وەرزش 05:56 - 21/02/2021

ژمارەی پێوانەیی نوێ ... کادێزیش بوە قوربانیی دەستی میسی

+ -

(سبەی):

بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە تۆڕی یانەی کادێز، لە کۆی (40) یانەی بەشدار لە خولی لالیگای ئیسپانی میسی تۆڕی (38) یانەی بەشداری خولەکەی هەژاندوە.

لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی (24)ی خولی ئیسپانی، یانەی بەرشەلۆنە لە یارگای کامپ نو، میوانداریی یانەی کادێزی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی یەک گۆڵ بۆ هەردولا یەکسان بون، بەوەش کۆی خاڵەکانی بەرشەلۆنە گەیشتە (47) خاڵ و لە ریزبەندی سێیەمی لالیگادا مایەوە.

لیۆنێل میسی کاپتنی یانەکە لە خولەکی (32) بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵەکەی بەرشەلۆنەی تۆمار کرد، ئەلیخاندرۆ فێرناندیز بە لێدانی سزا و لە خولەکی (89) گۆڵی یەکسان بونەوەی بۆ کادێز تۆمارکرد.

بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵە، کادێزیش چوە لیستی قوربانیانی دەستی میسییەوە و لە کۆی (40) یانەی بەشداری خولەکە، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە تۆڕی (38) یانەی هەژاندوە و تەنیا یانەکانی مۆرسیا و خێرێز ماونەتەوە تۆڕی گۆڵەکانیان بهەژێنێت.

هەروەها یاری ژمارە (506) بو کە میسی تەمەن (33) ساڵ لە خولی ئیسپانی و بە درێسی بەرشەلۆنەوە بەشداریی تێدابکات و ژمارەی پێونەیی چاڤی هێرناندزی ئەستێرەی پێشوی یانەکەی شکاند کە بەشداریی (505) یاری کردوە، بەوەش بوە یەکەم یاریزان کە زۆرترین یاریی لە خولی ئیسپانی ئەنجامدابێت.

بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵەش، ژمارەی گۆڵەکانی میسی گەیشتە (16) گۆڵ لەم وەرزەی خولی ئیسپانی و هاوشانی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرۆگوایی و یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ریزبەندی یەکەمی گۆڵکارانی خولی لالیگای ئیسپانی گرتوە.

هەروەها میسی گۆڵی ژمارە (460)ی بە درێسی یانەی بەرشەلۆنەوە تۆمارکرد لە کاروانی وەرزشیدا، سەرەڕای ئەوەی (201) گۆڵیشی دروست کردوە.