لە میدیاکانەوە 09:59 - 02/03/2021

سنورى خۆت بزانە !

+ -

(سبەی):
هاوتەریب بە هەڵمەتى "مافى خۆت بزانە" کە لە عێراق ئاڕاستەى هاوڵاتیان کراوە، خوازیاربوم هەڵمەتێکى دیکە هەبوایە بەناوى "سنورى خۆت بزانە" و ئاڕاستەى بەرپرسان و دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستان بکرایە، چونکە راستى ئەوەیە، هاوڵاتى مافەکانى خۆى بزانێت یان نا، جیاوازیەکى ئەوتۆى نیە، ئەگەر بەرپرس و دەسەڵاتدار سنورى خۆى نەزانێت، بۆیە گرنگتر لەوەى هاوڵاتیان مافەکانیان بزانن، گرنگ ئەوەیە بەرپرسان و دەسەڵاتداران و ئەوانەى دەسەڵات و پارەیان لایە سنورى خۆیان بزانن.

هەرچەندە هاوڵاتى مافى خۆى بزانێت، بەڵام کاتێک دەچێتە بەردەم بەرپرسێکى ئاسایش یان هەواڵگریی یان پۆلیس یان بەڕێوبەرى هەر فەرمانگەیەک، تەنانەت ئەگەر خاوەن مافیش بێت ئەوا لە بەردەمیدا وەک سواڵکەرێک دەرئەکەوێت کاتێ ناچارە لێی بپاڕێتەوە بۆ تەواوکردنى مامەڵەکەى یان جێبەجێکردنى داواکەى.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەریی عێراق و نوسینگەى مافى مرۆڤى سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان (یۆنامى) هەڵمەتێکیان بۆ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیان بە مافەکانیان راگەیاندوە بەناوى "مافەکانت بزانە"، لەم هەڵمەتەدا لە رێگەى پۆستەر و ریکلامەوە هاوڵاتیان هۆشیار دەکرێنەوە بە مافە یاساییەکانیان و چۆنیەتى بەداوداچونى دۆسیەکانیان لە دادگا جیاوازەکانى دەسەڵاتى دادوەریی، بەڵام لە راستیدا ئەم هەڵمەتە هاوزەمان پێویستى بە هەڵمەتێکى دیکە هەبو بەناوى "سنورى خۆت بزانە" ئەى بەرپرس.

لەگەڵ ئەوەى هەڵمەتى مافى خۆت بزانە هەڵمەتێکى جوان و جێى دەستخۆشیە کە ئاراستەى هاوڵاتیان کراوە، بەڵام خوازیاربوین لەپاڵ ئەم هەڵمەتەدا ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى هەڵمەتێکى دیکەى ئاراستەى بەرپرسان بکردایە و ناوى لێ بنایە "سنورى خۆت بزانە".

ئەم هەڵمەتە لەسەرى سەرەوەى هەڕەمەکەوە کە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانە بیگرێتەوە تا دەگاتە وەزیرەکان و بەڕێوبەرە گشتیەکان، هەروەها لە بەرزترین پلەى سەربازی و ئاسایش تا دەگاتە هەمو ئەوانى خوار تر،  بۆئەوەى بۆ هەمو ئەم بەڕێزانە رون بێتەوە سنورى دەسەڵاتەکانیان تاکوێیە، بۆ ئەوەى ئەوانیش بزانن وەک هەر هاوڵاتیانى تر مرۆڤن و یاساکان و رێنماییەکان دەیانگرێتەوە، ئەو پێگەیەى هەیانە مافى ئەوەیان پێ نابەخشێت سنورى ئەوانى تر ببەزێنن.

تەنانەت دەبێ روبکەینە دەسەڵاتى دادوەریی و هاوار بکەین تۆش "سنورى خۆت بزانە" ئەى دادوەر، ئەى داواکارى گشتى، ئەى لێکۆڵەرى داد، تادەگاتە هەمو ئەوانى تر کە لە دەسەڵاتى دادوەریی کاردەکەن، پێویستە سنورى خۆیان لە روانگەى  مادەى (89) ى دەستوربزانن، کە بەپێى ئەم مادەیە سنورو دەسەڵاتى هەمو بەشەکانى دەسەڵاتى دادگەریی  لە وڵاتدا دیارى کراوە، لە عێراق تا دەگاتە هەرێمى کوردستان.

هەرلە دادگاى فیدارڵى تا دادگاى پێداچونەوە و هەمو بەشەکانى تر، چ لە عێراق و چ لە هەرێمى کوردستان داواتان لێ دەکەین لەلایەک سنورى خۆتان بزانن و لەلایەکى تر ئەم ئایەتە پیرۆزەى قورئان " "وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ ٱلنَّاسِ أَن تَحْكُمُواْ بِٱلْعَدْلِ" کە لە پشت سەرتانەوە دانراوە و تەنها بۆ دیکۆرە، پێویستە لەپشت سەرتان لاى بەرن و بهێننە بەردەمتان، تا هەمیشە چاوتان لەسەرى بێت، بۆ ئەوەى تێکەڵ بەخوێن و لێدانەکانى دڵتان ببێت.

هەروەها دەبێت لەگەڵ ئەو ئایەتە پیرۆزەش ئایەتێکى دیکەش لە بەردەم خۆتان دابنێن کە دەفەرموێت ""رَبِّ بِمَا أَنْعَمْتَ عَلَيَّ فَلَنْ أَكُونَ ظَهِيرًا لِّلْمُجْرِمِينَ" تاهەمیشە بڕیار و کارەکانتان بە ترازوى دادگەریى و ویژدان بپێون و هەڵوێستتان پاڵپشتى کردنى تاوانکار و ستەمکاران نەبێت، بەڵکو هەمیشە لە گەڵ هەق بن و هەق سەربخەن، نەک ببنە پاڵپشت و پشتیوان بۆ ستەمکاران، تەنانەت ئەگەر بەیەک وشەش بوە!

عەبدولستار رەمەزان
سەرچاوە: میدڵ ئێست ئۆنڵاین
وەرگێڕانی: سبەی