دیمانە 10:00 - 09/11/2020

کامیل قەزاز: ئامانجمان زیادکردنى بڕى کارەبایە بۆ هاوڵاتیان بە نرخێکى کەم

+ -

دیمانە: (سبەى)


بریکاری وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت؛ پلانیان ئەوەیە وەرزى زستانى ئەمساڵ هاوشێوەى هاوین کارەباى نیشتیمانى بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت و دەڵێت:"پلانمان ئەوەیە وەرزى زستان (19 بۆ 20) سەعات لە شەو و رۆژێکدا کەمتر نەبێت".


کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی)، ئەوەدەخاتەڕو کە  پڕۆژەى پێوەرى زیرەک بەفیڕۆچونى کارەبا بە نزیکەیى بە بەهاى (586) ملیار دینار دەگێڕێتەوە و دەشڵێت: "پلانى وەزارەت ئەوەیە و کاریشمان لەسەر کردوە کە پڕۆژەکان بە هاوسەنگى لە شارەکان جێبەجێ بکرێن".

ئاماژە بەوەش دەکات کە بابەتى بەتایبەتکردنى کەرتى تایبەت ئامانجەکەى ئەوەیە بڕى کارەباى بەرهەم هێنراو زیاد بکەین و نرخ لەسەر هاوڵاتیانیش گران نەبێت

-چارەسەرى ریشەیى نەهێشتنى کەمى کارەبا بە چى دەکرێت؟
کامیل قەزاز: سەبارەت بە بونى کارەبا لەم وەرزانەدا کارەبا لە وەرزى زستان و هاوییندا لەبەر ئەوەى لۆدمان لەسەرە زۆرجار کەمى کارەبا لەوکاتانەدا دەردەکەوێت، بەڵام سەبارەت بە بەرنامەى ئەمساڵ کە جیاوازە لە ساڵانیتر بە حوکمى ئەوەى کە کابینەى نۆ لە کاردایە و ئەم کابینەیەش جێدەستى دیارە و دەزانین کە ئەمساڵ لە هاوییندا چەندێک کارەبا جیاوازى هەبو لەگەڵ پار و پێراردا، سەبارەت بە زستانی داهاتوە کە جەنابت پرسیارت کرد ئێمە بەرنامەمان هەیە لە زستانى داهاتو وەک هاوین کارەبامان هەبێت لەگەڵ ئەوەش بەرنامەمان هەیە (500) مێگاى دیکە بێتە سەر شەبەکەکە واتا لە چاکسازى وەحدەکانى کە ئێمە هەمانە (500) مێگاى دیکە بێت ئەگەر ئەمە بێتو بکرێت سەبارەت بە کارەبا سەعاتەکانى بڕینى کارەبا لە چوار بۆ پێنج سەعات زیاتر نابێت ماناى ئەوەیە بە لایەنى کەمەوە ئێمە دەتوانین (19) بۆ (20) سەعات کارەبا بدەین بە هاوڵاتیان، سەبارەت بە چارەسەرى ریشەیی بۆ کارەبا هەڵبەتە لاى ئێمە زەحمەتە لەبەر ئەوەى بارێکى ئابورى خراپمان هەیە قەیرانێکى زۆرمان هەیە بێموچەیی هەیە و بیرمان نەچێت لە زستاندا ئێمە سوتەمەنیمان پێویستە و سوتەمەنى کەمە، هەڵبەتە ئەمساڵ خۆشبەختانە وەکو باس کرا حکومەت دەتوانێت بەرمیلێک نەوت بدات بە هاوڵاتیان کە ئەمە تۆزێک بۆ ئێمە باشترە ئەگەر سوتەمەنى هەبێت خەڵک کارەبا لەجێى سوتەمەنى بەکار ناهێنیت، لە هیچ شوێنێکیشدا کارەبا وەک سوتەمەنى بەکارنایەت، ئەگەر ئەمانە ببێت هەڵبەتە دۆخى کارەبا باش دەبێت، چارەسەرى ریشەیی بە دیدى ئێمە بۆ کارەبا ئەوەیە؛ هاوڵاتیان لەگەڵماندا هاودەست بن بۆ سەرفکردنى کارەبا، هەڵبەتە ئێمە لێرە لە هەرێمدا کارەبا بەرهەمێکى باشمان هەیە بەراورد بە عێراق زۆر باشین و لە هاوییندا گەیشتینە (3800) مێگاوات و لە داهاتودا ئەگەینە (4000) لەم زستانەدا هەڵبەتە ئەمە باشە و دەتوانین بۆ هاوڵاتیان بەکارى بهێنین، ئەم چارەسەرەى کە باسمان کرد بکرێت ئێمە چەند تەوەرێکمان هەیە بۆ چارەسەر یەکێکیان پێوەرى زیرەکە کە ئەمەش پارەیەکى زۆرمان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە لە کارەبادا سەرفى دەکەین.


