرێژەى (3%) رو لە دابەزین
دەکات و کاریگەریە ئابورییە خراپەکانى پەتاکە وەک بڵاوبونەوەى بێکارى و داخستنى
شوێنى کار لە (2021) و دواتریش بەردەوام دەبێت.
سندوقەکە پێیوایە کۆى زیانەکانى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی جیهان لە (2020)
و (2021) بەهۆى پەتاکەوە دەگاتە (9) ترلیۆن دۆلار.
راپۆرت و داتاکان ئەوە نیشان دەدەن ئەگەر پێمانوابێت چین و هیند و وڵاتانى دیکەى تازە گەشەسەندو بەم
زوانە دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانى پەترۆڵ و ئابورى جیهان رزگار دەکەن، بیرۆکەیەکى
دورە لە جێبەجێبونەوە.
هەرچەندە حکومەتەکان وردە وردە هەڵدەستن بە کردنەوەى کارگەکان و
هەندێک لە شوێنەکانى کار، بەڵام چاودێران پێیانوایە هەستانەوە و گەشەسەندنى گەورە
بەم زوانە رونادات.
دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین خاوبونەوەى ئابورى لە چین کاریگەریى
دەبێت لەسەر کۆى ئەو ئابوریە جیهانییەى پشت بە گەشتوگوزار و داهاتەکانى نەوت و
سامانە سروشتییەکانى دیکە دەبەستێت.
ئەمە جگە لەوەى رێژەى بێکارى لە ویلایەتە یەکگرتوەکان و چەندین
شوێنى تر بەرزدەبێتەوە، هەمو ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئاستى گەڕانەوە بۆ
بەکارهێنانى نەوت لە جیهاندا بۆ پێش کۆرۆنا زۆر نزم و لاواز دەبێت.
وەک دەشبینرێت وڵاتانى گەورەى بەرهەمهێنى نەوت خۆیان گەشتونەتە
ئەم باوەڕە، ئەوەتا دەبینیت دو وڵاتى گەورەى وەک سعودیە و روسیا بۆ خۆیان رێککەوتن
لەسەر کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت، وەک رێککەوتنە تایبەتەکەى (12)ى نیسان.
ئەمەش هەوڵێکى ناکام بو بۆ پارێزگاریى کردن لە نرخى نەوت کە (50%)
زیاترى بەهاکەى لەدەستداوە، چونکە ئەم
دابەزاندنە کە پێشتر وێنەى نەبوە، بۆى هەیە دابەزاندنى زیاتریش بەدواى خۆیدا
بهێنێت.
ئەنجامدانى کاروبارەکان بەشێوەیەکى جیاواز
دابەزینى ئاستى ئابوریى جیهان بێگومان کاتێکى زیاتر لەوە
دەخایەنێت کە ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى باسی دەکات و پێیوایە بەکارهێنانى نەوت ئێستا
بێت یان دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى جارانى، بەڵام ئەمە پێناچێت راست بێت، کاتێک
دەبینین پەتاکە بەردەوامە لە جێهێشتنى کاریگەرییەکانى لەسەر ئابورى جیهان و شێوەى
کارکردن و ژیان و گوزەرانى مرۆڤایەتى.
ئاژانسی وزە و بەرهەمهێنەرانى نەوت تێڕوانینێکى یەکگرتوانەیان
بۆ جیهان هەیە، واتە بۆنمونە جۆرى هەڵکشان
و گەشەى ئابورى لە ئاسیا دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى ئابورى لە بەشەکانى ترى جیهان.
بەم تێروانینە بێت، دەبینینەوە چۆن جارێکى تر هێڵەکانى گەیاندن
و گواستنەوە لە چین دەکەونەوە کار وەک پێشو، بەڵام ئەگەر چین بگەڕێتەوە بۆ ئەم
دۆخە یان نا، ئابوریەکەى هەستێتەوە یان نا، ئەوا هەرگیز مەرج نییە ئەم جۆرە
ئابوریە باوە لە دواى کۆرۆنا بەم شێوەیە
بمێنێتەوە.
بەشێوەیەکى پراکتیکى زۆربەى کۆمپانیا و حکومەتەکان دەستیان کردوە بە دوبارە داڕشتنەوەى هێڵەکانى بازرگانى
تایبەت بەخۆیان بۆ ئەوەى هەمو پشتبەستنێکیان تەنها لەسەر هاوردەکارانى پێشو نەبێت
ئەم رێوشوێنانەش پێدەچێت دواى کۆرۆناش بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
"هەمو وڵاتان دوبارە بیردەکەنەوە ئایا پشت بە وڵاتانە
ببەستنەوە کە پێشتر پشتیان پێ دەبەستن یان نا، پێم وانییە ئەمە کۆتایی
جیهانگەرانیی بێت، بەڵام گۆڕانکاریى لە شێوەى بیرکردنەوەمان دروست دەبێت، ئیدارەى
ترەمپ دوبارە بیر لە رێکخستنەوەى شتە گرنگەکان دەکاتەوە" ئەوەش بەوتەی ئیلیزابیس
ئیکونومی لە بەشى پەیوەندیەکانى وەزارەتى دەرەوەی ئەمەریکا.
وڵاتانى دیکەش ناچارن بەم شێوەیە بیر بکەنەوە، ئەوکاتە ئەمەش
دەبێتە هۆى دابەزینێکى گەورە لە بازرگانى کیشوەرەکان بەمشێوەیەش بازرگانیى ناوخۆیی
و هەرێمایەتى زیاد دەکات بۆ قەرەبوکردنەوەى ئەم پاشەکشەیە، ئەمەش کاریگەریى خراپى
دەبێت لەسەر داخوازى لەسەر نەوت، چونکە بازرگانى و گەشتى دور کەم دەبێتەوە.
سەبارەت بە وڵاتى چین و وڵاتانى دیکەى تازە گەشەسەندوى ئاسیا،
ئەمە دەبێتە هۆى خاوبونەوەى گەشەسەندنى ئابورى، کاریگەریى دەبێت لەسەر چینى
ناوەندى تازە پێگەیشتو کە یەکێکە لە چینەکانى بەکارهێنانى پەترۆڵ بە شێوەیەکى زۆرتر.
سەرچاوە نوێیەکانى وزە
ئاڕاستەیەکى دیکەى کارکردن هەیە کە پێدەچێت کۆرۆنا بیچەسپێنێت
ئەویش کارکردنە لە دورەوە لەلایەن کۆمپانیا و حکومەت و زانکۆ و دامودەزگاکانى
دیکەوە.
تەنانەت پێش کۆرۆناش
زۆرێک لە کۆمپانیا و رێکخراوەکان دەستیان کردبو بەکارکردن و بەستنى کۆنگرە و
کۆبونەوە لە دورەوە و لەماڵەکانەوە و کەمکردنەوە تێچوەکانى هاتوچۆ و سەفەر، یان
بۆ کەمکردنەوە لە پیسبونى ژینگەو
بڵاوبونەوەى گاز، جا لە جیهانە نوێیەکەشماندا -پاش کۆرۆنا- پێدەچێت پەیڕەوى کردن
لەم ستایلە زیاتر بێت.
"راپۆرتێکى نوێى پەیمانگاى بروکنگر باس لەوەدەکات"
کۆرۆنا و چەند هۆکارێکى تر، وایانکردوە بۆ برەودان بە ئەزمونى کارکردن لە دورەوە، نیوەى
کارکەرانى ئەمەریکا لە ئێستادا لەماڵەوە کاردەکەن، زۆرێک لەو کرێکارانە پێشتر رانەهاتبون
لەسەر ئەم جۆرە کارکردنەوە و بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى کارکردن لە دورەوە، بەڵام
سەرنجدرا لەگەڵ دەستپێکردن بەم شێوازە بە خێرایی ئەو کرێکارانە فێرى ئەم جۆرە کارکردنە
بون، هەروەها قوتابیانى زانکۆ و پەیمانگاکانیش کە پێشتر هەمویان نەیاندەتوانى بەم
شێوە بخوێنن، ئەوانیش بەخێرایی راهاتن، بۆیە بڵاوبونەوەى ئەم نەخۆشییە پشتبەستنى
بەم شێوازى کارکردنە خێراتر کردوە".
