جۆراوجۆر 09:52 - 19/02/2021

کەشتییەکەی ناسا لەسەر مەریخ نیشتەوە و یەکەم وێنەی رەوانەی زەوی کرد

+ -

(سبەی):
کەشتی (بیرسیفیرانس)ی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا ناسراو بە (ناسا) لەسەر روی هەسارەی مەریخ بەسەرکەوتویی نیشتەوە و یەکەم وێنەی رەوانەی زەوی کرد.

کەشتییەکە لە باکوری هێڵی ناوەندی مەریخ نیشتوەتەوە و دوای ئەوەی ئاژانسی ناسا دڵنیا دەبێتەوە لە سەلامەتی کەرەستە و سیستمی کەشتییەکە، بە ئەرکێکی چەند مانگی دەستبەکار دەبێت.

لەکاتی گەیشتنیشیدا کەشتییەکە یەکەم وێنەی خۆی رەوانەی زەوی کرد.

کەشتی (بیرسیفیرانس)ی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا لەرێگەی موشەکی (ئەتڵەس ڤی)یەوە لە فڕۆکەخانەی بۆشایی ئاسمانی لە کانافراڵی ویلایەتی فلۆریدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردو بەڕێکەوت و دوای بڕینی زیاتر لە (450) ملیۆن کیلۆمەتر، دوێنێ پێنجشەممە (18/2/2021) گەیشتە مەریخ.

بڕیارە کەشتییەکە لە مەریخ نمونەی خاکی هەسارەکە وەربگرێت و دواتر لەرێگەی ئامێرێکەوە رەوانەی خولگەی مەریخی بکات و پاشان بە کەشتییەکەی دیکە رەوانەی زەوی بکرێتەوە.