دیمانە 05:07 - 16/11/2020

لەشکر حەمید: لێپێچینەوە لە بونى هەر خۆراک و کاڵایەکى بەسەرچو دەکەین

+ -

(سبەى):
لەشکر حەمید، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) ئاماژە بە کار و ئەرکى لیژنەکانیان دەکات لە بەدواداچون بۆ فرۆشگا و خواردنگە و شوێنە گشتییەکان و ئەوە دەخاتەڕو کە ئەولەویەتیان لە ئیستادا پابەندکردنى شوێنەکانە بە رێنمایى و رێکارەکانى خۆپارێزى و لەگەڵ ئەوەشدا لێپێچینەوە لە بونى هەر خۆراک و کاڵایەکى بەسەرچو دەکەن.

دەشڵێت: "لە (15) رۆژى رابردودا لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە دەست بەسەر زیاتر لە (17) تەن خۆراک و کاڵاى بەسەرچو گیراوە و لەناوبراون، رێکارى یاساییش بەرامبەر ئەو شوێنانە گیراوەتە بەر کە خۆراک و کاڵاى بەسەرچویان هەبوە، لە هەردو مانکى (9 و 10)ى ئەمساڵیشدا (11) هەزار بەسەرکردنەوەمان هەبوە و لە ئەنجامیدا زیاتر لە (300) پسوڵەى سەرپێچیمان کردوە".

* چەند لیژنەتان هەیە و چۆن ئەرکەکانیان دابەشکراوە بۆ چاودێریکردنى نرخ و فرۆشگا و ئەو شوێنانەى پێویستە لەژێر چاودێرى بازرگانى و تەندروستیدا بن؟
لەشکر حەمید: ئێمە وەک لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى (38) تیممان هەیە، بەپێى پسپۆڕییان رۆژانە لە پێنجى بەیانییەوە ئەرکەکانیان دەستپێدەکات بە مەبەست و ئامانجى بەدواداچون بۆ شوێنەکان و تا سەعات (1:00)ى شەو کارەکانى لیژنەکان بەردەوام دەبێت بە پێى پسپۆڕى و ئەرکەکانیان سەردانى شوێنە گشتیەکان دەکات و هەمو ئەو رێکارانەى پێویستە پێوەى پابەند بن لەروى تەندروستى و سەمەتى و کشوکالى و سوتەمەنى و بیناسازى سەلامەتى.
لەو کاتەشەوە کە پەتاى کۆرۆنا سەرى هەڵداوە و بڵاوبوەتەوە، کارى لە پێشینەى لیژنەکانمان بەدواداچون و لێپێچینەوەیە بە ئامانجى جێبەجێکردنى رێنمایى و رێکارەکانى خۆپارێزى، رێنماییان دەدەنێ ئەگەر پابەند نەبون ئاگادار دەکرێنەوە لەکاتى چەند بارەکردنەوەى غەرامە دەکرێن و دواتریش لێپێچینەوەى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

* زۆرن ئەو حاڵەتانەى لیژنەکانى ئێوە دەستیان بەسەردا دەگیرێن لە بەکارهێنان و فرۆشتنى ئەو خۆراکانەى بەسەرچون یان خراپبون، هۆکارى ئەوە چیە؟
لەشکر حەمید: بەداخەوە، لە چەند رۆژى رابردودا ئێوە لەگەڵ تیمەکانماندا بون کە دەستمان بەسەر جگەر و گۆشتى هاوردەدا گرت، جگەر و گۆشتى بەستوى هاوردە لە ساڵى (2007)ەوە قەدەغە کراوە، چونکە رێژەیەکى زۆر مەوادى حافیزەى تێدایە و رێگە پێنەدراوە، بەڵام بە شێوازى نایاساى دەهێنرێتە هەرێمى کوردستان و شارى سلێمانیش و لەلایەن هەندێک فرۆشگا و خواردنگەوە بەکاردەهێنرێن.

نرخى جگەرى هاوردەکراوى مریشک، دو بۆ سێ هەزار دینارە، بەڵام نرخى جگەرى رێگەپێدراو و فرێشى خۆماڵى (12 بۆ 13) هەزار دینارە، بۆیە بەداخەوە لەلایەن هەندێک فرۆشگا و خواردەمەنییەوە بەکاردەهێنرێت و دەدرێتە کڕیاران. بەو پێیەى کە ئەو جگەر و گۆشتانە قەدەغەکراون ئەو شوێنانەى بەکاریان دەهێنن لە شوێنى ناتەندروست و دور لە چاوى لیژنەکان هەڵیان دەگرن، بۆیە ئێمە رۆژانە بەدواداچونى ورد دەکەین بۆ ئەو بوارە و لە هەر شوێنێک دەستیان بەسەردا بگرین لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەین.

