لە میدیاکانەوە 08:44 - 19/02/2021 هانا رەزا

چۆن ورچەکانی کوردستان ئازاد بکرێن؟

+ -

(سبەى):

هەرچەندە لە ساڵى (2019)دا کۆمەڵێک ژینگە پارێز و رێکخراوى تایبەت بە پاراستنى ژینگە و ئاژەڵان هۆشدارییان دا لە رێکارەکانى تایبەت بە ئازادکردنى ئەو ورچانەى لە هەرێمى کوردستان ئازاد دەکرێن و چەندین مەترسییان خستەڕو، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەک ورچى دیکە لە چیاى گارە بە سەرپەرشتى رێکخراوێکى کوردى- ئەمەریکى ئازاد کران.
(سبەى) بە پێویستى زانى کە راپۆرتێکى تایبەت بە رێکارەکانى ئازادکردنى ورچ و ئەو رێکارانە بخاتەرو کە لە کاتى ئازادکردنیاندا پێویستە بگیرێنەبەر و رەچاوى پێودانگ و رێکارە ستانداردە جیهانییەکان بکرێت. راپۆرتەکە لەلایەن هانا رەزا نوسراوە و لە سایتى (bearbiology.org) بڵاوکراوەتەوە:

دەقى راپۆرتەکە:
پێویستە ئازادکردنى ورچەکان لە کوردستان رابگیرێت

 

لەمانگى نیسانى 2017وە بەرنامەیەکى هەرەمەکى و بێپلان لەلایەن رێکخراوی هەماهەنگى کوردى- ئەمەریکییەوە دەستپێکرا بۆ ئازادکردنى ورچەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو دارستان و چیاکانى هەرێمى کوردستان. لە یەکەم قۆناغدا و لە رێکەوتى 8ى نیسانى 2017 چوار ورچ لە قەزاى چۆمان و لەنزیک ناشناڵ پارکى هەڵگورد- سەکران ئازادکران، چەند رۆژێک دواتر یەکێک لە ورچەکان لەلایەن دانیشتوانى ناوخۆى ئەو ناوچانەى دەوروبەرەوە کوژرا. ئەو ورچانە کڕدرابون چ لە کەسانى تایبەت یاخود لە باخچەى ئاژەڵان لە کەرکوک و سلێمانى و هەولێر و دهۆک. هەندێ لەو ورچانە لەلایەن چەند دانیشتویەکى ناوخۆى هەرێمى کورستانەوە بەخێ،کرابون و گەورەکرابون و لاى خۆیان پاراستبویانن. قۆناغى دوەمى ئازادکردنى ورچەکان بریتى بو لە ئازادکردنى دو ورچ لە رێکەوتى 4ى مارسى 2018 لە چیاى گارە. یەکێک لەو ورچانە تەمەنى سێ ساڵ بو هەروەها دوگیانیش بو، ئەوى دیکەشیان تەمەنى حەوت ساڵ بو کە لە روسیاوە هێنرابوە ناو هەرێمى کوردستان. ئەمە پرسیارێک دەوروژێنێت کە ئاخۆ چۆن ئەم ورچانە لەڕوى بۆماوەییەوە دەتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو دانیشتوانەى کە ئازادیان کردون و هەروەها لەگەڵ ئەو مامەڵە و هەڵسوکەوتە نەگونجاوانەى کە لە کاتى دەستگیرکردنیاندا لەگەڵى راهاتون یەکەم سکاڵاى ناوخۆیى لەپاش قۆناغى دوەمى ئازادکردنى ورچەکانەوە لە (12)ى مارسی (2018) تۆمار کرا کە تیایدا باس لەوە کرابو یەکێک لە ورچەکان شوێنى نیشتەجێبونى دانیشتوانى ئەو ناوچانەى لێى ئازادکراون جێناهێڵێـت و رو ناکاتە چیاکان و هەروەها لە نزیک بنکەکانى پۆلیس دەسوڕێتەوە. راپۆرتەکە کە لە تۆڕی میدیایى روداو بڵاوکرایەوە، لێدوانى لە پۆلیس وەرگرتبو کە ئاماژەى بەوە دەکرد ورچەکە برسی بوە و بەردەوام لە برسا چوەتە لایان بۆ خواردن. مەبەست لە ئازادکردنى ئەو ورچانە بریتى بو لە دوبارە بوژانەوەى ژیانى ورچە قاوەییەکان، بەڵام هەوڵدان بۆ هێنانەدى ئەو ئامانجە لەسەر بنەمایەکى زانستى نەکراوە، رێنماییەکانى رێکخراوى یەکێـى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى سروشت (IUCN) لەبەرچاو نەگیرابو هەروەها بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەوەى کە ئاخۆ ئەوان تەنها گرنگى بەو جۆرە لە ورچ دەدەن یان جۆرى دیکەش. ئەو خەڵکانەى بەشدار بون لە پڕۆسەى ئازادکردنى ورچەکان، چالاک و پسپۆر نەبون لە بوارى ئاژەڵاندا و هیچ پێشبینەیەکیان نەبو لە بوارى پاراستنى ورچەکان یان تەنانەت لەسەر خودى ورچەکانیش. لەهەمان کاتدا ئەو ناوچانەى کە ورچەکانی لێ ئازاد دەکران خوێندنەوەى هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکرابو. دیراسەى ئەوە نەکرابو کە ئاخۆ ورچى دیکە لە ناوچەکە بونى هەیە یاخود ئایا لەو ناوچەیە خواردنى پێویست بۆ ورچەکە بەردەستە بۆ ئەوەى لە ژیاندا بمێنێتەوە یان دیراسەى ئەوە نەکرابو کە نابێت ئەم ورچانە بەریەککەوتنایان هەبێ لەگەڵ گوندنشینانى ناوچەکە. هەرچەندە بۆچونى جیاواز هەیە لەنێوان پسپۆڕاندا لەبارەى ئەم پرسەوە و هەروەها ناوچە جیاجیاکان لەسەر ئاستى جیهان پێویستیان بە رێکار و مامەڵەى جیاواز بە خۆیان هەیە، دەکرێ بوترێت کە ئەوە کارێکى زۆر سەرکێشى و پڕ ئاڵنگارییە کە بتوانرێـت پڕۆسەى دوبارە نیشتەجێکردنەوە و راهاتنەوەى ورچەکان لەگەڵ سروشت بێتەدى بەتایبەت لە کاتێکدا زۆر قورسە بتوانرێت بێچوە ئاژەڵ کە لەلایەن مرۆڤەوە بەخێوکراوە ئازاد بکرێ بە رێگایەک و دواتر بتەوێ هەمو توانا و لێهاتویى خۆى لەنێو دارستاندا بەدەستبهێنێتەوە بۆ بەردەوامبونى لە ژیان و لەهەمان کاتیشدا مامەڵەیەکى تەندروستانە بکات هەم لەگەڵ مرۆڤ و لەگەڵ ورچەکانى دیکە.

