وەرزش 08:29 - 04/03/2021

ڤیدیۆ؛ بەرشەلۆنە بەریمۆنتادا گەیشتە یاری کۆتایی

+ -

 (سبەی):

یانەی بەرشەلۆنە ریمۆنتادای بەسەر سیڤیلییەدا کرد و خۆی گەیاندە یاری کۆتایی جامە دڵخوازەکەی (جامی شای ئیسپانیا).

شەوی رابردو، لە یاری گەڕانەوەی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریگای کامپ نو میوانداریی یانەی سیڤیلییەی کرد، توانی ئەنجامی یاری چونی دژ بە یانەی سیڤیلیە پێچەوانە بکاتەوە و بەئەنجامدانی ریمۆنتادا خۆی بگەیەنێتە یاری کۆتایی.

بەرشەلۆنە توانی (3-0) لەیانەی سیڤیلیە بباتەوە، بەمجۆرە و بەئەنجامی هەردو یاری چون و هاتن، یانەی بەرشەلۆنە (3-2) سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، کە لە یاری چوندا بە ئەنجامی (3-0) یارییەکەی بە سیڤیلییە دۆڕاندبو.

لە خولی (12)ی یارییەکەدا عوسمان دیمبڵی گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تۆمارکرد، لە خولەکی (73)دا تێرشتیگن لێدانێکی سزای لۆکاس ئۆکامبۆسی گەڕاندەوە و سیڤیلیەی لە یەکلایی کردنەوەی یارییەکە بێبەش کرد، تا کۆتایی دو تایمی یەکەمی یارییەکە، ئەنجامەکە بەوشێوەیە بو، تا لە کۆتا خولەکی زیادکراوی یارییەکەدا  (90+3) جیرارد پیکێی بەرگریکار توانی بە لێدانی سەر گۆڵی دوەم بۆ یانەکەی تۆمار بکات.

بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی یارییەکەش، ناوبژیوان پەنای بردە دو تایمی زیادکراو، لە خولەکی (95)ی تایمی زیادکراوی یەکەمدا مارتن بریسوەیتی دانیماری بە لێدانێکی بەهێزی سەر توانی گۆڵی سێیەم و یەکلاکەرەوە بۆ بەرشەلۆنە تۆمار بکات.

بەو ئەنجامەش یانەی بەرشەلۆنە خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی، چاوەڕوانی براوەی یاری نێوان ئەتلەتیک بلباو و لیڤانتی دەکات تا لە یاری کۆتایی جامی شا و لە رۆژی (17)ی نیسان روبەڕویان ببێتەوە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە.

لە مێژوی خۆیدا بەرشەلۆنە زۆرترین جامی شای ئیسپانیای بەرزکردوەتەوە و (30) ناسناوەکەی بەدەستهێناوە، یەکەم یانەی ئیسپانییە کە ئەو ژمارە جامەی بەدەستهێنابێت، لەم وەرزەشدا چاوەڕوانی بەدەستهێنانی جامی ژمارە (31) دەکات.