راپۆرت 09:54 - 24/03/2021

حکومەت پارەدار و هاوڵاتی هەژار

+ -

(سبەى):

دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقى بە بڕیارێک لە لایەن بانکى ناوەندیی و لەسەر داواى حکومەتى کازمى هێشتا لێکەوتەکانى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان بەردەوامە و لەهەمانکاتدا ناجێگیریی لە بازاڕى دراودا دروستکردوە.

لەکاتێکدا یەکێک لەپاساوەکانى بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دینار لەکاتى خۆیدا جێگیرکردنێکى رێژەیی بو بۆ نرخى گۆڕینەوەى دینار بەرامبەر دۆلار لەبازاڕى دراودا، بەڵام ئەو بڕیارە بەخراپ بەسەر هاوڵاتیاندا شکاوەتەوە و بازاڕ هێشتا هەر هەڵبەز و دابەزدایە وەک دوێنێ کە دۆلار لە پڕ دابەزینێکى گەورەى بەخۆوە بینى و ئەمڕۆ دوبارە لە بازاڕدا بەرزبوەوە.

لەسەرەتاى ساڵى رابردو کە باس لە ئەگەرى دابەزاندنى بەهاى دینار دەکرا بەرامبەر دۆلار بە بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە، بەشێک لە چاودێرانى سیاسى و ئابورى بە دوریان دەزانى هەنگاوێکى لەو شێوەیە بنرێت، چونکە ئاسان نیە بۆ هیچ دەوڵەتێک بەدەستى خۆى بەهاى دراوەکەى دابەزێنێت مەگەر ئەوەى پاساوە ئابوریەکانى زۆر بەهێزبن، بەڵام دواجار بیرۆکەکە کەوتە بوارى جێیەجێکردنەوە و کاریگەرى خراپیشى لەسەر بازاڕ دروستکرد.
هەندێ کات وڵاتانى هەناردەکار بەهاى دراوى خۆیان بەرێژەیەک دائەبەزێنن لە پێناو ئەوەى کەرتى ئاڵوگۆڕى بازرگانى گەرم و گوڕ بکەن و شمەکى ناوخۆى زیاتر هەناردەى دەرەوە بکەن، بەڵام وەک ئاشکرایە عێراق دەوڵەتێکى بەرهەمهێن و هەناردەکار نیە، بەڵکو دەوڵەتێکى هاوردە کارى بەکاربەرە، بۆیە لەم روەوە هیچ سود لە دابەزینى بەهاى دراوەکەى نابینێت، بگرە زیانیشى لێ دەکات بەتایبەت لەسەر شانى هاوڵاتیەکانى.

حکومەتى دەوڵەمەند و هاوڵاتى هەژار
یەکێک لە پاساوەکانى حکومەتى مستەفا کازمى لەم بڕیارەدا پڕکردنەوەى کورتهێنان و دابینکردنى موچەبو بۆ فەرمانبەران، وەک ئاشکرایە لەو کاتەدا حکومەتى عێراق گرفتى دراوى نەختى هەبو بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و لێکەوتە ئابوریەکانى کۆرۆناوە، حکومەت بەم بڕیارە توانى ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، لەبەر ئەوەى فرۆشى حکومەت بە دۆلارە بۆیە لە رێگەى ئەو دۆلارەى دەستى دەکەوت توانى بڕی پێویستى موچە بگەیەنێتە دەستى فەرمانبەر، بەڵام ئەمەش لەسەر شانى بەهاى ئەو موچەیەى فەرمانبەران وەریدەگرێت.

وەک لە شیکردنەوەیەکى پێشوترى (سبەی)دا هاتوە هەر فەرمانبەرێک ئەگەر موچەکەى بەراورد بکرێت بەدۆلار ئەوا رێژەیەکى زۆر لە بەهاى موچەکەی و هێزى کڕینى لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەى لەبەر ئەوەى عێراق وڵاتێکى هاوردەکارە نەک هەناردەکار بۆیە دابەزینى بەهاى دراوەکەشى دوبارە زیانێکى دیکەى بەهاوڵاتیان گەیاندوە، ئەویش لەرێگەى بەرزبونەوەى نرخى شمەکى هاوردە لە بازاڕەکاندا بە دراوى ناوخۆیی.

واتە هاوڵاتى بەهۆى دابەزاندنى بەهاى دینار موچەکەى لەکاتى خۆیدا وەرگرت، بەڵام ئەو موچەیە ئەو هێزى کڕینەى نەما کە پێشوتر هەیبو، بێگومان ئەم دۆخە لەهەرێمى کوردستان خراپتر بو بەو پێیەى فەرمانبەرى هەرێم لە موچەکەشیدا روبەروى لێبڕین بوەتەوە بەهۆى بڕینى بەشە بودجە لە بەغداوە.

گەندەڵیەکانى ناو دەزگا جیاجیاکانى دەوڵەت واى کردوە عێراق ئابوریەکى لاوازى هەبێت و بەرەگەى کەمترین گۆڕانکارى دەرەوە نەگرێت، بەم هۆیەشەوە هەمیشە حکومەت بۆ بەرێکردنى کارەکانى خۆى و ئەرکى بەرامبەر هاوڵاتیان پەنا دەباتە بەر کۆمەڵێک رێوشوێن کە نرخەکەى دەبێت هاوڵاتیان بیدەن وەک دابەزاندنى بەهاى دۆلار لەناوەند و لێبڕینى موچە لە هەرێم.

دابەزینى بەهاى دراو و نەبونى چاودێریی
یەکێک لە گرفتەکانى بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقیی ئەوەیە ئەم بڕیارە هاوشان نیە لەگەڵ چاودێریەکى وردو توندى حکومەت بۆ بازاڕ، بەڵکو بازرگانەکان جارێکى تر دابەزینى بەهاى دیناریان بە بیانو گرتوە بۆ بەرزکردنەوەى نرخى شمەک و کاڵاکان و هیچ لایەنێکیش نیە لێپێچینەوە بکات و بەم شێوەیە هاوڵاتى خراوەتە بەردەم بەزەیی و ویژدانى بازرگان و بەهاى ئەو کاڵایانەى لە دەرەوە و بە دۆلار هاوردە دەکرێنبەتایبەت کە بەرەو مانگى رەمەزان هەنگاو دەنێین و هاوڵاتیان لەم مانگەدا بۆپرکردنەوەى پێویستیەکان زیاتر رو لەبازاڕ دەنێن.

یەکێک لە پاساوەکانى دیکەى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بەسەر دیناردا لەلایەن حکومەتەوە ئەوەبو کە دۆلارێکى زۆرى عێراق لە ناوخۆدا لەلایەن دەوڵەتێکى هەرێمایەتیەوە دەکڕدرێت و لە وڵات دەبرێتە دەرەوە، بەڵام ئەمەش پێویستى بە لێپێچینەوە و چاودێریی و بڕیارى دیکە بو نەک لێدان لە بەهاى دراوى ناوخۆ، چونکە هێشتا پرسیار ئەوەیە ئایا بەم بەرزکردنەوەیە بۆ نرخى دۆلار، گرەنتى نەچونە دەرەوەى دۆلار کراوە؟

ئایا بەهاى دینار جارێکى تر بەرز دەبێتەوە؟
داواکاریەکى زۆر چ لە شەقام و چ لەناو پەرلەمان و هەندێ دەزگاى لێکۆڵینەوە و پارتە سیاسیەکان بۆ جارێکى تر بەرزکردنەوەى نرخى دینار هەیە، حکومەتیش خۆى دانى بەوەداناوە ئەم دابەزاندنەى بەهاى دینار کاتیە و بۆ چەند ساڵێکە و دەکرێت لە فۆناغێکى دیکەدا بەبڕیارێک دوبارە بەهاى دینار بەرزبکرێتەوە، هێزە شیعەکان زۆربەیان دژى ئەم بڕیارە قسەیان کردوە بەوپێیە گرانیی لە بازاڕدا دروستکردوە.

بۆیە لەبەر ئەوەى  ئەم دابەزینەى بەهاى دینار بەرامبەر دینار دەرەنجامێکى سروشتى ئاڵوگۆڕى بازاڕ و بەرزبونەوە و دابەزینى ئابورى و بڕیارێکى سیاسیە و ئەگەرى گۆڕینى بەبڕیارێکى سیاسى دیکە هەیە، هەروەها لەگەل بەرزبونەوەى نرخى نەوت و داهاتى عێراق زیاد دەکات ئەمە جگە لە رێکخستنەوەو چاکسازى دارایی ئەگەر بکرێت، بۆیە بە دورنازانرێت جارێکى تر بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار دەستکارى بکرێت.

بەڵام ئەو وادەیەش هێشتا دیار نیە و لەدەستى پەرلەمانیشدا نییە، تا ئەوکاتەش هاوڵاتیان بە گرانى شتومەک لە بازاڕدا باجى بڕیارێک دەدەن کە دەرەنجامى شکستێکى ئابورى و سیاسیى لەوان گەورەترە.