ئازادکردنى ئەو ورچانەى کە لە نێو قەفەسدا لەدایکبون کارێکى زۆر پڕ ئاڵنگاریترە. بەشێوەیەکى گشتى بێچوە ورچەکانى کە بۆ ماوەیەکى درێژتر لەنێو قەفەسدان و زۆر نزیکن لە خەڵکەوە، ماڵى دەبن و ناگونجێن بۆ ئەوەى ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ نێو چیا و کێوەکان. پڕۆسەیەکى وردى تایبەت بە دوبارە پێگەیاندنەوە و ئازادکردن و گێڕانەوەیان بۆ ژینگەیەکى کێوى پێویست بە رێنمایى پسپۆڕان و شارەزایى تەواو و خواردن و ژینگەیەکى لەبار و دور لە گێچەڵى مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەى چانسێکى زیاتریان هەبێت تا لە پڕۆسەکەدا سەربکەون.

بەلەبەرچاوگرتنى دۆخى هەرێمى کوردستان و کەمیى یاخود نەبونى گرنگیدان بەم لایەنە، دەکرێت بوترێت تاڕاددەیەکى زۆر پێناچێت بێچوە ورچە بێ دایک و باوکەکان بتوانن لە کێوەکان رزگاریان ببێت و ئازاد بن. لەوەش زیاتر، ئەو ورچانەى لەنێو قەفەسدا بەخێو کراون و گەورە کراون، کە تەمەنیان زۆر کەمە، کاتێک کە ئازاد دەکرێ، ناتوانن بەرگرى لە خۆیان بکەن کاتێک لەلایەن ورچە بەتەمەنەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. ورچە هەرە بەتەمەنەکانیش کە ئازاد دەکرێن ترسیان لە مرۆڤ نەماوە و رەنگە خوازیار بن بچنە ئەو شوێنانەى مرۆڤیان تێدا نیشتەجێیە و رەنگە لە خەڵکیش نزیک ببنەوە و ئەگەر هەست بە هەڕەشە و مەترسیش بکەن، هێرش دەکەن. دواجار دەبنە ورچى بێزارکەر و کێشە دروستکەر و بە کوشتن کۆتایی دێن. ئەوان ئەزمونیان نیە لە بەرگریکردن لە خۆیان دژ بە ورچە کێوییەکانى کە بەرگرى لە سنورەکانى ژینگە و ماڵى خۆیان لەنێو کێوەکان دەکەن دژ بەو ورچانەى کە تازە دێن یاخود دژ بەو ورچە مێیانەى کە رەنگە ورچە گەنجەکان بکوژن کاتێک هەلیان بۆ دەڕەخسێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ورچە ئازادکراوەکە تەمەنێکى هەبێت (نزیکەى دو ساڵ) و لەناوچەیەکدا ئازاد کرابێت کە بڕە خۆراکی زۆرى لێ بێت و پێشتر راهێنانى زۆرى پێ کرابێت کە پێویستە بۆ ئەوەى سەرکەوتو بن لەکاتى ئازادکردنیان لەنێو کێوەکان، چانسى هێرشکردن لەلایەن ورچەکانى ترەوە کەمتر دەبێت.
خاڵێکى تر کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت بریتییە لە بەشداریپێکردنى کەرتى گشتى یان حکومى. کارێکى سودبەخش نابێـت ئەگەر بێـو ورچەکان لە ناوچەیەکدا ئازاد بکرێن و دانیشتوانى ناوخۆ لەو پلانە ئاگادار نەکرێنەوە و پێیان نەوترێت کە بۆچى ئەو ئاژەڵانە ئازاد دەکرێن، یاخود ئاگادار بکرێنەوە لەوەى کە پێویستە خەڵکى خۆیان بەدور بگرن لەو ئاژەڵانە، هەروەها پێویستە پڕۆگرامێکى هاندەرانەى دارایى بونى هەبێت لە حاڵەتى هێرشى ورچەکان بۆ سەر خەڵکى یاخود لە حاڵەتى کوشتنى ئاژەڵە ماڵییەکانى دیکەدا