(سبەى):
ئەو زیندانییە سیاسییانەى بۆ بەدەستهێنانى ماف و شایستەکانیان سەردانى بەغدایان کرد رایدەگەیەنن؛ دوای بێ ئومێدبونیان لە حکومەتی هەرێم بە وەڵامنەدانەوەى داواکارییەکانیان سەردانی بەغدایان کردوە، بە ئامانجى ئەوەى ماف و ئیمتیازاتەکانیان هاوتاى زیندانیانى سیاسى عێراق بکرێت.
پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە (26/9/2020)، بەشێک لە زیندانیانى سیاسى لەبەردەم مۆزەخانەى نیشتیمانى ئەمنەسورەکە لە شارى سلێمانى گردبونەوە و محەمەد پشدەری بە نوێنەرایەتى زیندانیانی سیاسی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا چەندین جار داوایان لە حکومەتی هەرێم کردوە ماف و ئیمتیازاتەکانیان هاوتای زیندانیانی سیاسی بەغدا بکرێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە و داواکارییەکەیان بە ئەنجام نەگەیشتوە، بۆیە کۆتایى هەفتەى رابردو وەک نوێنەری زیندانیانی سیاسی سەردانی بەغدایان کردوە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کۆبونەوەتەوە و داواکارییەکانیان پێشکەش کردون.
باسى لەوەشکرد کە لەو سەردانەدا دژى حکومەتى هەرێم و کۆمکارى زیندانیانى سیاسى نەوەستاونەتەوە، تەنها داواکارییەکانیان پێشکەش کردوە بۆئەوەى مافەکانیان بەدەستبهێنن و وتیشى:"ئامادەى هەر هاوکارییەکین لەگەڵ ئەو لایەنانە لە پێناو بەدەستهێنان و هاوتاکردنى ماف و ئیمتیازاتى زیندانى سیاسى لەسەر هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین".
سلێمانى/ بڕیار نامیق