لە میدیاکانەوە 10:24 - 21/05/2020 ئەلجزیرە نێت

كۆرۆنا لەیەمەن .. شاردنەوەى راستیەکان و چۆکدادان بەرامبەر نەخۆشیەکە

+ -

(سبەى)
لەساڵى (2015)وە تا ئێستا نزیکەى (250) هەزار کەس لە یەمەن بەهۆى جەنگ و برسێتى و پەتاى کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە، ئێستاش ڤایرۆسى کۆرۆنا روى لەو وڵاتە کردوە، تا رۆژانە رۆحى سەدانى تر بدورێتەوە.

ئەمە چیرۆکى وڵاتى یەمەنە لەگەڵ جەنگ و کۆرۆنا لەسایەى نادیاریی  ژمارە راستەقینەکان و تەندروستى ئەو وڵاتەش کەجەنگ وێرانى کردوە و تواناى روبەڕوبونەوەى دۆخەکەى نیە، ئاڵاى سپى خۆبەدەستەوەدانى هەڵکردوە.

کۆرۆنا رێگاى خۆى دۆزیوەتەوە:
وادیارە پەتاى کۆرۆنا رێگاى خۆى بۆ بڵاوبونەوە بە هەمو شوێنێکى یەمەندا دۆزیبێتەوە ، سایتى (الجزیرە) ژمارەى شۆکهاوەرى دەستکەوتوە تەئکید لە مردنى نزیکەى (1000) کەس بەهۆى توشبونیان بە چەند جۆر ڤایرۆسى جیاواز و نەخۆشیی لە نێویاندا کۆرۆنا تەنها لە عەدەن و  مردنى (200) کەس لەسەنعا  دەکاتەوە، شارى تەعزیش دەناڵێنێت بە دەست پشتگوێخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتى شەرعیی یەمەن و هێرشى ناوبەناوى حوسیەکانەوە، بەشێوەیەک ئەو شارەى جەنگ نەیتوانى چۆکى پێدابدات ، لەوانەیە لەبەردەم کۆرۆنادا تواناى خۆ راگرتنى نەمابێت.
ئەوەى تیمى رۆژنامەوانى (الجزیرە) پێى گەشتوە ئەوەیە کە نەدەسەڵاتى شەرعى و نە حوسیەکان ژمارەى راستەقینەى توشبون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا ئاشکرا ناکەن، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش هەمان بۆچونیان هەیە.

تیمى (الجزیرە) بەدەر لە لێدوانى دەسەڵاتە فەرمیەکان بەدواداچونى بۆ دۆخى راستەقینەى یەمەن کردوە، بۆنمونە لە سەنعا حاڵەتەکانى توشبون بە کۆرۆنا گەیشتۆتە (500) حاڵەت و ژمارەى مردنیش زیاترە لە (200) حاڵەت، پزیشکان و چەند سەرچاوەى تایبەت ئەم زانیاریانەیان پشتڕاستکردۆتەوە، بەڵام دەسەڵاتى حوسییەکان تەنها  دان بە بونى چوار حاڵەتدا دەنێت.

لە سەنعا کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە
چەند پزیشکێک لە نەخۆشخانەى کوەیت لە سەنعا جەختیان کردوەتەوە نەخۆشخانەکەیان لە ئێستادا چارەسەرى (400) حاڵەتى توشبون بە کۆرۆنا دەکات و مردوەکانیش بەسەرپەرشتى چەند پزیشکێک دەنێژرێن پاش شۆردنیان بە مادەى پاکژکەرەوەى کۆرلیکس.

ئەو دکتۆرانە دەشڵێن نەخۆشخانەى زاید لەسەنعا دوەم  نەخۆشخانەیە کە حاڵەتە گومانلێکراوەکانى تیا کەرەنتینە دەکرێت و دەیان حاڵەتیشى لێیە بەبێ چاودێریی پزیشکیی. هەندێک لە خەڵک دەڵێن گوایە حوسیەکان هەڕەشەیان کردوە لەکاتى نەخۆش کەوتن یان مردن  باسى کۆرۆنا نەکەن.

(جەزیرە) ئەنجامى تێستى چەند گومانلێکراوێکى دەستکەوتوە لە نەخۆشخانەى کوەیت لە سەنعا توشبونیان بە کۆرۆنا پشتڕاستدەکاتەوە.

دکتور محمد کەمالى پسپۆڕى ئەعساب رایدەگەیەنێت ئەوان کێشەى کەرەستەى پزیشکیان هەیە و هەندێک کات هیچ کەرەستەیەکیان لەبەردەست نییە و ئەوەش هەیە جۆرەکەى زۆر خراپە.
پزیشکانیش بەهۆى چارەسەرى کۆرۆناوە دەمرن

چەند سەرچاوەیەکى پزیشکى تەئکیدیان کردۆتەوە دەسەڵاتدارێتى حوسی داواى لەو پزیشکانە کردوە کە نەخۆشەکان چارەسەر دەکەن خۆیان لە ژێر کەرەنتینە کردندا بهێڵنەوە و لەنەخۆشخانەکان نەیەنە دەرەوە، لەم ماوەیەشدا چوار لە پزیشکەکانیان گیانیان لەدەستداوە.

لایەنە فەرمیەکانى یەمەن مردن بە ڤایرۆسى کۆرۆنا  رەتدەکەنەوە و لەوبارەیەوە وتەبێژى فەرمى تەندروستى رایگەیاندوە ئەوەى کەباس دەکرێت سەبارەت بە حاڵەتەکانى مردن بەهۆى کۆرناوە راست نیە،  ئەو لاشانەى دەنێژرێن هى کەسانى نەناسراون کە لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و هەندێکیان بەهۆى بۆردومانى هێزى هاوپەیمانانەوە گیانیان لەدەستداوە.

وتە بێژەکەى وەزارەتى تەندروستى دەڵێت: هەر حاڵەتێک هەبێت لەلایەن وەزارەتەوە رادەگەیەنرێت و ئەوەى تائێستا راگەیەندراوە تەنها چوار حاڵەتە و رونیشى کردەوە؛ ئەوان رێگاى تایبەت بە خۆیان هەیە لە بەدواداچون و پشکنین و ئاشکراکردنى حاڵەتەکان بەپێى تواناو بارودۆخى خۆیان.

وتە بێژەکەى تەندروستى رایگەیاندوە تواناى تەندروستى لە سەنعا زۆر دیارى کراوە بەهۆى پێنج ساڵ گەمارۆى سەر یەمەن  و بۆردومانى هێزى هاوپەیمانان کە ژێرخانى ئەو وڵاتەى وێران کردوە، رەخنەش ئاراستەى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکات کە هاوکارى یەمەن ناکەن لەم قۆناغەدا.


(1000) حاڵەتى مردن لە یەمەن
حاڵى عەدەن هیچى لە حاڵى سەنعا باشتر نیە، جگە لە کۆرۆنا چەند شەپۆلێکى ترى پەتا و ڤایرۆس و تاى کوشندە روى تێکردوە، بەهۆى  شەپۆلى باران و لافاوەکەى لە (21)ى نیسانى ئەمساڵ روى کردە ئەو ناوچەیە.

بەهۆى ئەو نەخۆشییانەوە لەنێوانیاندا کۆرۆنا لەسەرەتاى ئەم مانگەوە (ئایار) نزیکەى (950) کەس گیانیان لەدەستداوە و بارودۆخى تەندورستیش تادێ خراپتر دەبێت لە شارێکدا کە بەدەست بۆشایی دەسەڵاتەوە گیرۆدەبوە.

(الجزیرە) دیکۆمێنتێکى فەرمى دەستکەوتوە ئاماژە بە کۆى حاڵەتەکانى مردن دەکات لە عەدەن کە ژمارەى مردوان زیاترە لە (1000) حاڵەت بەهۆى کۆرۆناو پەتاى دیکەوە.

عەبدوسەلام قازى کەسێکى نزیک لەیەکێک لە نەخۆشەکان بارودۆخى پارێزگاى عەدەنى  بە "زۆر مەترسیدار" وەسفکرد، ئەو دەڵێت زۆرێک لە نەخۆشەکان کە گومانى کۆرۆنایان لێدەکرێت لە نەخۆشخانەکان وەرناگیرێن، لەبەر نەبونى بێد و چارەسەرى پێویست و لاوازیى تواناى خەستەخانەکان.

بەرێوبەرى نەخۆشخانەى (حەیات) لە رۆژئاواى عەدەن بارودۆخى تەندورستى شارەکە بە زۆر خراپ وەسف دەکات بەهۆى کارەساتى باوبۆران کە روى لەشارەکە کردبو، بوەتە هۆى بڵاو بونەوەى پەتاو مێشومەگەز کە نەخۆشیەکان دەگوازنەوە . 