لەلایەن ورچەکانەوە. ئەو ئاژەڵانەى لەئێستادا لەنێو قەفەسدان پێویستە باشترین چاودێرى بکرێن و وەک باڵوێز و نوێنەرى ئاژەڵانى دیکەى دەرەوەى قەفەزەکانیان وێنا بکرێن، ئەویش لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى لەبارەى تایبەتمەندییەکانى ژیانى ئازادانە و هەروەها مەترسیى ناکۆکى و شەڕی ورچ و مرۆڤەکان. لەبارەى پڕۆسەى دوبارە پێگەیاندنەوە و هەروەها ئازادکردنى ورچەکان، ئەم پێشنیارە گشتییانەى خوارەوە پێویستن:
- شێوازەکانى پڕۆسەى پێگەیاندنەوەى نەگونجاو بەبێ چاودێریکردن درێژخایەن بۆ ئاژەڵە ئازادکراوەکان و ئاژەڵە کێوییە رەسەنەکان، پێویستە هیچ گرنگییەکیان پێ نەدرێن هانى جێبەجێکردنیان نەدرێت.
- لێکۆڵینەوەى پێشوەختە بەر لە ئازادکردنى ئاژەڵەکان پێویستە ئەنجام بدرێت لەبارەى دۆخى کێو و چیاکان و ژینگەى ئاژەڵان بەتایبەت بۆ سەرجەم کەیسەکانى تایبەت بە ئازادکردنى ورچەکان، هەروەها رێنمایی و راسپاردنەکانى رێکخراوى یەکێتى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى سروشت (IUCN)  و هەروەها گروپى (RSG) بەهەند وەربگیرێن. رێکخراوەکانى کە پلان دادەڕێژن بۆ ئازادکردنى ورچەکان پێویستە فەند و هاوکارى دارایى دابین بکەن بۆ پڕۆسەى چاودێریکردنى درێژخایەنى پڕۆسەى ئازادکردنەوەکان ئەویش لەپێناو دیاریکردنى چارەنوسى ورچە ئازادراوەکان. توێژینەوەى درێژخایەن دەتوانێت رێژەى رزگاربونى ورچە ئازادکراوەکان دیاری بکات لەگەڵ دەرەنجامەکانى پرۆسەى پاراستنى ئاژەڵە کێوییە رەسەنەکان.
- پێویستە بەرژەوەندیى گشتى لەبەرچاو بگیرێت.
- دەسەڵاتى ناوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگا دەبێ بەشدار بن لەم پڕۆگرامە.
- پێویستە فەند و دابینکردنى پارە بۆ تەواوى پڕۆژەکە بۆ چالاکییەکانى هەردو قۆناغى بەر لە ئازادکردن و دواى ئازادکردن بەردەست بێت.
- پێویستێک ئامار و داتابەیسێک بۆ پڕۆژەکانى دوبارە پێگەیاندنەوە و دەرەنجامەکانیان ئامادە بکرێت بۆ ئەوەى بەرچاوڕونییەکى زیاتر بونى هەبێت لەبارەى هەوڵەکانى تایبەت بەو پڕۆسەیە کە دوبارە پێگەیاندنەوەی لەئێستادا هەیە و هەروەها بۆ دەوڵەمەندکردنى زانیاریمان لەبارەى شێوازەکانى پڕۆسەى دوبارە پێگەیاندنەوە.
- پێگەیاندنەوەى ورچەکان ناکرێت بە تەنها تایبەت بێت بە چاودێریکردن و خۆشگوزەرانى ئەو ئاژەڵانە، بەڵکو دەبێت پڕۆسەى پاراستنیشیان لەخۆ بگرێت. هەرچەندە رزگارکردنى تاکە ورچێک گرنگە لەکاتێکدا کە سەرچاوەى بەردەست و پلانى باش بونى هەبێت کە ببێتە هۆى پاراستنى راستەقینەی ئاژەڵەکە تەنانەت ئەگەر ئەو پلانە بەشێکیش نەبێت لە پاراستنى ژمارەى ئاژەڵان.

نوسینى: هانا رەزا
سەرچاوە: بیەر بایۆلۆجى
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن