وەرزش 08:16 - 07/03/2021

دێربی مەدرید بە یەکسانبون کۆتایی هات

+ -

(سبەی):
دێربی مەدرید بە یەکسانبون کۆتایی هات و جارێکی دیکە ململانێکانی لالیگا توندبونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، میوانداری یانەی ریاڵ مەدریدی کرد و ئەنجامی یارییەکەش بە یەکسانبونی هەردولا بە گۆڵێک کۆتایی هات.

لە تایمی یەکەمی یارییەکەدا یانەی خاوەن یاریگا دەستپێشخەری کرد و لەرێگەی لویس سوارێزەوە لە خولەکی (15) گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد و تایمی یەکەمی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.

لە تایمی دوەمدا ریاڵ مەدرید هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا و دواجار دو خولەک پێش کۆتایی یارییەکە، کەریم بنزیمە گۆڵی یەکسانبونەوەی ریاڵ مەدریدی تۆمارکرد.

بەو ئەنجامە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەی (59) خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگادایە و یارییەکی دواخراویشی ماوە، هەروەها ریاڵ مەدریدیش لە پلەی سێیەمدایە بە کۆکردنەوەی (54) خاڵ و بە جیاوازی دو خاڵ لە دوای بەرشەلۆنەی دوەم و پێنج خاڵیش لە دوای ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە.