لە میدیاکانەوە 04:35 - 02/06/2020 عەبدولرەحمان راشد

جەنگى مرۆڤ دژ بە رەگەزپەرستی

+ -

پێکەوەژیانکردن لەگەڵ ئەوانى تر، سەختترین تاقیکردنەوەیە بۆ مرۆڤى مۆدێرن، تەنانەت لەپاش چەندین سەدە لە بڵاوکردنەوەى چەمک و بەها ئەخلاقیەکان، بەڵام هێشتا لەناواخنى مرۆڤدا رەگەزپەرستیەکى ستەمکارانە بونى هەیە، نە زانست و نەپێشکەوتن و نە دیندارى و نە یاساکانیش نەیانتوانى رەگ و ریشەکانى شەڕەنگێزى لەناخى مرۆڤ دەربکێشن. شەڕەنگێزیەکى زیاتر لەوەى لاى ئاژەڵەکان بونى هەیە، لەمەشدا کۆمەڵگاى پێشکەوتو، بەهەمان شێوەى کۆمەڵگاى هەژار و سادە، نەیتوانیوە خۆى لەم دەرد و نەخۆشیە زگماکە رزگار بکات.

تاوانى پۆلیسە سپى پێستەکە، دیریک شۆفین، کە ئەمەریکیە رەشپێستەکەى خنکاند، نابێتە دواهەمین روداو، ئەگەر پاڵنەرەکانى رەگەزپەرستانە بن یاخود تەنها جۆرێک لە شەقاوەچێتى بێت. لەلایەن پۆلیسێکەوە کە یاسا دەسەڵات و هێزێکى گەوەرەى لەکۆمەڵگادا پێبەخشیوە، هەرکامیان بێت ئەمە ئەوە ناشارێتەوە ئەو هەڵسوکەوتە درێژەى نەخۆشیەکى کۆمەڵایەتى کۆنە، ئەویش رەگەزپەرستیى نەفرەت لێکراوە.

دوبارەکردنەوەى ئیدانەکردنەکان و خۆخاڵیکردنەوە بە توڕەییەکى کوێر کە بوەتە هۆى تێکدان و سوتاندنى شوێنە گشتیەکان و تیایدا  دزو تاڵانچیەکان و سیاسیە هەلپەرستەکان تێکەڵ بە خەڵکى توڕەو ناڕازى بون، بەهیچ شێوەیەک هەستى ستەملێکراوی و نایەکسانى ناڕەوێنێتەوە، سوتاندن و پشێوى نانەوە، گیان ناکاتەوە بە بەرى کوژراوەکەدا ، ناشبێتە بەربەست لەبەردەم تاوانکاران و ئەوانەشى پشتیوانیان دەکەن، ئەم روداوەش هەر وەک چەندین روداوى تر لە بیر دەچێتەوە تا ئەو ساتەى روداوێکى هاوشێوە دوبارە رودەداتەوە و ڤیدۆیەکى نوێ دەرئەکەوێت ئەوجا دوبارە خۆپیشاندەران دەڕژێنەوە سەر شەقام و پشێوى وسوتان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام هیچ شتێک لە ژیانى مرۆڤدا ناگۆڕێت.

بەبێ (فەوزا) و دروستکردنى پشێویى، یاساى ئەمەریکى دەرفەتى ئەوەى داوە بە خۆپیشاندەران و خەڵکانى توڕە تۆڵەیەکى قورستر و کاریگەرتر بکەنەوە، تۆڵەیەک کاریگەرتر بێت لە سوتاندنى ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکان و تاڵانکردنى چەند فرۆشگایەک.

تەنها لە پاش شەش مانگى تر دەتوانن بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و گوزارشت لە توڕەیی خۆیان بکەن، لەو هەڵبژاردنانەدا هەمو پۆستە پەیوەندیدارەکان بە و روداوەوە دەخرێنە بەردەم دوبارە هەڵبژاردنەوە و، لە سەرۆکەوە تادەگاتە حاکمى ویلایەتەکان و سەرۆک شارەوانیەکان. لەهەندێ ویلایەت تەنانەت بەڕێوبەرى پۆلیسش بەهەڵبژاردن دیارى دەکرێت، رەشپێستە ئەمەریکیەکان واتە ئەو ئەمەریکیانەى بەرەگەز ئەفەریقین خاوەنى هێزێکى سیاسى گەورەى ئەکتیڤنەکراون، ئەمانە نزیکەى (40) ملیۆن کەس دەبن، دەتوانن سەرکەوتن یان شکستى هەر کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتى یان ئەنجومەنەکانى نوێنەرایەتى، دیارى بکەن.

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا دەوڵەتێکى جیاوازە، تیایدا شتانێک دەبینیت کە سەرنجت رادەکێشێت و جێگەى ستایش کردنە، بەڵام ئەوەش دەبینیت کە مایەى توڕەیی و نیگەرانیە، لەسەر زەویەکەى گەورەترین یەکەى مرۆیی فرەجۆر لە هەمو رەگەز و ئیتن و ئاینە جیاوازەکان دەژین، کە هاوشێوەى لە روى چەندایەتى و چۆنایەتیەوە، لەجیهاندا نیە،  راستە لە چین (55) ئیتنى جیاواز هەیە، بەڵام یەک لەوانە زاڵە بەسەر ئەوانى تردا و (90%)ى دانیشتوانەکەى لەیەک جۆرن و ئەوانى تر کەمایەتى بچوکن، هەروەها ئەزمونى ئەوان وەک گەلێکى پێکەوە بو جیاوازە لە ئەزمونى ئەمەریکایەکى دابەشبو بەسەر چەندین پێکهاتەى جیاواز و ناکۆکدا.

کۆیلایەتى کە ئەفەریقیەکانى بە ئامانج گرتبو لە بنەماوە رەهەندێکى ئابورى هەبو، لە ویلایەتە کشتوکاڵیەکان وەک دەستى کارێکى کڕدراو بەکار دەهێنران، لەوێ کۆیلایەتى وەک یاسایەکى مەدەنى چەسپێنرا، بەشێوەیەک مرۆڤى بردە ئاستى ئاژەڵ، ئەمەش تاوانى بەتەنها ئەمەریکاییەکان و رۆژئاوا بەشێوەیەکى گشتى نیە، بەڵکو بەشێک بوە لە هەڵسوکەوت و ململانێکانى مرۆڤایەتى بۆ کۆنترۆڵکردنى زەوى و سامان و دەسەڵات، کۆمەڵێک ململانێ کە مرۆڤى دەکردە کۆیلە، بەناوى ئاین و رەگەز و پیاوسالارى و چینایەتى و هۆزایەتیەوە، ئەمە حاڵى هەمو جیهان بوە لە بەشێکى گەورەى مێژوى مرۆڤایەتیدا.

چیرۆکى یاسا ئەمەریکیەکان لەگەڵ رەگەزپەرستى، چیرۆکێکى (230) ساڵەیە، مێژویەکى دورودرێژ لەگەڵ ناسۆر و ئازار و رەتکردنەوە، تا ئەوەى توانى سەرکەوتوبێت لە گۆڕینى ئەو یاسایانەى پشتیوانى رەگەزپەرستیى و داماڵینى مرۆڤ لە سادەترین مافەکانى دەکرد بەرەو کۆمەڵێک یاساى دادپەروەر.

بێگومان ریگاى ئەم گۆرانکاڕیانەش گوڵڕێژ نەکرابو، بەڵکو بەخوێن و قوربانیى ئاو درابو، ئەمڕۆش ئەو یاسایانە بونەتە قەڵایەک دژ بە رەگەزپەرستى و جیاکاریى بەشێوەیەکى گشتى لەنێوان چینەکانى کۆمەڵگادا.

بەڵام ئەوەى یاساکان ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن حەزو ئارەزوە شەڕەنگێزیەکانى ناو قوڵایی ناخى مرۆڤە، ئەمەش جەنگە پیرۆزەکەى مرۆڤە لەکۆنەوە و لەهەمو جێگایەک، چونکە رەگەزپەرستى کورتنابێتەوە لەهەندێک سپى پێستى ئەمەریکیدا، بەڵکو لەهەمو شوێنێکى جیهان بونى هەیە، هەروەها رەگەزپەرستى تەنها دژى رەشپێستەکان و ئەفەرقیەکان نیە، بەڵکو (جیاکاریى نەفرەت لێکراو) فەرهەنگێکە و لەهەموشوێنێک و دژ بە هەمو رەگەزەکان و ئاینەکان و نەتەوەکان و ژنان و هەمو ئەوانى تر کە بە چاوێکى نزمتر تەماشا دەکرێن، بونى هەیە.

سەرچاوە:

شەرق ئەوسەت
وەرگێڕانى: سبەى