تەعز زۆترین دانیشتوان و خراپترین تەندورستى
بەرێوبەرى گشتى تەندورستى لە تەعز دەڵێت لەکاتێکدا شارەکە زۆرترین ژمارەى دانیشتوانى لێیە بەڵام تەنها دو ئامێرى هەناسەدانى دەستکردى هەیە، ئەو هۆشدارى دا:"شارەکە پێوستى زۆریى بەئامێرى جۆراو جۆرى پزیشکى هەیە.

 دەڵشێت:"ژینگەى شارەکە پێویستى بە پاکژکردنەوە هەیە نەخۆشخانەکانەوە تاشوێنى کەرەنتینەکان و ماڵەکان."

بەڕێوبەرى تەندروستى تەعز دەڵێت شارەکە روبەڕوى مردن دەبێتەوە بەجۆرەها نەخۆشی و پەتا، چونکە ئامێرەکانى پشکنین و چارەسەر لەبەردەستنین، ئەو بەرپرسە داواى لە رێکخراوەکان کرد بەدەم حاڵى شارەکەوە بچن.

زانینى قەبارەى کارەساتەکە، ئاسان نیە
 زانینى  قەبارەى بڵاو بونەوەى کۆرۆنا بەتەواوى لە زۆرینەى شارەکانى یەمەن ئاسان نیە، بەتایبەت کە لە چەند رۆژى رابردودا ژمارەى گیان لەدەستدان زۆرتر بوە، بەڵام ئەوەى باوە لەیەمەن ئەوەیە کە کەس نایەوێت هۆکارى مردنەکان بخاتە پاڵ کۆرۆنا، بەڵکو هۆکارەکە بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی تر دەگەڕیندرێتەوە وەک کۆلێرا و تاى کوشەندە و توندبونى هەناسە، بەرپرسانى تەندورستى یەمەن دەلێن زانینى ئاستى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا لە یەمەن سەختە و جەخد دەکەنەوە چەندین حاڵەتى نەزانراو هەیە.

بەرپرسانى تەندروستى یەمەن رەتیدەکەنەوە هیچ جۆرە هاوکارییەکى رێکخراوى تەندروستى جیهانیان پێگەیشتبێت لەکاتێکدا هەمیشە داواى هاوکاریان ئاراستەى ئەو رێکخراوە کردوە، بەرپرسانى تەندروستى دەڵێن لەوانەیە قۆناغى داهاتو پڕى بێت لە روداوى شۆکهاوەر و ترسێنەر، چونکە دۆخەکە تائێستا رون نیە.

 "شاردنەوەى ژمارەکان دڵنیایی ساختە بەخەڵکەکە دەبەخشێت"
سەبارەت بە نائامادەیی رێکخراوەکان لە یەمەن بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بەرپرسێک لە نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ جەزیرە تەئکیدى کردەوە بڵاوبونەوەیەکى خێراى کۆرۆنا هەیە لەیەمەن و ئەوان لایەنە کۆمەککارەکان هاندەدەن بۆ هاوکاریکردنى ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکەى نەتەوەیەکگرتوەکان ئەوەیشى رونکردنەوە کە شاردنەوەى ژمارەکان کێشە سەرەکیەکەیە و وتى: ئەم هەڵسوکەوتە لە بەرژەوەندى یەمەنیەکان و لایەنە ناکۆکەکانیش نیە، چونکە ئاشکرا نەکردنى ژمارەکان و نیشاندانى دۆخەکە بەوەى کە بێ مەترسیە دڵنیاییەکى ساختە لاى خەڵکەکە دروستدەکات و رێگرە لە خۆپارێزیی، بۆیە پێویستە دۆخى راستەقینە بۆ خەڵکەکە و لایەنە ناکۆکەکانیش ئاشکرا بکرێت.

نەتەوەیەکگرتوەکان داوا لە یەمەنیەکان دەکات  پێویستە واز لە شەڕو پێکدادانەکان بهێنن چونکە ئەوە دۆخەکە هێندەى تر ئاڵۆز دەکات ، لەبرى ئەوە پێویستە هەمو لایەنەکان هەوڵەکانیان بۆ راگرتنى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا چڕ بکەنەوە.

سەرچاوە: ئەلجزیرە نێت.
وەرگێڕانی: (سبەی)