کوردستان 10:42 - 11/07/2020

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە: دەوامى ساڵى داهاتو رەنگە بکەوێتە کۆتایی مانگى ئەیلول

+ -
(سبەى):

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ ئەگەر دۆخى تەندروستى بەرەو باشتر بڕوات ئەوا دەستپێکى دەوامى ساڵى داهاتو دەکەوێتە کۆتایی مانگى ئەیلول، ئەگەریش دۆخەکە بە خراپى مایەوە ئەوا پێویستیان بە راپۆرتى وەزارەتى تەندروستى دەبێت بۆ بڕیاردان.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لەبارەى دەستپێکردنى یەکەمین تاقیکردنەوەى کۆتایی ساڵ بە (سبەى) راگەیاند: لە سەعات چوار و نیوى بەیانییەوە لە وەزارەتى پەروەدە سەرقاڵى چۆنیەتى دابەشکردنى پرسیارەکان و ئامادەکردنى پێداویستییەکانى دەمامک  و پاکژکەرەوەین بۆ خوێندکاران کە راستەۆخۆ خۆمان سەرپەرشتى دەکەین و پێشتریش هەڵمەتێکمان ئەنجامدا و لەگەڵ پارێزگارى سلێمانى و ژورى ئۆپەراسیۆنەکانى روبەروبونەوەى کۆرۆنا کۆبوینەوە ئەو فەرمانگانەى کە پێویست بو بۆ ئەوەى هاوکارمان بێت وەک بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەبا و بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى و هێزەکانى ناوخۆ بە سوپاسەوە هەمو هاوکارمان بون کە ئەمەش رەنگدانەوەیەکى باشى هەیە لەناو هۆڵەکانى تاقیکردنەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە کارەباى بەردەوام بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەبا و موەلیدە ئەهلییەکان بۆ خوێندکاران دابینکراوە و تیمەکانى تەندروستى لە هەندێک هۆڵى تاقیکردنەوە دەگەڕێن بۆ دڵنیابونەوە لە سەلامەتى خوێندکاران لە روى تەندروستى جەستەیی و دەرونییەوە.

لەبارەى خوێندى ئەمساڵەوە کە بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە جیاوازتر بو لە ساڵان دڵشاد عومەر بە (سبەى) وت: لەبەرئەوەى ئێمە زو خوێندکارانمان ئاگادارکردەوە لەبارەى دۆخەکەوە و بڕیارەکانمان لە وەزارەتى پەروەردە دەرکرد، بەرچاورونییەک هەبو بۆ خوێندکارام کە مەنهەجى خوێندن چى داخڵە و و ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵانى رابردو خوێندکاران کاتێکى زۆریان بۆ پێداچونەوەى بابەتەکان هەبوە لەگەڵیشیدا لە لایەنى تەکنەلۆجییەوە خزمەتى خوێندکاران کرا

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى دەشڵێت: سەرەتاى مانگى ئەیلول تاقیکردنەوەى وەزرى دوەمى (12)ـى ئامادەییمان هەیە، لەبەر ئەوە دەستپێکردنەوەى خوێندى ساڵى داهاتو رەنگە بکەوێتە ناوەڕاستى مانگى ئەیلول ئەگەر ئەم ڤایرۆسى تێپەڕێت ئەگەر نا پێویستمان بە راپۆرتى وەزارەتى تەندروستى دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەى شێوازى دەوامکردن و بڕیاردان.