لە میدیاکانەوە 11:04 - 18/05/2020 عەبدولستار رەمەزان

بۆ حکومەتى هەرێم؛ دەبێت بڕیارى خێرا و یەکلاکەرەوە بدەن

+ -

(سبەی):
سەرکەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستانى عێراق لە بوارى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بۆ هەمو کەس دیار و ئاشکرایە، هەرێم هەمو ئەو بەر پرسیارێتیانەى بەجێگەیاندوە کە دەکەوێتە سەرشانى لەم بوارەدا و باشترین رێوشوێنەکانى گرتوەتەبەر، بەڵام هێشتاش ناتوانین بڵێین بە تەواوى کۆنتڕۆڵى ڤایرۆسەکە کراوە تا ئەوکاتەى ڤاکسینى بۆ دروست دەکرێت، لە ئێستاشدا پێویستە لەسەر هاوڵاتیان هەوڵى پاراستنى گیان و تەندروستى خۆیان بدەن.

کاریگەرییە ئابوریە گەورەکانى کۆرۆنا کە خەریکە بگاتە پلەى مەترسی لەپاڵ بڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و هاتنى مانگى رەمەزانى پیرۆز و قەیرانى دارایی کە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى هەرێم لە بنەڕەتەوە پشت بە موچە دەبەستن و موچە رەوڕەوەى ئابورى و ژیان ئەسوڕێنن لە هەرێم، بون بە کێشە بۆ دانیشتوانى هەرێمى کوردستان ئەمەش وا پێویست دەکات لەسەر حکومەتى هەرێم کۆمەڵێک بڕیارى خێرا و یەکلاکەرەوە بدات لەسەر هەمو ئاستەکان بۆ روبەڕوبونەوەى بارودۆخەکە لەوانەش:

1- دابەشکردنى موچە بە خێرایی و بێ دواکەوتن بەتایبەت کە جەژنى رەمەزان لەبەر دەرگایە، ئەوەش بە دابینکردنى ئەو موچانە لە رێگەى قەرز و باج خستنە سەر کۆمپانیا گەورەکانى مۆبایل و نەوت و ئەوانى دیکە، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەى بە ملیۆنانیان دەست دەکەوێت.

2- هاوکاریکردنى هاوڵاتیان لە دانى کرێکانیان، وەک کرێى باڵەخانەکانى نیشتەجێبون و دوکانەکان، بۆ هەردو مانگى ئازار و نیسان بە شێوەیەک کرێکە لە نێوان حکومەت و کرێچى و خاوەن موڵکدا دابەشى سێ بکرێت، ئەمەش دابەشکردنێکى دادپەروەرانەیە کە هەرلایەک بڕێک لە قورساییەکەى دەکەوێتە سەرشان.

3- دیاریکردنى قیستى قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆ ئەهلییەکان کە زۆرێک لەو شوێنانە هەڕەشەیان کردوە ئەگەر قوتابیەکان پارە نەدەن رێگەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوە یان پێ نادرێت،  ئەمەش ئەوەندەى تر بارى سەرشانى کەسوکاریانی قورس کردوە.

4- کەمکردنەوەى کرێى پزیشک و نەخۆشخانە تایبەتەکان و سوککردنى بارى سەرشانى هاوڵاتیان لە باج و سزاو رسوماتى جیاواز، هەروەها سنوردانان بۆ نرخى خواردەمەنییەکان و دەستوەردانى حکومەت لەبازاڕ لەبەرژەوەندى بەکاربەر و بەروبومى ناوخۆیی.

لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین ئەمڕۆ هاوڵاتى ئاسایی پێویستى بە باڵەخانەى بەرز و هۆتێلى پێنج ئەستێرەیی و ئەو پڕۆژەى نیشتەجێبونانە نییە کە تواناى کڕینى یەک ژوریشیان نییە، بەڵکو بەپلەى یەکەم پێویستى بە کۆمەڵێک بڕیارى یەکلاکەرەوە هەیە بۆ رزگار بون لە کاریگەرییە ئابورى و داراییەکانى کۆرۆنا و پاراستنى بەرژەوەندیەکانى.

نوسینی: عەبدولستار رەمەزان
وەرگێڕانی: سبەی

سەرچاوە:

ئیلاف