وەرزش 08:40 - 12/03/2021

رۆناڵدۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە ریاڵ

+ -

(سبەی):
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوەتە بابەتی گەرمی میدیاکانی ئیسپانیا و باس لە هەوڵەکانی ئەو یاریزانە دەکەن بۆ گەڕانەوە نێو یاریگای بێرنابیۆ.

بەرنامەی (شیرنگیتۆ)ی ئیسپانی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، رۆناڵدۆ خواستی هەیە بگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید لە هاوینی داهاتو.

ئاماژەی بەوەشکردوە، خۆرخی مێندێز، بریکاری کارەکانی رۆناڵدۆ، لە ماوەی رابردودا لەگەڵ بەرپرسانی ریاڵ مەدرید ئەگەری گەڕانەوەی رۆناڵدۆی تاوتوێ کردوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکانی نێوان مێندێز و بەرپرسانی ریاڵ چوارچێوەیەکی فەرمی وەرنەگرتوە، بەڵام وەکو تاقیکردنەوەیەک وابوە بۆ وەرگرتنی بۆچونی بەرپرسانی ریاڵ مەدرید.

ئەوە لەکاتێکدایە یانەی یۆڤانتۆس لەسەر دەستی یانەی پۆرتۆ لە قۆناغی (16)ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ماڵئاوایی کرد.

هەروەها گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ یۆڤانتۆس لە هاوینی (2022) کۆتایی دێت، بەڵام میدیاکان دەڵێن، ئەگەری زۆرە رۆناڵدۆ هاوینی داهاتو یانەی خانمە پیرەکە جێبهێڵێت.