* باسى ئەو فرۆشگایەت کرد کە هەفتەى رابردو تێیدا دەستتان بەسەر جگەر و گۆشتى بەستوى قەدەغەکراودا گرت، چ رێکارێک بەرامبەر خاوەنەکەى دەگیرێتە بەر؟
لەشکر حەمید: دەست بەسەر ئەو بڕە جگەر و گۆشتەدا گیرا کە لە دوکانەکەدابو، خواردنگەکەشى داخرا و لەلایەن بەشى یاسایى قائیمقامیەتیشەوە سكاڵاى یاسایى لەسەر تۆمار دەکەین و خاوەنەکەى دەدەینە دادگا.

* جگە لە خواردنگەکان، زۆرێک بژێویان لەسەر فرۆشتنى خواردنە لەسەر عەرەبانە و دەستگێڕن، ئەوانە تا چەند تەندروستن، ئایا لەکاتى سەرپێچیدا لێپێچینەوە لەوانیش دەکەن؟
لەشکر حەمید: لەبەر ئەوەى ئەوان مۆڵەتى رەسمى لایەنى پەیوەندیداریان نییە، ئێمە تەنها دەتوانین لە رێکارەکان بەرامبەریان لەکاتى سەرپێچیدا تەنها خواردنەکەیان دەستى بەسەردا بگرین و تەلەفى بکەین، ناتوانین پسولەى سەرپێچیان بکەین، بەڵام من وەک نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى دەڵێم ئەو خۆراکانەى لە دەستگێڕەکان دەفرۆشرێن مەرجى تەندروستى و سەلامەتى نییە چونکە داخراو نیە و سارد کەرەوە و دەستشۆرى تێدا نییە بەشێکیان شەوان لە شوێنى کراوە و دەرەوە جێدەهێڵرێن.
بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەم تا دەتوانن خواردەمەنى دەستگێڕەکان بەکار نەهێنێنن.

* ماوەیەکە دواى ئەو قسەوباسەى لەسەر ئەو گۆشت و مریشکە کرا کە لەسەر سینى و لە بەشێک دوکانەکان بە نرخى فرێش دەفرۆشرێن، گومان و دودڵى دروست بوە لاى هاوڵاتیان، ئایا متمانە بە چ گۆشت و مریشکێک بکرێت؟
لەشکر حەمید: بەشێکى زۆرى ئەوەى هەیە تەندروستە، بەڵام بەداخەوە لەماوەى چەند رۆژى رابردو لە ئەنجامى ئەو بەدواداچون و پشکنینانە ئەنجاممانداوە (15) پسوڵەى سەرپێچیمان کردوە بۆ ئەو مریشک فرۆش و دوکاندارانەى مریشکیان لەسەر سینى داناوە و بەناوى مریشکى فرێشەوە دەیفرۆشن، بەڵام بەشێکیان مریشکى بەستون و خاوکراونەتەوە، بۆیە لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەن دوکانەکان دەکەین.
داواکارین هاوڵاتیان لەو شوێنانە مریشکى فرێش بکڕن کە مۆڵەتى تەندروستى و ڤێتەرنەریان هەیە، ئەگەر مریشکى بەستوشیان کڕى خۆیان خاوى بکەنەوە و ئامادەى بکەن، بەهیچ شێوەیەک ئەو مریشکانە نەکڕن کە لەسەر سیسنى دانراون چونکە هەندێکیان غەشیان تێداکراوە و مریشکى بەستون و بەناوى فرێش دەفرۆشرێن.

* لەماوەى 15 رۆژى رابردودا دەستتان بەسەر چەند تەن خۆراکى بەسەرچودا گرتووە؟
لەشکر حەمید: لە (15) رۆژى رابردودا لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە دەست بەسەر زیاتر لە (17) تەن خۆراک و کاڵاى بەسەر چو گیراوە و تەلەف کراون، رێکارى یاساییش بەرامبەر ئەو شوێنانە گیراوەتە بەر کە شتى بەسەرچویان هەبوە.
تەنها لەماوەى ئەو (15) رۆژەشدا لەرێگەى سەرجەم لیژنەکانمانەوە زیاتر لە (سێ) هەزار و (500) سەردانمان کردوە بۆ شوێنە گشتیەکان لە سلێمانى، لە هەردو مانکى (9 و 10)ى ئەمساڵ (11) هەزار بەسەرکردنەوەمان هەبوە و لە ئەنجامیدا زیاتر لە (300) پسوڵەى سەرپێچیمان کردوە، زیاتر لە (250) پسوڵەى ئاگادارکردنەوەشمان کردوە.
شێوازى کارى ئێمە ئەوەیە ئەگەر شوێنێک تازە کرابێتەوە و ئاگادارى رێنمایى و رێکارەکان نەبێت، تەواوى رێنماییەکانى پێدەڵێین، دواى ئەوە ئەگەر شوێنەکە سەرپێچى کرد پسوڵەى ئاگادارکردنەوەى بۆ دەکرێت و غەرامە دەکرێت، بەڵام ئەگەر جارێکى دیکە سەرپێچى بکات یان شتى بەسەرچوى هەبێت راستەوخۆ سکاڵاى یاسایى لەسەر تۆمار دەکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار