راپۆرت 10:31 - 15/03/2021

لەگەڵ ماڵئاوایی پاپا .. خۆپیشاندان لە عێراق دەستیپێکردەوە

+ -

(سبەى):
ئەمڕۆ دوشەممە لە چەند شارو شارۆچکەیەکى جیاجیا لەباشورى عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسى فیدراڵى رویدا.

خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆ درێژکراوەى هەمان خۆپیشاندانەکانى پێش سەردانەکەى پاپا بون لە پارێزگاى زیقار و چەند شار و شارۆچکەیەکى باشور، بەغداى پایتەختیش خۆپیشاندانێکى پشتیوانیی بەخۆوە بینیی.

ئەوەى جێى تێڕامانە خۆپیشاندانەکان لەگەڵ هاتنى پاپا بۆ عێراق وەستان و شەقام ئارام بوەوە هەروەک ئەوەى خۆپیشاندەران رێزیان لەمیوان گرتبێت، یاخود ئەجێندایەکى سیاسى جوڵێنەرى راستەقینەى خۆپیشاندانەکان بێت.

چاودێران پرسیار دەربارەى ئەوە دەکەن بۆچى لەگەڵ هاتنى پاپا خۆپیشاندانەکان دامرکانەوە، لەکاتێکدا بونى پاپا لە عێراق و لە ئورى نزیک ناسریەى چەقى خۆپیشاندانەکان، باشترین وادەبو بۆ گەیاندنى پەیامى خۆپیشاندەرانى عێراق بە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆپیشاندەران لەو وادەیەدا بێدەنگیان هەڵبژارد و شەقامەکان بۆ پاپا چۆڵ کران.

ئەگەرچى حکومەتى کازمى کۆمەڵێک رێوشوێنى گرتەبەر بۆ بەدەمەوەچونى داواى خۆپیشاندەران وەک لەسەرکار لادانى پارێزگارى زیقار و دانانى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى عەبدولغەنى ئەسەدى لە جێگاکەى، بەڵام دیارە ئەو رێوشوێنانە بەشێک نەبون لەداواى خۆپیشاندەران، بۆیە هەمو ئەوانە نەیتوانى رێ لە دوبارە سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندانى جیاجیا لەم شار بۆ ئەو شارى باشور بگرێت.

خۆپیشاندەرانى عێراق دەڵێن:؛ کێشەى ئەوان کەسەکان نیە، بەڵکو بارودۆخى ئابوریى و گرانى بازاڕو بەرزبونەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار لەسەرەکیترین پاڵنەرەکانى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى ئەوانن.


ململانێ سیاسیەکان دەخزێنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە

بەپێى راپۆرتى کەناڵى (ئەلحورە عێراق) خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى باشور خاڵى نیە لە ئەجێنداى سیاسى.

هەرچەندە خۆپیشاندەران بەهەمو شێوەیەک رەتى دەکەنەوە هیچ داخوازییەکى سیاسى دیاریکراویان هەبێت، بەڵام کەناڵى ئەلحورەى عێراق لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات بابەتى یاساى دادگاى فیدراڵى کە جیاوازیی سیاسیی لەسەرە، یەکێکى ترە لە پاڵنەرەکانى دروستبونەوەى خۆپیشاندانەکان لەپاش ماڵئاوایی پاپا.

سایتى (کەناڵى ئەلحورە) لە راپۆرتەکەیدا نوسیویەتى: "بەهۆى دادگاى فیدراڵى و خراپی بارودۆخى گوزەران و ئابورى چەند خۆپیشاندانێکى پچڕ پچڕ لە شارو شارۆچکەکانى عێراق دروستبوە".

لە راپۆرتەکەدا هاتوە؛ خۆپیشاندەرانى باشور و ناوەڕاستى عێراق پڕۆژەیاساى دادگاى فیدراڵى بە قوڵکردنەوەى تائیفیەت لە عێراقدا تۆمەتبار دەکەن، خۆپیشاندەران پێیانوایە یاساکە بەوشێوەی ئێستاى تائیفیەت قوڵتردەکاتەوە و هەڕەشە لە ئاشتى کۆمەڵایەتى دەکات و داواش لە پەرلەمان دەکەن هەموارى بکاتەوە."

لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا هاتوە: "چەند خۆپیشاندانێک لە هەریەکە لە پارێزگاکانى زیقار و نەجەف و بابل و بەسرە ئەنجامدران بۆ داواکردنى باشکردنى بارودۆخى بژێوى هاوڵاتیان و روبەڕوبونەوەى گەندەڵی، چەندین خۆپیشاندەر لە ناسڕیە هەڵیان کوتایە سەر پاڵاوگەى نەوتى زیقار و دایانخست".

پێشتر پارێزگاکە خۆپیشاندانێکى دیکەى لە کۆتایی مانگى رابردو سەرەتاى ئەم مانگە بەخۆوە بینى و بەهۆیەوە پارێزگارەکەى لەسەر کار لادرا و عەبدولغەنى ئەسەدى لەجێگەى دانرا، بەڵام ئەمجارەیان خۆپیشاندەران داواى رۆشتنى ئەسەدی دەکەن کە بەفەرمانێک لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دانراوە.

سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لە خۆپیشاندەرانى ناسریە کرد ئارام ببنەوەو ماوەیەک بدەن بە پارێزگارى نوێ بۆ کارکردن، بەڵام خۆپیشاندەران ئەم داوایەى سەرۆک وەزیرانیان رەتکردەوە.

هەر ئەمڕۆ دوشەممە، خۆپیشاندەرانى قەزاى جەبایش لە ئەهوارەکانى باشورى عێراق هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەى قائیمقامیەتى شارەکە و دەرگاکەیان داخست، خۆپیشاندەران رێگربون لە دانانى قایمقامى نوێ و داوایان کرد کەسێک لەخۆیان بکرێتە قائیمقام.

بەهەمان شێوە لە بەسڕە و واست و میسان خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران رێگاى سەرەکیی شارەکەیان داخست و لەسەر شەقامەکە ئاگریان کردەوە.

خۆپیشاندەرانى شارەکانى عێراق زۆربەیان گەنجن و دەرچوى زانکۆ و پەىمانگاکانن، کێشەى سەرەکیان نەبونى هەلى کار و داخوازیان دامەزراندنە، بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلاریش ئەوەندەى تر بار و گوزەرانى قورسکردون.

بەپێى راپۆرتە هەواڵیەکان لە بەسرە، خۆپیشاندەران داواى باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و خزمەتگوزاریی شارەکانیان کرد، بەتایبەت لە روى پاکوخاوێنى و نەبونى ئاوى خواردنەوەى پاکژ.

بەسرە بەسەرچاوەیەکى دەوڵەمەندى نەوت و دەروازەى سنوریی عێراق دادەنرێت، بەڵام لە خراپترین ئاستى خزمەتگوزاریی و هەژاریدا رۆژ و شەو بەسەر دەبات.