لە میدیاکانەوە 09:57 - 10/05/2020 ئەلجەزیرە

گەندەڵبونى دەسەڵاتى دادوەریی، سەرەتاى کۆتایی دەوڵەتە

+ -

دادگا بە یەکەم دامەزراوەى گەل دادەنرێت بۆ پاراستنی ماف و کەرامەت و شکۆى مرۆڤانەى خۆى، گەل پەنا بۆ ئەم دامەزراوەیە دەبات و ئەم دەزگایە سیمبولى شکۆى دەوڵەتە و هاوڵاتیان لێرەوە سەنگ و قورسایی دەوڵەتەکەیان دەبینن، داد و دادگەرییە وادەکات هاوڵاتى دەست بە نیشتیمانەکەیەوە بگرێت.

دەوڵەتى نوێى مۆدێرن بە سروشتى خۆى دەسەڵاتێکى دادوەریى سەربەخۆ دادەمەزرێنێت، ئەویش لەپێناو پاراستن و دڵنیاکردنەوەى هاوڵاتیان و چەسپاندنى پرەنسیپەکانى دادگەریی و کۆنتڕۆڵکردنى ناڕەوایی و روبەڕوبونەوەى ستەمکاریی.

چونکە دەوڵەت بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەى لە ئاسمانیدا ئاڵاى داد و یەکسانیى بشەکێتەوە، وەک وتراوە (دادگەریى بنەماى حکومڕانییە) لەسایەى دادگەریدا پیشکەوتن و خۆشگوزەرانى لە کۆمەڵگاکاندا دروستدەبێت و تواناکان بەرە و پێشدەچن و تاکەکان پێشبڕکێى یەکتر دەکەن لەپێناو پێشخستنى وڵات و بونیادنان و بەهێزکردنى.

چونکە دادوەریی لە بابەتە سەرەکیەکانە بۆ هەر دەوڵەتێکى سەربەخۆ و ئارام و سیستمە راستەقینەکان هەوڵى چەسپاندنى دادگاى سەربەخۆ و بەهێز دەدەن، کەسانى باش و شایستە و ئازا دەخەنە ئەم دەزگایانەوە، چونکە دادگا ئەو دەسەڵاتەیە رژێمى بەڕێوەبردن و هاونیشتیمانى وەک یەک دەپارێزێت.

تێکچونى باڵانسی دادوەریی بەماناى تێکچونى جومگە راگرەکانى کۆمەڵگا و دەوڵەت دێت، سستبونى ئەم جومگانە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆى داڕمانى هەرجۆرە سیستم و حوکمڕانەیەک، چونکە بە نەبونى سیستمێکى دادگەریى باش ئەو دەوڵەتە یەکەم شت کە لە دەستى دەدات شەرعیەتە، لە رێگەى سیستمێکى دادوەریی دامەزراو لەسەر یەکسانى و دادگەریی تێرو تەواو لە نێوان هاونیشتیمانیانیدا نەبێت، ئەوا هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت شەرعییەتى بونى خۆى لە هیچ رێگەیەکى ترەوە بەدەستبهێنێت.

لەحاڵەتى شێوانى وێنەى دادگا و گەندەڵبونى هەندێک لە بەشەکانى، ئەمە دەبێتە هۆى تێکچونى وێنەى سیستم و لەدەستدانى رێزو شکۆى، ئەمەش وادەکات بانگەواز بۆ هەڵگەڕانەوە دژ بەو رژێمە سەرهەڵبدات.

لەحاڵەتى نەمانى دادگەریى و یەکسانیى و زۆربونى وێنەو شێوازەکانى ستەم و نابەرابەریی، ئەوا دەسەڵاتەکان دەگەڕێن بۆ شتێک تا خۆیانى پێ بپارێزن لەم کاتەشدا هیچ شک نابەن جگە لە توندوتیژى و زەبر و زەنگ و چارەسەرە ئەمنیەکان نەبێت، ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بەداخەوە لەبرى ئەنجامدانى چاکسازى لە دەزگا دادوەریەکەیدا هەوڵى ملکەچکردنى هاونیشتیمانیانى دەدات و دەیانباتە بەردەم دادگەریەکى ساختە و شێوێنراو، دەیانخاتە بەردەم ستەمکارییەکى دەمامکدار بە  کۆمەڵێک بڕیارى دادگاییانەى گەندەڵ و خراپ.

ئەمەش وادەکات بارودۆخ نەک باش نابێت، بەڵکو کێشە و گرفتەکان و سکاڵاکانى هاوڵاتیان سات بەسات زیاتر ببن، ترس زیاد بکات و چەوساندنەوە بڵاو بێتەوە، لەگەڵ ئەمەدا ئارامى و سەقامگیریش لەناودەچێت و پشێوى بڵاو دەبێتەوە، فەیلەسوف و کۆمەڵناسى گەورە ئیبن خەلدون لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا باس ئەمەى کردوە و دەڵێت: "گەندەڵبونى دادوەریی دەرەنجامەکەى روخانى دەوڵەتانە " هەروەها دەڵێت: ستەم ئاماژەى وێرانبونى وڵاتانە.

بەڵێ گەندەڵبونى دادگا، واتە گەندەڵبونى حوکمڕانى و گەندەڵبونى سیاسەت و ئابورى و وەبەرهێنان و بازرگانى و پاشان خراپبون و تێکچونى پەروەردە و پەروەرکاران و لێرەشەوە گەندەڵبونى کۆمەڵگا و بۆگەنکردنى، لەناوچونى ئەخلاق و هەڵوەشانەوەى خێزان، بە مانایەکى وردتر گەندەڵبونى دادگا سەرچاوەى هەمو خراپیەکانە، چونکە دادگا ئەو لایەنەیە کە پاراستنى ماف و راگرتنى باڵانس و پاراستنى خەڵکەکە و ماڵ و موڵکیانى لەسەر بەندە .

ئەگەر دەسەڵاتى دادوەرى تێکچو، ئەوا دەبێتە هۆکارى تێکچونى هەمو بەشەکانى دیکە و دەوڵەت دەبێتە شوێنى ستەم و ناڕەوایەتى، مەحسوبیەت و جیاکاریی، ئەمەش سەرچاوەى گەندەڵیى و فەساد و تێکچونى بارودۆخ و فەوزا و پشێویە.

چونکە ئەگەر کەسەکان بێ خەمبون لە لێپرسینەوە ئەوا پیشەکانیان بەخراپترین شێوە بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاردەهێنن، چونکە ئەوان لەوە تێگەیشتون دادوەرەکە نرخەکەى دیارى کراوە و زانراوە و دەتوانیت بە چەند دینارێک بیکڕیت، چەند پیسیشە ئەو کەسەى نرخى خۆى هەڕاج دەکات، هەر نرخێکیش لەبرى بیربڕوا بدرێت نرخێکى هەرزانە، ئەگەر زۆریش بێت.


وەرگێڕانى: عەبدوڵا رێشاوى
سەرچاوە :مالپەڕى ئەلجەزیرە