جۆراوجۆر 11:49 - 24/02/2021

ژاپۆن؛ کەمترین هاوسەرگیری و لەدایکبونی لە مێژودا تۆمارکرد

+ -

(سبەی):

ژاپۆرن کەمترین رێژەی لە دایکبونی لە مێژودا تۆمارکرد، لەماوەی (11) ساڵی رابردوشدا کەمترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تۆمارکردوە.

وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن بڵاوی کردەوە؛ ساڵی (2020) بە گشتی (872.683) منداڵ لە دایک بون، بەراورد بە ساڵی (2019) ژمارەکە (26) هەزار کەمیکردوە، ئەوەش کەمترین رێژەی لە دایکبونی منداڵە لە مێژوی ژاپۆندا تۆمار کرابێت.

ئاژانسی کیۆدیۆی ژاپۆنی بڵاوی کردەوە؛ ئەوەی جێی سەرنجە تۆمارکردنی رێژەی مردنە، سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ساڵی (2020) کەمتر لە (10) هەزار گیانلەدەستدان لەو وڵاتە تۆمارکراوە، بەراورد بە (11) ساڵی رابردو، ساڵی رابردو کەمترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە ژاپۆن تۆمارکراوە.

سەبارەت بە پڕۆسەی هاوسەرگیرییش، ساڵی (2020) ئەو پڕۆسەیە بە رێژەی (12.7%) کەمیکردوە، بەوەش لە ساڵی (1950)ەوە کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە.

پێشتریش وەزارەتی تەندروستی و کار و خۆشگوزەرانیی ژاپۆن بڵاوی کردەوە؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی لە وڵاتەکەمان دەژین و تەمەنیان لە (100) ساڵ زیاترە، گەیشتوەتە (80) هەزار و (450) کەس، بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارەکە (9176) کەس زیادیکردوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ (88%)ی بە تەمەنەکانی ژاپۆن ژنانن و ژمارەیان گەیشتوە (70975) کەس.

وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن رایگەیاندوە: بە تەمەنترین ژن لە ژاپۆن تەمەنی گەیشتوەتە (117) ساڵ، بە تەمەنترین پیاویش تەمەنی (110) ساڵە.

ساڵی رابردو، بۆ یەکەمجار ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان گەیشتبوە سەرو (100) ساڵ، (70) هەزار کەسی تێپەڕاند.

پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ساڵی (2053) ژمارەی دانیشوانی ژاپۆن لە (127) ملیۆن کەسەوە بۆ (100) ملیۆن کەس کەم ببێتەوە، تا ساڵی (2065) بۆ (88) ملیۆن کەس کەمببێتەوە و (38%)ی ئەو ژمارەیەش کەسانی سەرو تەمەن (60) ساڵ دەبن.