_ئامانجتان لە بەتایبەتکردنى کەرتى کارەبا چییە؟

کامیل قەزاز: بەتایبەت کردنى کەرتى کارەبا هەڵبەتە ئێمە وەک چارەسەر سەیرى دەکەین، چاکسازییە لە بەرنامەى کابینەى نۆ ئێمە بۆ چارەسەرى کارەبا باسى دەکەین ئەگەر بێتو کارەبا بدەینە کەرتى تایبەت هەڵبەتە چەند سودێک دەبینێت یەکەم؛ ئامانجمان کارەباى (24) سەعاتە، دوەم؛ ئامانجمان ئەوەیە کە کارەبایەکى کوالێتى باش بەماناى کارەباى بەردەوام هەبێت و بە شێوەیەکى باش هەیبێت، سێهەمیان؛ ئامانجمان ئەوەیە کە کارەبایەک بێت لە نرخى خۆیدا بێت واتا نرخ زیاد نەکات، چوارەم؛ ئەوەیە دو پارەى کارەبا نەدەین پارەى موەلیدە و کارەباى رەئیسى هەرچەندە موەلیدەکانیش کاسبى دەکەن بەڵام کاسبییەکە کە ئێستا حاسڵ بوە، ئەم چوار ئامانجە ئێمە هەدەفمانە بیانپێکین.

-هەرێمى کوردستان زەمینەسازیى ئەوەى هەیە جگە لە ئاو، چ بە تیشکى خۆر چ بە هەوا کارەبا بەرهەم بهێنێت بۆچى بیر لەو رێگە چارانە ناکرێتەوە؟
کامیل قەزاز: بەڵی لە کابینەى نۆدا چەند گرێبەستیک کراوە لەوەدا (25) مێگاوات سۆلار بۆ هەرسێ پاریزگاکە کە دەکاتە (75) مێگاوات و نزیکەى (10) پرۆژەمان هەیە کە هایدرۆپڵاسى پێدەڵێن کە پەیوەندى بە ئاوەوە هەیە و پەیوەندى بە سەددەکانەوە هەیە کە ئەمانە گرێبەستى رینۆبڵ ئێنرجین کە جەنابت باسى دەکەیت.


-کارەکانى پێوەرى زیرەک بەچى گەیشتن؟ وەک ئەوەى باس دەکرێت بەفێڕۆدان کەم دەکاتەوە و بژاردەیەکى سەرکەوتوە یان وەک بەشێکى پڕۆژەکانى دیکە سەرەنجام شکست دەهێنێ؟ چونکە بەشێک لە هاوڵاتیان بە ئەزمونى رابردو گومانیان هەیە

کامیل قەزاز: پڕۆژەى پێوەرى زیرەک پڕۆژەیەکى زۆر ستراتیژییە بە نسیبەت کارەباو و حکومەتى هەرێمیشەوە لەبەر ئەوەى پڕۆژەى پێوەرى زیرەک بەفیرۆچونى کارەبا کەمدەکاتەوە من لەوبارەیەوە راپۆرتیکم بۆ لیژنەى وزەى پەرلەمان ئامادەکرد بە تەقدیرى ئەگەر حسابى بکەین لە ساڵێکدا بەنزیکى بە فیڕۆچونى کارەبا (586) ملیار دینار دەگێڕێتەوە ئەگەر بتوانین کۆنتڕۆڵى بکەین و ئەو دیدەى کە ئێمە هەمانە بەدیبێت ماناى ئەوەیە پڕۆژەى پێوەرى زیرەک زۆر ستراتیژییە و جێبەجێکردنەکەیشى (35%) نزیک بوەتەوە  لە هەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان بە گەرمیانیشەوە.

