جۆراوجۆر 02:13 - 21/02/2021

د.زانا دزەیی: کۆرۆنا نوێیەکە کوشندەتر نییە

+ -

(سبەی):

پزیشکێکی هەناوی، زانیاریی لەبارەی جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا دەخاتەڕو، کە هەمان ڤایرۆسە، بەڵان شریتی خۆی گۆڕیوە بۆ مانەوە، رێکارەکانی خۆپارێزییش هەمان رێکارەکانی پێشوە.

د.زانا دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی ھەناوی ئاشکرای کرد: جیاوازیی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو تەنھا لە گۆڕانی شریتەکەیەتی و بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی بکات پێش ئەوەی بەرەو نەمان بچێت،  هەروەک لە شریتە کۆنەکە کوشندەتر نییە، ئەوەی باس دەکرێت کە شریتە نوێیەکە توانای بڵاوبونەوەی زیاتر و خێراترە لە شریتە کۆنەکە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە تا ئەوساتەی زانیارییەکان وا نیشان دەدەن، بەڕێژەیەکی کەم لەوانەیە منداڵ نەخۆشییەکە بە توندی بگرێت.

جیاوازییەکانی کۆرۆنا تازەکە لەگەڵ کۆنەکە چییە؟

ئایا ئەم زنجیرە (شریتە نوێیە) جیاوازیی چییە لەگەڵ زنجیرە کۆنەکە؟ ئایا کوشندەترە؟ ئایا نیشانەکانی جیاوازترن؟ ڤایرەسەکە ھەر ھەمان ڤایرەسە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی (کۆڤید19)؟ راستە دەڵێن لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە؟ ئایا ئەو ڤاکسینانەی ئێستا بەردەستن دەتوانن ھەمان کاریگەرییان لەسەر ئەم زنجیرە نوێیە ھەبێت؟ ئایا چۆن خۆمان لە زنجیرە نوێیەکە بپارێزین؟

وەڵامەکان:

جیاوازیی تەنھا لە گۆڕانی شریتەکەیەتی و بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی بکات پێش ئەوەی بەرەو نەمان بچێت، واتا ھەمان ڤایرەسی ساڕس-کۆڤ(2)ـە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی (کۆڤید19)، شتێکمان نییە بەناوی کۆڤید(20).

کوشندەتر نییە، تائێستا بەشێکی کەمی زانیارییەکان بەردەستن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی، لە شریتە کۆنەکە کوشندەتر نییە، ئەوەی باس دەکرێت کە شریتە نوێیەکە توانای بڵاوبونەوەی زیاتر و خێراترە لە شریتە کۆنەکە.

نیشانەکانی بەشێوەیەکی گشتیی ھەمان نیشانەی شریتە کۆنەکەیە، بەڵام ھەندێ زانیاری لە ئەوروپا باسی ئەوە دەکەن کە سکچون و رشانەوە لە شریتە نوێیەکە زیاترە، ئەمما بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ھەمان نیشانەی کۆنەکەیە.

بەڵێ ڤایرەسەکە ھەر ھەمان ڤایرەسی (سارس-کۆڤ2)ـە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی (کۆڤید19) و ھەمان ھۆکاری گواستنەوەی ھەیە.

بەڵێ لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە تا ئەوساتەی زانیارییەکان وا نیشان دەدەن، بەڕێژەیەکی کەم لەوانەیە منداڵ نەخۆشییەکە بە توندی بگرێت.

ڤاکسینەکان بۆ شریتە نوێیەکەی بەریتانیا کاریگەریی ھەمان شریتە کۆنەکەیان ھەیە، بەڵام بۆ شریتە نوێیەکەی ئەفەریقا، تائێستا زانیاریی تەواو بەردەست نییە.

رێکارەکانی خۆپارێزیی ھەمان رێکارەکانی شریتە کۆنەکەیە، دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، ماسک بەستن و دەستشتن بە ئاو و سابون لە کاتی پێویستدا.

تێبینیی:
دەشێ ئەم زانیارییانە لە داھاتودا گۆڕانکارییان بەسەربێت، تائێستا ئەوەی بەردەستە ئەوەندەی لەبارەوە زاندراوە.

د.زانا دزەیی
پزیشکی پسپۆڕی ھەناو