وەرزش 09:57 - 23/02/2021

سیمۆنی: سوارێز ترسی خستوەتە دڵی رکابەرەکانەوە

+ -

(سبەی):

راهێنەری ئەتلەتیکۆ مەدرید رایگەیاند: سوارێز ترسی خستوەتە دڵی رکابەرەکانمانەوە، لەکاتی بەشداریکرنیدا یانەکانی بەرامبەر هەزارجار لێکدانەوە و ئەژماری بۆ دەکەن.

دیگۆ سیمیۆنی ئەرجەنتینی راهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، پێش روبەڕوبونەوەی ئەمڕۆی یانەکەی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە گەڕی (16)ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ستایشی لویس سوارێزی هێرشبەری یانەکەی کردو رایگەیاند: لەکاتی روبەڕوبونەوەکاندا، سوارێز ترسی خستوەتە دڵی یانە رکابەرەکانمانەوە.

وتیشی :"سوارێز بەهرە و توانایەکی گەورەی هەیە کە یانە رکابەرەکان هەمیشە هەزارجار لێکدانەوە و ئەژماری بۆ دەکەن، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی گۆڵی بۆ تۆمار ناکرێت، بەڵام روبەڕوبونەوەکەی لەندەن بە گۆڕەپانی خۆمان دەزانین".

سوارێزی ئۆرۆگوایی، ئەم وەرزە لە یانەی بەرشەلۆنەوە چوە ریزی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و بە تۆمارکردنی (16) گۆڵ، هاوشانی میسی ریزبەندی یەکەمی گۆڵکارانی خولی ئیسپانییان گرتوە، بەڵام دوای بەشدارییکردنی لە چوار یاری چامپیۆنس لیگ بە درێسی یانەی نوێوە، سوارێز تائێستا هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردوە.

لە هەر چوار وەرزی رابردودا کە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە یاری دەکرد، سوارێز تەنها (10) گۆڵی لە خولی یانە پاڵەوانەکان تۆمارکردوە، لە مانگی ئەیلولی (2015)ەشەوە هیچ گۆڵێکی لە دەرەوەی یاریگای یانەکەی تۆمار نەکردوە.

لەم وەرزەی خولی لالیگای ئیسپانیی، تائێستا یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە بەدەستهێنانی (55) خاڵ یەکەمی ریزبەندییە، لە پلەی دوەمدا ریاڵ مەدرید (52) خاڵ و سیڤیلیشە بە (48) خاڵ سێیەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتوە.