ئێستا لە هەمو
شوێنێک باس باسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابورى و دەرونییەکانیەتى، زۆریى ئەو شیکردنەوە
و نوسینانەیە کە لەسەر ئەم پەتا جیهانیە دەخرێتەڕو حاڵەتێکى ترس و دڵەڕاوکێى
دروستکردوە، بەشێکى ئەم نوسینانە بۆ چۆنیەتى مامەڵەى دەوڵەتانە لەگەڵ ئەو پەتایە و
ئاشکراکردنى خاڵەکانى هێز و لاوازیى حکومەتەکانە.
گرنگترین شت لە
نوسین و هەواڵەکانى تایبەت بە کۆرۆنا، ئەو پرسیارەیە ئایا هەر دەوڵەتێک چۆن روبەڕوى ئەم
پەتایە بوەتەوە؟ لێرەوە کۆرۆنا زۆربەى دەوڵەتانى خستە بەردەم کۆمەڵێک حەقیقەت، ئایا
بڕیار و سیاسەتەکانى پێشتریان تاچەند دروست یان هەڵەبوە؟.
قسە دەربارەى ئەمە
درێژە دەکێشیت، بەڵام لێرەدا یەک نمونە دەخەینەڕو، ئەویش چۆنیەتى روبەڕوبونەوەى
پەتاکەیە لە تورکیا.
هیچ کەس بڕواى
نەدەکرد وڵاتێکى وەک تورکیا بەو هەمو دەوڵەمەندیەوە لە روبار و زەوى و کشتوکاڵى
فراوان، توشى هەڕەشەیەکى راستەقینە ببێتەوە، لە روى دابینکردنى خۆراکەوە!
ئەمە هەواڵێکى
شۆکهێنەرە، بەڵام کۆرۆنا ئەم راستیە شاراوەیەى بۆ ئاشکرا کردین، کە کەرتى کشتوکاڵى
تورکیا چەند ساڵێکە لە کێشەدایە، ئەمەش بەهۆى بڕیارەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆکى
وڵاتەوە بۆ هاوردەکردنى کەلوپولى خۆراکیى و مەڕو ماڵات لە دەرەوەى وڵات لەبرى پشتگیریکردنى
بەرهەمى ناوخۆیی.
ئێستاش لەبەرى
ئەوەى ئەو دەوڵەتانەى تورکیا کەلوپەلى خۆراکیی سەرەکى لێوە هەناردە دەکرد، بەهۆى
کۆرۆناوە لەهەناردەکردن راوەستاون و بەرهەمەکانى خۆیان ئاراستەى بەکارهێنانى
ناوخۆیی کردوە، بۆیە تورکیا لەچەند مانگى داهاتودا دەکەوێتە بەردەم کێشەى
کەمبونەوەى خۆراک و خواردەمەنى پێویستى ناوخۆیی.
هەمو رێوشوێن و راستکردنەوە
بەپەلەکانى حکومەتیش بۆ کەرتى کشتوکاڵ لە ئێستادا کاتەکەى بەسەرچوە و درەنگ وەختە،
پێناچێت بتوانێت ئەو کورتهێنانە خۆراکیە رابگرێت.
لێرەدا نیشاندانى
ئەم نمونەیەى تورکیا بۆ ئامۆژگارى نیە، بەڵکو بۆ پەند وەرگرتنە، گوێنەدان بە
بەروبومى ناوخۆیی و گۆڕینەوەى بە کۆمەڵێک پرۆژەى ترى وەک دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبون
بۆ فرۆشتنى بە گەشتیاران و هەروەها تێچوى سەربازى گەورە لە سوریا و لیبیا، کە
تورکەکان هیچ ئیشێکیان پێى نیە جگە لە خۆ هەڵقورتاندن نەبێت، هەمو ئەمانە دەبینین
کە پاشماوەیەکى تر خەڵکى تورکیا چۆن باجەکەى دەدەن .
لەگەڵ ئەوەى هەمو
وڵاتان کاریگەرن بە لێکەوتەکانى پەتاى کۆرۆنا و رێوشوێنەکانى خۆپارێزییش کاریگەرى
ئابورى گەورەى لەسەر ئەو وڵاتانە دروستکردوە و بوەتەهۆى بێکارى و لەکار کەوتنى
کارگەو جموجوڵى بازرگانیى، بەڵام دەرکەوت تورکیا خۆى لەبنەماوە لەم بوارەدا کێشەى
هەیە و دوساڵ زیاترە لیرەى تورکیی بەهاکەى لە دابەزیندایە و ئەمڕۆش نرخەکەى بۆ
هەمان نرخى ساڵى (2008) دابەزى، کۆنترۆڵى
توند و رەهاى دەسەڵاتدارانیش بەسەر
یاساکانەوە هیچ بۆشاییەکى بۆ هاوڵاتیانى تورکیا نەهێشتوەتەوە، بۆ گوزارشتکردن لە
دۆخى خۆیان.
هەمو خراپیەکانى
دەستوەردانەکانى تورکیا لە سوریا و لیبیا لەگەڵ قەیرانى کۆرۆنا دەرکەوت، بەڵام خراپیی ئەو دەستوەردانانە هەموکات هەر
هەبون.
لەبرى ئەنجامدانى
چاکسازى و دەرکردنى کۆمەڵێک بڕیار بۆ دەرچون لە قەیرانەکە بە کەمترین زیان، کەچى دەبینین
سەرۆک کۆمارى تورکیا دەستى کردوە بە خۆدەرخستن و شانازى کردن بە ناردنى هاوکارى و
پێداویستى پزیشکیی بۆ ئەوروپا بۆ روبەڕوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، لەکاتێکدا تورکیا
خۆى بەپێى داتا فەرمیەکان بە خراپترین ناوچەى پەتاکە دادەنرێت لە رۆژهەڵاتى
ناوەڕاستدا.
هەندێ دەوڵەت
وادەزانن ئاشکراکردنى ژمارەى زۆرى چاکبونەوە نیشانەى بەهێزیی سیستمە تەندروستیەکەیانە،
هەروەها رێژەى پشکنینى نزم، کە وا دەخاتە مێشکى خەڵکەوە کە بەرکەوتن کەمبوەتەوە، بەڵام
راستى ئەوەیە کە خەڵک رۆژانە لە گەڵى دەژین لەسەر شەقامەکان و لەناو
نەخۆشخانەکاندا.
هەمو راستیەکانى
ناوژیانى رۆژانەى خەڵک و بەرکەوتن دەکرێت لە رێگەى پێگە کۆمەڵایەتەکانەوە ببینین،
وەک ئەو دیمەنانەى لە نیۆیۆرک و رۆما و پاریس و تارانەوە بینیمان.
بەڵام بۆئەوەى ئەم
کەموکورتیانە لەناو راى گشتیدا دەنگدانەوە دروستنەکات و وێنە ساختە دروستکراوەکەى
لەبەردەم جیهاندا نەشێوێنێت، سەرکۆمارى تورکیا بڕیاریدا یاسایەک دەربکرێت بۆ
چاودێرى کردنى پێگە کۆمەڵایەتیەکان و کەسانێک دابمەزرێن بۆ پێداچونەوە بە ناوەڕۆکى
نوسین و دابەزێنراوەکانى سەر پێگە کۆمەڵایەتیەکان.
واتە حکومەت رێگە
نادات خەڵک بە کەمترین وشەش گوزارشت لە دۆخى خۆیان بکەن، پێش چەند رۆژێکیش چەند
کەسێک دەستگیرکران بە تۆمەتى هاندانى خەڵک سەبارەت بە بارودۆخ ژیانیان.
ئۆپۆزسیۆنى تورکیا
ئارامیی لێبڕاوە و رایگەیاند ناکرێت ئەم حاڵە بەردەوام بێت، ئەردۆغانیش بێگومان
هەڵبژاردنەکانى داهاتو دەدۆڕێنێت.
ئۆپۆزسیۆنى تورکیا
دەڵێت: یەکەم هەنگاوى پارتى براوە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتودا گەڕاندنەوەى سیستمى
پەرلەمانی و کۆتایی هێنانە بە سیستمى سەرۆکایەتى، ئەو سیستمەى وڵاتێکى گەورە و
دەوڵەمەندى وەک تورکیاى کردوە بە موڵکى تایبەتی ئەردۆغان و خێزانەکەى.
وەرگێڕانى: سبەى
سەرچاوە:
شەرقولئەوسەت