(سبەى):
ئەندامێکى خانەى
راپەڕاندن رایدەگەیەنێت؛ دو بەرەکی و گەندەڵی وەک دو دەردی کوشندە، بڕوا و ئومێد و متمانەی
بەپرسی کورد و بە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نەھێشتوە تا رادەیەکی زۆر، لە دەستدانی
نیوەی خاکی کوردستانیش، میللەتی کوردی بێ هیواترکرد بە قەزیەکەی، بە پارتی و یەکێتی
و ھێزە سیاسیەکان.
جەلال جەوهەر،
ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە وتارێکدا کە لە بەشى بیروراى (سبەى)
بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە راپەڕین و روداو و پەرەسەندنەکانی دواتر، ھەلێکی
لەبار و زێڕینیان رەخساند بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی لایەنەکان لەگەڵ جەماوەر، و چاککردنی
پەیوەندی نێوان لایەنەکانی کوردستان، بەڵام تەمەنی پەیوەندی باشی جەماوەری
کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان زۆر کورت بو، "بەهۆی پشتگوێ خستن و پێشێلکردنی
رۆڵ و مافەکانی جەماوەر و لەبەر سەرقاڵی و سەرگەرمی هێزو لایەنە چەکدارەکان، بە شەڕو
ململانێ و گەندەڵی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی".
ئاماژە بەوەش
دەکات کە گەندەڵی بەرفراوان و هەمە لایەنە و شەڕ و ململانێی حیزبایەتی بۆ بەرژەوەندی
کەسیەتی و حیزب، ئێش و ئازاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، دەرونی،... گەیاندوەتە
بەشێکی زۆری تاکەکانی کوردستان.
دەشڵێت: "ئەم
ھەمو قەیرانە سیاسی و ئابوری و داراییە یەک لە دوای یەکە و ئەو گەندەڵیە بێسنورە
لە ھەرێم وعێراق، و بێ ئیرادەیی لە چاکسازی، وشکستھێنان لە دروستکردنی ھەرێمێکی یەکگرتو
و حکومەتێکی یەکگرتو، ھێزێکی چەکداری یەکگرتو و ئابوریەکی یەکگرتو و پەیوەندیەکی
سیاسی یەکگرتو لە هەرێمی کوردستان، بڕواو قەناعەتی لای بەشێک دروست کردوە، کە ئەم
هێزانە ئەهلی حکومڕانى و ئەهلی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی نین، چونکە سەرەڕای
دروست نەبونی دامەزراوەی نیشتیمانی، لە سایەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا، میللەت زوڵم
و ناڕەوایی زۆری لەگەڵدا کراوە، و بێ بەشکرا لە بەشێکی زۆری مافە سیاسی و دارایی و
ئابوری و پەروەردەیی و خزمەتگوزاریەکان".
ئەندامەکەى
خانەى راپەڕاندن پێیوایە؛ رەواندنەوە و نەھێشتنی مەترسیەکان بەوە دەبێت، کە دەسەڵات
خۆی چاکبکات وەک ھەنگاوی یەکەم، چونکە ھێزولایەنە چەکدارەکانی دەسەڵات گەورەترین ھەڕەشە
بون بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان بەھۆی گەندەڵی و نەبونی دیموکراسی راستەقینە
و پابەندبون بەجێبەجێکردنی دەستور و یاسا دەبێت، "ھەر بەوەش دادپەروەری و یەکسانی
و سەقامگیری تەواو و یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێ".
دەقى وتارەکە:
ململانێی زلھێزەکان
و مەترسیەکانی لەسەر کوردستانی عێراق - بەشی سێیەم