(سبەى):
لەئێستادا هەشت توشبوى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ئیدارەى ڕاپەڕین لە ژێر
چاودێرى پزیشکیدان و تەندروستى یەکێک لە توشبوەکانیش ناجێگیرە.
دکتۆر هیوا مەحمود، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین، لە کۆنگرەیەکى
رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکە ئەو حاڵەتانەى لە
سنورەکە تۆمارکران زۆر باشبون و کەمترین نیشانەى نەخۆشییەکەیان لەسەر بو، بەڵام
حاڵەتەکانى ئێستا جیاوازن و نیشانەکانیان لەسەرە و توشبوانیش لە بەرزبونەوەدان.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا هەشت توشبوى نوێ لە سەنتەرى چارەسەرى کۆرۆنا
لە ژێر چاودێریدان و تەندروستى یەکێکیان ناجێگیرە.
بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین، باسى لەوەکرد، تواناى وەرگرتنى (40 بۆ
45) نەخۆشى کۆرۆنایان هەیە، بەڵام ئەگەر پێویستى کرد نەخۆشخانەکانى دیکەى بۆ
چۆڵدەکەن.
وتیشى: لە سێ هەفتەى داهاتودا نەخۆشخانەى تایبەت بە کۆرۆنا لە سنورەکە
تەواو دەبێت و ئامادە دەکرێت بۆ پێشوازى لە توشبوان.
لەبارەى سەرچاوەى بەرکەوتنى توشبوەکانەوە، دکتۆر هیوا محمود، ئاماژەى
بەوەکرد، ئەوانەى تۆمارکراون هاتوچۆیان هەبوە بۆ شارى هەولێر و سلێمانى و لە
ئێستاشدا لە رێگەى (15) تیمەوە بەدواداچون دەکەن بۆ دۆزینەوەى ئەو کەسانەى
بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو توشبوانە هەبوە.