کوردستان 08:07 - 25/09/2020

قائیمقامی دەربەندیخان: دەبێت وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاری سنورەکە بکرێت

+ -

(سبەی):
قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە پێویستی دەزانێت وەبەرهێنان لەبواری کەرتی گەشتوگوزار لە سنورەکە بکرێت، بەتایبەتیش لەسەر روباری سیروان و ناوچەی شەمێران، بەوپێیەی ساڵانە گەشتیاران روی تێدەکەن.

بەختیار عەبدوڕەحمان، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لە لێدوانێکدا بە (سبەی) راگەیاند؛ قەیرانی دارایی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنورەکە پەکخستوە کە دەبوایە تەواو بکرانایە، ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان کە (70٪)ی تەواو بوە، لەگەڵ رێگای نێوان (زەڕایەن – دەربەندیخان) و هەروەها رێگای رێگای نێوان (کەلار – دەربەندیخان) کە ئێستا دەستکراوەتەوە بەکارکردن تێیدا، جگە لەوەش رێگای ناوچەی شەمێرانی گەشتیاری و شەقامی پەیمانگا، کە لەپارەی پترۆ دۆلاربوە، بەڵام وەستاوە.

قائیمقامی دەربەندیخان دەڵێت: پڕۆژەی گرنگ لە داهاتودا بریتییە لە وەبەرهێنان لەبواری کەرتی گەشتوگوزار لەسەر، بەدیاریکراویش لەسەر روباری سیروان و ناوچەی شەمێران.

سەبارەت بە روبەری سەوزایی لە قەزاکە، بەختیار عەبدوڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد، شارەوانی دەربەندیخان لەماوەی رابردودا (46) باخچەیان دروست کردوە، لەگەڵ سەوزکردنی (10) کیلۆمەتر لە نێوان شەقامەکان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دەربەندیخان سێ پارکی دروست کردوە.

رونیکردەوە کە سێ پڕۆژەی نوێ بۆ دروستکردنی باخچە لەلایەن شارەوانییەوە پێشکەش کراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە رێکخستنەوەی شەقامەکان و نیگەرانی هاوڵاتیان لە زۆری ماتۆڕسکیلی بێ مۆڵەت، قائیمقامی دەربەندیخان باسی لەوەکرد، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردوە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی قەزاکەش بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ دەست بەسەدراگرتنی ماتۆڕسکیلە بێ مۆڵەتەکان.


ئا/ دێکان عەلی