کوردستان 03:20 - 11/07/2020

مەسرور بارزانى: هەنگاوەکانى چاکسازى نەبوایە نەماندەتوانى هەندێک لەو کارانەش بکەین کە ئێستا ئەنجامى دەدەین

+ -

(سبەى):
مەسرور بارزانى، رەتى دەکاتەوە کە بڕینى موچە بەشێک بێت لە پڕۆسەى چاکسازى، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە ئەنجامدانى چاکسازى دەکاتەوە و دەڵێت: "هەرچەندە پڕۆسەى چاکسازى بە شەو و رۆژێک ئەنجامەکانى دەرناکەون، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوانەى چاکسازیی نەبوایە، نەمان دەتوانى هەندێک لەم کارانەى ئێستاش ئەنجام بدەین".

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتەیەکدا لە مەراسیمى دانانى بەردى بناغەى شەقامى (100) مەتریى سلێمانى، وتى:"لە سەرەتاى دەستپێکدرنى ئەم کابینەیە بەڵێنماندا بە باشکردنى ژێرخانى ئابورى، ئێستاش پیرۆزبایی لە خەڵکى شارى سلێمانى دەکەم بۆ جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە، راستە دەمێکە ئەم پڕۆژەیە بەڵێن بوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێمە لەم کابینەیە هەستیان بەو کارە و ئەمەش دەبێتە دەستکەوتێکى گەورە نەک بۆ سلێمانى بۆ هەمو کوردستان".

ئاماژەى بەوەشکرد کە حکومەت بەڵێنى خزمەتگوزاریى بە هەمو خەڵکى هەرێمى کوردستان داوە، هەرچەندە کێشەى ئابورى و پەتاى کۆرۆنا کەمێک دواى خستون لەو بەڵێنانە، بەڵام بەردەوام دەبین و وتى: "راستە ئێمە لە هەمو حیزبەکانەوە ئەم کابینەیەمان پێکهیناوە، بەڵام هەست بەوە ناکەین ئەم کابینەیە حیزبى بێت و وەزیرى حیزبیمان نییە لە حکومەت، ئەمەش وایکردوە تیمێکى کاریگەرمان هەبێت و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى روبەڕوى ئەم قەیرانانە ببینەوە بۆ ئەوەى ئەم پڕۆژانە لە کاتى پێویست جێبەجێ بکەین".

هەروەک باسى لەوەکرد کە هەرێمى کوردستان بەدەر نیە لەو قەیرانانەى ئەم لە ئەنجامى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت کەوتونەتەوە بەڵام هەوڵیان داوە خۆیانى لەگەڵ بگونجێنن، وتیشى:"داواکارم پڕۆسەى چاکسازى لەگەڵ ئەم قەیرانە تێکەڵ نەکرێت، پرۆسەى چاکسازى بە شەو و رۆژێک ئەنجامەکانى دەرناچن ئەگەر بەشێک لەم چاکسازییانە نەبوایە نەماندەتوانى هەندێک لەم شتانەى ئێستا ئەیکەین بیکەین، ئەو  خوێندنەوانەش دەکرێت کە بڕینى موچە بەشێکى لە پڕۆسەى چاکسازى ئەمە وانییە و ئێمە بەردەوام دەبین لە چاکسازى ئیدارى و بە هاوکارى کەرتى تایبەتیش دەتوانین زاڵ ببین بەسەر ئەم قەیرانانە و پێکەوە ژێرخانى ئابورى کوردستان باشتر بکەین و دۆخى ئابورى بەرەو پێش ببەین".

هەروەک باسى لەوەکرد کە خەمى گەورەى حکومەت دابەشکردنى موچەیە، بەڵام پرۆژەى ستراتیژى هەر بۆ خزمەتى خەڵکە و "هیوادارم ئەم دۆخە تێپەڕینین".


لەبارەى پرسى پێدانى دەسەڵات بە پارێزگارەکانیش سەرۆکى حکومەت وتى:"زیاتر لە پێشو ئێمە لەم کابینەیە دەسەڵاتمان داوە بە پارێزگارەکان، بەردەوامیش دەبین".