بێگومان درێژبونەوەى کاتى کارکردن لە دورەوە کاریگەریى دەبێت
لەسەر بەکارهێنانى جۆرى وزە، بەوشێوەیە کە خەڵک بەکارهێنانیان بۆ پەترۆڵ کەمتر
دەبێتەوە و بەکارهێنانیان بۆ وزەى کارەبا زیاد دەکات.
فاتیح بیرۆڵ، بەرێوبەرى جێبەجێکار لە ئاژانسى وزەى جیهانى دەڵێت
:"کۆرۆنا بیرى خستینەوە کە کارەبا لەهەر وەزەیەکى دیکە پێویستترە، بە
ملیۆنەها خەڵک ئێستا لەماڵەوە کارەکانیان رادەپەڕینن".
پشتبەستنى زیاتر بەکارەبا کاریگەرى دەبێت لەسەر سروشتى بەکارهێنانمان
بۆ وزەکانى دیکە، خەڵوز ئەو رۆڵەى جارانى لە دروستکردنى کارەبا نامێنێت و پشت بە
وزە نوێبوەوەکان دەبەسترێت، لەساڵى (2018) بەپێى راپۆرتى وزەى جیهانى (38%)ى وزەى
کارەبا لەرێگەى خەڵوزەوە بەرهەمدێت و (26%)یش لەرێگەى نەوت و غازى سروشتى و تەنها (26%)
لەرێگەى وزە نوێبوەکانەوە بەرهەمدێت و (10%)یش لە سەرچاوەى وزەى ئەتۆم بەرهەمدێت.
بەلام ئەمە وردە وردە بەهۆى هۆشیاربونەوەکان لە کێشەى پیسبونى
ژینگە گۆڕانى بەسەردا هات، لەگەڵئەوەشدا وزەى جیهانیى پێى وابو تەنها لە ساڵى (2030)
بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا پشت بە وزە نوێبوەکان دەبەسترێت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنى
کۆرۆنا ئەم بابەتە خێرایی بەخۆوە بینى بەشێوەیەک بەشە جیاجیاکانى وزە خۆى لەگەڵ
خاوبونەوەى ئابورى دەگونجێنێت و هەوڵ دەدات تێچوى خۆى لەسەرفکردنى وزە، کەم بکاتەوە.
لەگەڵ داخستنى کۆمەڵێک لە کۆمپانیا و کارگەکانیش وزەى کارەبا لە
ویلایەتە یەکگرتوەکان ئاستى بەکارهێنانى دابەزى، بەڵام ئەم دابەزینە کەمترە لە
ئاستى دابەزینى بەکارهێنانى پەترۆڵ، چونکە کارەبا ئاستى بەکارهێنانى لە ماڵەکاندا
زیاتربو.
لەم کاتەشدا کە بەشە جیاجیاکان لەگەڵ ئەم ژینگە نوێیەدا لە
خۆگونجاندن دایە، درک بەوەى وزەى با و وزەى خۆر تێچوەکەى کەمتردەبێت لەبەرامبەر
بەرزى نرخى غاز و خەڵوز، لێرەوە هەوڵدەدرێت وەبەرهێنانى زیاتر و خیراتر لە وزەى (با)
و (خۆر)دا بکرێت .
لەئیستادا زۆر ئاسان نییە
لە دیمەن و پێگەو گۆڕانکارییەکانى وزە لە چەند دەیەى داهاتودا بەتەواوى تێبگەین،
بەڵام وادیارە ئەم پەتایە گۆڕانکاریى زۆر
بەسەر کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتیدا دەسەپێنێت.
ئەم گۆڕانکاریانەش ئەگەرچى بۆ پیشەسازى بەرهەمهێنانى نەوت و
خەڵوز پشتشکێنبێت، بەڵام بۆ ژینگە بەسود دەبێت، بۆیە ئەگەرچى ڤایرۆسى کۆرۆنا
سروشتە شەرەنگێزەکەى خۆى نیشانداین، بەڵام دەریشکەوت لەگەڵ خۆیدا کەمێک لە هیواى
هەڵگرتوە.
نوسینی: مایكل
كلاری
وەرگێڕانی: سبەی
سەرچاوە:
رۆژنامەى ئەلعەرەب