کوردستان 12:24 - 10/07/2020

وتەبێژی تەندروستی: دەبێت وەک هەڵگری کۆرۆنا مامەڵە لەگەڵ دەروێشە هاتوەکانی ئێران بکرێت

+ -

(سبەی):

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگەیاند: دەبێت وەک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا مامەڵە لەگەڵ هەمو ئەو دەروێشانە بکرێت کە لە ئێرانەوە هاتونەتە سلێمانی.

د.محەمەد خۆشناو، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە بۆ مەراسیمی پرسەی شێخ محەمەد کەسنەزانی هاتونەتە سلێمانی،  ده‌بێت وا گومان بكه‌ین هه‌ركه‌سێك له‌وانه‌ هه‌ڵگری کۆرۆنان، ئەوەش مه‌ترسیەکی یه‌كجار گه‌وره‌ دروست ده‌كات. پێویستە وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ك هه‌ڵگرێكی ڤایرۆ‌سی كۆرۆنا سه‌یری هه‌مو ئه‌وانه‌ بكه‌ین.

هۆشداریی دایە هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان کە نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و کەسانەدا هەبێت، دانانی ئەو پرسەیەش كارێكی زۆر ناته‌ندروست و زۆر نازانستییه‌ هه‌مو جۆره‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ئێستادا مه‌ترسی زۆر گه‌ورەیە.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی مەترسی خۆی نیشاندا لەوەی کە ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت لە دو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا كاره‌ساتی گه‌وره‌تر روبدات، چونکە به‌ركه‌وته‌كانی راسته‌خۆ له‌ماوه‌ی یەک بۆ دو رۆژدا ده‌رناكه‌وێت، بۆیە پێشنیاز ده‌كه‌ین و رێنماییان ده‌كه‌ین به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک خۆیان له‌و كۆبۆنه‌وه‌یه‌ به‌دور بگرن، داوا له‌ لایه‌نه‌ جێبه‌جێكارییه‌كانیش ده‌كه‌ین به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بتوانن رێگریی بكه‌ن لەو پرسە و کۆبونەوەیە بکەن.

وتیشی :"ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆبونه‌وه‌ و پرسه‌ و مه‌راسیمه‌ روبدات و تێكه‌ڵی هاوڵاتیان ببنه‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌و ژماره‌یه‌یه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ دو هێنده‌ و سێ هێنده‌ بەرزبێتەوە و ئەوکاتە له‌وانه‌یه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت و نه‌خۆشخانه‌كان پڕبب.

رۆژی شەممەی رابردو (4/7/2020) شیخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە تەمەنی (82) ساڵیدا لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە سلێمانی.

بۆ بەشدارییکردن لە مەراسیمی بە خاکسپاردن و پرسەکەی، دوێنێ پێنجشەممە سەدان شوێنکەوتو و دەروێشی کەسنەزانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرتن، دەروازەی سنوریی باشماخیان شکاند و خۆیان گەیاندە هەرێمی کوردستان، هەزاران کەسی دیکەش لە هەولێر و کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراقەوە گەیشتونەتە سلێمانی بۆ بەشدارییکردن لەو مەراسیمە.