راپۆرت 09:24 - 06/03/2021

(سبەى) بڵاوى دەکاتەوە .. پلانى وردى نەوشیروان مستەفا بۆ راپەڕین

+ -

(سبەی):

(30) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991) کە لە رۆژی (5/3) لە رانیەی دەروازەی راپەڕین دەستیپێکرد و رۆژی (20/3) بە رزگارکردنی کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرکرد.

راپەڕین بەپێی پلانێکی ورد ئەنجامدرا، نەوشیروان مستەفا ئەمین فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەندازیار و پلانداڕێژەری راپەڕینەکە بو، کە بە نەخشەیەکی وردەوە، سەرجەم بەرنامەکانی راپەڕینی داڕشت و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکردن بەسەر (10) میحوەردا و هەر میحوەرێک فەرماندەیەکی بۆ دیاریکرد، بۆ ئەوەی بەپێی نەخشەکە بەڕێوەبچێت.

بەپێی پلانەکە دوای دابەشکردنی هێزەکان، سەعاتی سفر دیاریکرا و بڕیاردرا هەرکات لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە وەک فەرماندە و بەرپرسی یەکەمی هێزی پێشمەرگە، فەرمانی جوڵانی هێزەکانی درا بۆ دەستگرتن بەسەر شارۆچکە و ئۆردوگانی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو ئەو جێیەی لە هەموانەوە لەپێشترە جوڵە دەکەن.

ئەوکات سەرجەم هێزەکان لەسەر سنور کۆکرانەوە و رێکخرانەوە و پێویستییەکانیان بۆ دابینکرا و ئەرکەکانیان دەستنیشانکرا، بۆ دەستگرتن بەسەر شارو شارۆچکە و ئۆردوگاندا بەهاوکاری و هاودەنگی لەگەڵ رێکخستنە نهێنییەکان و هاوڵاتیان و لایەنگرانی ناو (فەوجەکانی دیفاع وەتەنی و مەفەرزە خاسە و جەیشی شەعبی و شورتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مونەزەمەی حیزبی و بەعس و دائیرەی ئەمن و ئیستیخبارات و موخابەرات و مەقەڕەکانی دیکە).

پلانی راپەڕین کە لەلایەن نەوشیروان مستەفا فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشێوەیەکی ورد داڕێژراوە و هەرێمی کوردستان دابەشی (10) میحوەر کراوە و هەر میحوەرێک چەند فەرماندەیەکی بۆ دیاریکراوە، و کات و ساتی دەستپێکردن و شێوازی جوڵان بەوردی دیاریکراوە.