(سبەی):
بهر له كاركردنی لهسهر كۆمهڵیك کێشەی ئابوری و سیاسی
و ئاسایش، كازمی لهبهردهم كێشهی هێوركردنهوهی شهقامدا خۆى بینیەوە.
دوباره
گهڕانهوهی خۆپیشاندهران بۆ سهر شهقام له دوای تهنها یهك رۆژ له دهستبهكاربونی
كابینهكهی، سەرۆک وەزیرانى نوێى عێراقى خستوەتە بەردەم کێشەیەکى گەورە،
ئەویش هێورکردنەوەى ئەو شەقامەیە کە لە کۆى رژێمى سیاسى وڵاتەکە توڕەیە.
کازمى کەوتە بەردەم ئەم ئاڵنگارییە، لەکاتێکدا هێشتا
نەیپەرژاوەتە سەر دەستبردن بۆ کردنەوەى کۆمەڵێک
دۆسیەى چارەنوسسازى ئابورى و سیاسی و ئاسایشی زۆر دژوار، کە پێویستیان بە چارەسەر
کردنە.
روبەڕوبونەوەى کازمى لەگەڵ خۆپیشاندەران لەکاتێکدایە ناوبراو بژاردەی
ئەوتۆی لەبەردەستدا نییە بۆ بەدەمەوە چونى ئەو داواکاریە ئابورى و کۆمەڵایەتیانەى
خۆپیشاندەران لە مانگى تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە بەرزیان کردوەتەوە.
ئەستەمیشە کازمى بتوانێت شەقام لەگەڵ دەسەڵاتێک ئاشت بکاتەوە کە
دام و دەزگاکانى لە کوشتنى خۆپیشاندەران و بریندارکردنیانەوە، گلاوە.
تەنانەت مژدانەکانى کازمییش لەیەکەم رۆژى دەستبکاربونیەوە بۆ
خۆپیشاندەران نەیتوانى رێگر بێت لە رژانە سەرشەقامى خۆپیشاندەرانى ناڕازى.
کازمى هەر لەیەکەم رۆژى دەستبەکاربونیەوە ژمارەیەک بڕیارى
دەرکرد بۆ راکێشانى سەرنجى شەقام و ئاشتکردنەوەى خۆپیشاندەران، لەوانە بڕیارى
ئازادکردنى تەواوى ئەو خۆپیشاندەرانەى لە زینداندانەکاندان، بەڵام ئەمە رێگر نەبو
لەوەى هەر رۆژێک دواتر خۆپیشاندەران لە بەغدا و چەند شارێکى باشور بڕژێنەوە سەر
شەقامەکان.
رۆژى یەکشەممە لە بەغدادى پایتەخت خۆپیشاندەران رژانە
سەرشەقام و داواى چاکسازى و بە سزا گەیاندنى بکوژانى خۆپیشاندەرانیان کرد، لە
زیقاریش دوبارە گرژى کەوتەوە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان دوای هەوڵى
تیرۆرکردنى یەکێک لە چالاکوانەکانى خۆپیشاندانەکان.
لە پارێزگاى واست لە باشورى رۆژهەڵاتى بەغدا، خۆپیشاندەران گەمارۆى
باڵەخانەى پارێزگایان دا و بەیاننامەیەکیان دەرکردو تیایدا داواى روخانى حکومەتیان
کرد و بە حکومەتى بکوژ و دزو گەندەڵکاران وەسفیان کرد و جەختیان کردوە سورن لەسەر
ئەوەی داواى شۆڕشگیڕانى گۆڕەپانەکانى
خۆپیشاندان، کە بریتیە لە رەتکردنەوەى حکومەتەکەى کازمى و سیستمى پشکپشکێنەو رژێمى
گەندەڵی.
لە کوتیش خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگاى حیزبەکان و
ئاگریان بەردایە بارەگاى سەرەکى رێکخراوى بەدر لەو پارێزگایە و ماڵى
پەرلەمانتارێکى سەر بە عەسائیبى ئەهلى حەق.
بەهەمانشێوە لە پارێزگاى موسەناو بەسرەى دەوڵەمەند بە نەوتیش
خۆپیشاندان رویدا و بە سەدان فەرمانبەر لەبیرە نەوتى مەجنون دەستیان لەکارهەڵگرت
بەهۆى دواکەوتنى موچەکانیانەوە.
هەرچەندە مستەفا کازمى لەو کەسایەتیانە نەبو
کاندیدى خۆپیشاندەران بێت، بەڵام هەر پاش دەستبەکار بونى، کۆمەڵێک بڕیارى دەرکرد چاودێران بە هەوڵى دروستکردنى دۆستایەتى
لەگەڵ خۆپیشاندەرانى ناڕازیى شرۆڤەیان کرد، لەوانە بڕیارى ئازادکردنى گیراوانى ناڕەزایەتیەکان
و بەڵێنى بە سزاگەیاندنى ئەوانەى دەستیان لەسەرکوتى خۆپشاندەراندا هەبوە و هەروەها
قەرەبوکردنەوەى ئەو خێزانانەى لە خۆپیشاندانەکان کەسو کاریان کوژراو و بریندار بوە.
کازمی بڕیارى دیکەشدا لەوانە گەڕاندنەوەى عەبدولوەهاب
ساعیدى بۆ سەرۆکایەتى دەزگاى دژە تیرۆر، دوای ئەوەى ساڵی رابردو عادل عەبدولمەهدى
دورى خستبوەوە، ساعدى یەکێک بو لەوانەی بەشداریەکى کاراى لە جەنگى دژ بە داعش هەبو،
بەوهۆیەوە وەک پاڵەوانێکى سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەناو شەقامى عێراقیدا جەماوەرێتى
هەیە.
کازمى داواى لە پەرلەمان کرد پشت بە یاساى
هەڵبژاردنى نوێ ببەستێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت، لەسەر داواى ناوبراویش ئەنجومەنى
باڵاى دادوەریى رۆژى یەکشەممە بڕیارى ئازادکردنى هەمو گیراوانى خۆپیشاندانەکانى
دەرکرد و رایگەیاند؛ خۆپیشاندان مافێکى رەوایە بەپێى دەستور بەمەرجێک کارى نایاسایی لێنەکەوێتەوە دژ بە دامودەزگاکانى
دەوڵەت و کەسەکان.
لەبارەى بڕیارەکانى کازمیەوە، ماجد شوەیلى
یەکێک لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکان دەڵێت: بڕیارەکانى سەرۆک وەزیران جێى رێز و پێزانینە، بەڵام پێویستى بە هەنگاوى کردارى هەیە بۆ
جێبەجێکردن، بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى بە ئاشکراکردنى بکوژانى خۆپیشاندەران و
دادگایی کردنیانەوە هەیە.
لەچەند مانگى رابردوى خۆپیشاندانەکاندا
حکومەتى پێشو بە سەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى هەوڵیداوە ئاکامى لێکۆڵینەوەکان
سەبارەت بە کوژراوانى خۆپیشاندانەکان بەشاراوەیی بهێڵێتەوە، خۆپیشاندەرانیشى بە
هێرشکردنەسەر هێزە ئەمنی و حکومییەکان تۆمەتبار کرد، بەڵام کۆمەڵێک تۆمارى
ڤیدیۆیی ئەوە دەردەخەن کە چەکدارانى سەر بە حەشدى شەعبى تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن.
ماجد شوەیلى رونى دەکاتەوە "ئەگەر کازمى بکوژى خۆپیشاندەران ئاشکرابکات ئەوا بزوتنەوە جەماوەریەکان
دەبنە پشتگیرو دۆستى ناوبراو".
بەڵام وادیارە ئەو کارە بۆ کازمى سەخت بێت،
چونکە هەرهەنگاوێکى لەم شێوەیە پەیوەستە بە لێپرسینەوە لە چەندین کەسایەتى
دەستڕۆیشتوى ناو دەوڵەت و میلیشیا شیعەکان، ئەمەش کارێکى نا واقیعیە، چونکە ئەو کەسایەتیانە لەهەندێ شوێن و حاڵەتدا دەسەڵاتیان لە خودى سەرۆک وەزیرانیش زیاترە.
هەروەها چانسى کازمى بۆ هاویشتنى چەند
هەنگاوێکى سەرکەوتو لە دۆسیەى ئابورى و لەروى کۆمەڵایەتییەوە هێشتا هەرە زۆرکزە، لە روانگەى ئەو دۆخە داراییە سەختەى وڵاتى تێکەوتوە بەهۆى
قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە.
هەروەها دیارترین کیشەکانى بەردەمی کازمى
بریتیە لە کۆنتڕۆڵکردنى چەک و میلیشیا چەکدارەکان گەڕاندنەوەى بۆ ژێر دەسەڵاتى
دەوڵەت.
لەبەر ئەم هۆیانە بۆ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران ئاسان نابێت
بۆچونى شەقام بەرامبەر خۆى وەک یەکێک لە پایەکانى رژێم بگۆڕێت، ئەو رژێمەى
خۆپیشاندەرانى ناڕازى دروشمى روخانیان بەرویدا بەرز کردوەتەوە.
بێگومان خۆپیشاندانەکان لە سەردەمى دەسەڵاتەکەى کازمیشدا هەر
بەردەوام دەبێت، ئەمەش وادەکات عێراق رو لەهاوینێکى گەرم بکات، نەک تەنها بەهۆى
گەرمى خۆرەکەى، بەڵکو بەهۆى بەردەوامى ناڕەزایەتییەکانى ئەو شەقامەوە کە لە مانگی
تشرینی یەکەمی ساڵی (2019)ەوە دیوارى ترسى شکاندوە.
وەرگێڕانى :سبەى
سەرچاوە:
رۆژنامەى ئەلعەرەب