-ماوەیەک پرسى دانانى جۆزەى 20 ئەمپێرى گەرم بو، ئەو بابەتە بەچى گەیشت بۆ شکستى هێنا لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوڵاتیان پێى قایل بون بەو مەرجەى کارەباى بەردەوامیان هەبێت؟

کامیل قەزاز: پڕۆژەى (20) ئەمپێرى پڕۆژەیەک بو لە حکومەتى خۆجێیی خۆماندا جێبەجێ کرا ئەو پرۆژەیە کە جێبەجێ کرا لە قەزا و ناحییەکانى دەورى سلێمانیدا جێبەجێکرا بە جۆزە تەنفیزمان کرد فکرەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى بو  و زۆر فکرەیەکى پێشکەوتو سەرکەوتو بو توانى سەعاتى پێدانى کارەباى هەندێک ناوچە  زیاد بکات نەک بیکات بە (24) سەعات بۆ نمونە، لە سلێمانیدا ئەگەر کارەبا (14) سەعات درابێت لەو جێگایانەى کە کراوە بە (20) ئەمپێر لە (20) سەعات و (19) سەعات کارەبایان وەرگرتوە بە حوکمى ئەوەى کە ئەو کارەبایەى بۆمان دیت بەش بەش بکرێت بەشى ئەو ناوچەیەى کە (20) ئەمپێرى هەبێت ئەوەندە مێگاوات و لە جیاتى ئەوەى کە سەرفیبکات بە (14) سەعات یان (15) سەعات بە (18) سەعاتى سەرفى دەکات وەک ئەوەیە تەنکییەک ئاوت هەبێت یان ئەوات بە سەعاتێک سەرفى بکەیت یان بە (10) سەعات تەواوى بکەیت.

-ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان چەندە و خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا چەندە، دەوترێت گرفتە کە ئەوەیە حکومەت پێ بەپێ لەگەڵ زیادبونى خواست و هاوبەشانى کارەبا بەرهەم زیاد ناکات؟

کامیل قەزاز: ئێستا خۆشبەختانە  لەبەر ئەوەى لە پاییزداین خواست کەمە تەقریبەت بەرهەمهێنان و خواست نزیکن لەیەکەوە ناڵیم بەقەدەر یەکن بەڵام نزیکن لەیەکەوە، بەڵام ئێمە لە زستان و هاویندا خواستمان زۆر دەبێت خواستەکە دەکاتە شەشە هەزا مێگا و زیاتر لە زستاندا لەبەر ئەوەى کارەبا وەک سوتەمەنى و لە هاویندا خەڵک بۆ فێنککردنەوە کارەبا بەکاردێت بەڵام ئێمە ئەو محەتانەى هەمانە و ئەتوانین کارەبا بەرهەم بهێنین نزیکەى (5500) بۆ (6000) دەتوانین بەرهەم بهێنین بەڵام یەکەم گرفت کە هەمانە  و ناتوانین بگەینە ئەو رێژەیە کە لە پێشەوە باسم کرد (3800) گەیشتوین سوتەمەنییە، سوتەمەنیمان کەمە و پارەى پێویست نییە بۆ کڕینى گاز و سوتەمەنى بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکان.

-باس لەوە دەکرێت کە پڕۆژەکان بە هاوسەنگى لەنێوان ناوچەکاندا جێبەجێ ناکرێن، ئەم کابینەیە وا وێنا کراوە رەنگدانەوەى زۆرینەى لایەنە براوەکان و کابینەى خەڵکە،پلانتان چییە بۆ رەواندنەوەى ئەو گومانە لاى هاوڵاتیانى ناوچە جیاوازەکان؟

کامیل قەزاز: ئێمە هاوسەنگى پڕۆژەکان و بودجەى پڕۆژەکان هەموى وەک یەک دابەشدەکرێت بەپێى پێویست و بەپێى ئەو داواکارییانەى کەوا لە هەر سێ پارێزگاکەوە دێت و دەچێتە وەزارەت و لە وەزارەتەوە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران و وەرگرتنى رەزامەندى پێیان لە هەرسێکیان وەک یەک بێت بە یەک چاو سەیر دەکرێن بەڵام ئیتر زۆر و کەم دەکەوێت بەڵام بە نیسبەت هەمویانەوە وەک یەک بە یەک چاو سەیر دەکرێن و وەک یەکیشى بۆ دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار