جۆراوجۆر 10:08 - 23/03/2021

چۆن خۆت لە هێرشى ئاژەڵى کێوى دەپارێزیت؟

+ -

(سبەى):

لەگەڵ گۆڕانى کەشوهەوا و لەباربونى بۆ گەشت و سەیرانکردن، هاوڵاتیان سەردانى ناوچە گەشتیارى و دەشت و دارستانەکان دەکەن و هەندێکجار روبەڕوى ئاژەڵانى کێوى ئەو ناوچانە دەبنەوە.

ئاژەڵانى کێوى و ئەو کەسانەى کە سەردانى ناوچەکان دەکەن هەندێکجار روبەڕو دەبنەوە، گەر بە شێوازى تایبەت نەبێت ئەوا ئەگەرى هەیە زیان بکەوێتەوە، جا زیانەکە چ بۆ ئاژەڵەکە بێت یاخود کەسەکە، بۆیە چەند هەنگاوێکى گرنگ هەیە بۆ ئەوەى لە ئەگەرى روبەڕوبونەوەى ئاژەڵى کێویدا کەسەکان بتوانن خۆیان دەرباز بکەن و بپارێزن بێ رودانى هیچ کارەساتێک.

زۆرینەى کات روداوە نەخوازراوەکان لە ئەنجامى هەڵە مامەڵە کردن و نزیکبونەوەى بەپەلە و نەشارەزایانە لە ئاژەڵەکە رودەدات، یاخود بە بۆنى خواردن بۆ ئەو ئاژەڵانەى کە پێشتر تامى خواردنیان کردوە یاخود خواردنیان لەلایەن مرۆڤەوە دراوەتێ، ئەمەش زیاتر لە سەگدا رودەدات و ئەگەرى هەیە بەهەمانشێوە لە ئەنجامى مامەڵەى هەڵە هێرش بکات و زیان بگەیەنێت بە تایبەت ئەگەر نەشارەزایانە مامەڵە بکرێت.

لێرەوە چەند هەنگاوێک هەیە کە دەتواندرێت لە ئەگەرى هەبونى ئاژەڵانى کێویدا کەسەکان بەکاریبهینن بۆ خۆپاراستن ئەوانیش:

*خواردنەکان بەتایبەتى گۆشت بەشێوەیەکى باش و دور لە دەست هەڵبگرن تا ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان بەوهۆیەوە نزیکى ناوچەکەت نەکەونەوە و باشترە کە خواردەمەنییەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکان هەڵبگیرێت.

*قاپ و ئەو کەرەستانەى خواردنیان تێدا دەخورێت بە پیسى جێمەهێڵن و تەنانەت سابون و مادە پاککەرەوەکانیش لە زەوى فڕێمەدەن.

*ئەگەر ئاژەڵێکى کێویت لە دورەوە بینى ئەوا هێمن بوەستە و دورى بپارێزە و تا دەتوانیت ئاگاداربە و جوڵەیەک مەکە سەرنجى ئاژەڵەکە رابکێشێت.

*(100) مەتر مەوداى خۆت و ئاژەڵەکە بهێڵەرەوە.

*لە ئۆتۆمبێلەکەت دورمەکەوەرەوە چونکە ئاژەڵەکان زۆر خێران و دەتوانن بە ماوەیەکى کەم بگەنە نزیکت.

*ئاگاداربە، گەر ئاژەڵێکى کێویت بینى ماناى وایە ئاژەڵى دیکەیش لەو ناوچەیە هەیە.


لە ئەگەرى نزیکبونەوە و هێرشکردنى ئاژەڵەکاندا چى بکرێت؟

گەر دەتوانیت، بە خێرایی منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکان و ئەندامانى خێزانەکەت بخەرە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە.

*تا دەتوانیت خۆت گەورەتر دەربخە، دەستەکانت بەرز بکەرەوە یاخود چاکەتەکەت لە سەرو سەرتەوە بەرز بکەرەوە.

*رامەکە، خۆت مەکە بە مردو، تەنها بە هێواشى بگەڕێرەوە دواوە و پشتت لە ئاژەڵەکە مەکە.

*گەر شوێنى بەرزتر هەبو وەک دار ئەوا هەوڵبدە سەربکەویت بەسەریدا و لە بەرزیدا بمێنیتەوە.

ئەگەر ئاژەڵەکە پەلاماریدا، ئەوا خۆت بەسەر سکدا پاڵبخە و قاچەکانت بکەرەوە و بە دەستەکانت سەر و ملت دابپۆشە و گەر جاتنات پێبو ئەوا با لە پشتتدا بێت بۆ ئەوەى پارێزگارى لە پشتت بکەیت.


ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەى رابردودا لە هەرێمى کوردستان بەهۆى پەلامارى گورگەوە منداڵێک گیانیلەدەستدا و لەلایەکى دیکەیشەوە لەکاتى گەشت و سەیراندا بەرازێکى کێوى چوە ناو هاوڵاتیانەوە و یەکێکیش لەو کەسانەى لەو شوێنە بو بە فیشەک بەرازەکەى کوشت، بیە گەر بەشێوەیەکى گونجاو مامەڵە بکرێت، دەکرێت هیچ زیانێکى گیانى لەو روداوانە نەکەوێتەوە.