راپۆرت 10:42 - 25/03/2021

ریسكی قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ده‌په‌

+ -

(سبەى):
راپۆرته‌ هه‌واڵیه‌كان باس له‌ پلانێکى هاوبەشى ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان سه‌رۆک كۆماری توركیا و هاوپەیمانەکەى ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی پارتی نەتەوە پەرستى تورکیا (مەهەپە) ده‌كه‌ن بۆ پەر‌تكردنی ریزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنى تورکیا لە رێگەى داخستنى پارتى گەلان (هەدەپە)وە.

بەپێى راپۆرتێکى رۆژنامەى (ئەلئەخبار)؛ ئەرۆدغان و باخچه‌لی بۆ لەتکردنى ئۆپۆزسیۆن پشت بە كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی توركیا دەبەستن له‌ رێگه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و پارته و بۆ ئەمەش هەنگاوەکانیان دەست پێکردوە‌. رۆژنامەکە نوسیویەتى: ئامانجی ئەردۆغان له‌م هه‌نگاوه‌ مسۆگه‌ركردنی مانه‌وه‌یه‌تی له ‌ده‌سه‌ڵاتدا له دواى ساڵى (2023) كه‌ بڕیاره‌ هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی توركیا ئه‌نجام بدرێت، هەرچەندە خۆ کاندید کردنەوەشى لەروى دەستوریەوە گومان هەڵدەگرێت.

بۆ ئەنجامدانى ئەم ستراتیژە (کردنە دەرەوەى هەدەپە لە نەخشەى سیاسى) ئەردۆغان و باخچەلى پێویستیان بە پشتیوانیی یەکێک لە پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەویش (پارتى باش)ى ناسیۆنالیزمى تورکیی ئۆپۆزسیۆنە.

بەپێى راپۆرتەکەى ئەلئەخبار؛ "ئەگەر ئەردۆغان و هاوپەیمانەکەى توانیان پشتیوانى ئەم پارتە بەدەستبێنن بۆ قەدەغەکردنى هەدەپە، چەند ئامانجێک بەدى دێنن گرنگترینیان کردنە دەرەوەى رەگەزێکى بەهێزى سیاسەتە لەتورکیا کە هەدەپەیە، پاشان پەرتکردنى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنە کە لەهەڵبژاردنى پێشوى شارەوانیەکان توانیان ئاماژەیەکى هەڕەشە ئاڕاستەى ئەردۆغان و پارتەکەى بکەن بە بردنەوە دو گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە، هەروەها مسۆگەرکردنى مانەوەى ئەردۆغان و پارتەکەیەتى لەدەسەڵاتدا."

بۆچى ئەردۆغان پێویستى بەم هەنگاوەیە؟
بارودۆخى پارتى داد و گەشەپێدان لە ناو شەقامى تورکیادا وەک ساڵانى پێشو نەماوە، پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی و پاشەکشەى دۆخى ئابورى تورکیا و بونى کێشەیەکى زۆر لە دەرەوەى سنور، ئاستى جەماوەرێتى ئەردۆغان و پارتەکەى بە ئاستێکى زۆر دابەزاندوە، پارتى مەهەپەش کە هاوپەیمانیەتى، دۆخى جەماوەریی تا ئاستى سفر دابەزیوە.

هەڵبژاردنى شارەوانیەکان لە (2019) دەریخست پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن بە یەکگرتن و لەیەک نزیکبونەوە تواناى گۆڕینى هاوکێشەى سیاسى تورکیایان هەیە و رەگەزى بەهێزى ناو ئەو یەکگرتنەى ئۆپۆزسیۆنیش هەدەپەیە بۆیە ئەگەر ئەم پارتە بەر لە هەڵبژاردنەکان قەدەغە بکرێت ئەوا کارتەکانى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا شپرزە دەبێت.

ئەردۆغان دەزانێت بە هەڵوەشانەوەى پارتى گەلان (هەدەپە) لە رکابەرێکى سەرسەخت رزگارى دەبێت کە خاوەنى پێگەیەکى جەماوەریی بەهێزە و چەند کەیسێکیشى لە دادگاى ئەوروپا هەیە واتە نەک تەنها بەهرەمەندە لە پشتیوانیەکى ناوخۆیی، بەڵکو پشتیوانیی دەرەکیشى هەیە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەى ئەم پارتە زیاد لە دەستکەوتێک بۆ ئەردۆغان و داهاتوى دەسەڵاتەکەى مسۆگەر دەکات.

ئەردۆغان لە بەردەم مەترسیەکى راستەقینەدایە
بەپێى دوا ئامارەکان (هاوپەیمانى گەل)ى نێوان پارتى داد و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتى ئەردۆغان و پارتەکەى دەوڵەت باخچەلى (مەهەپە) لەپاشەوەى هاوپەیمانێتى ( ئومەت)وە دێت کە لەلایەن پارتى گەلان هەدەپە وە پشتیوانى دەکرێت.

ئەم واقیعەش وادەکات دەسەڵات بیر لە لێدان لە هەدەپە بکاتەوە بۆ لەتکردنى بەرەى ئۆپۆزسیۆن، بەمەش ئەردۆغان و باخچەلى گرەنتى مانەوە لەدەسەڵاتدا دەکەن تا دواى (2023)، بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستى بە پشتیوانى باڵە نوێکەى ئۆپۆزسیۆن ( پارتى باش) هەیە کە پارتێکى نەتەوەیی تورکیی توندڕەوە.

چوارشەمە، سەرەتاى گۆڕینى نەخشەى سیاسى تورکیا
سەرۆکى پارتى نەتەوە پەرستى تورکیا دەوڵەت باخچەلى، لەزارى خۆیەوە پێویستى داخستنى هەدەپەى راگەیاند، وەک گرەنتیەک بۆ مانەوەى هاوپەیمانێتیەکەى لەگەڵ ئەردۆغان، بەڕاى چاودێرانیش ئەمە جۆرێکە لە دابەشکردنى رۆڵ لەنێوان دو هاوپەیمانەکەى دەسەڵات بۆ مسۆگەرکردنى مانەوەیان.  

هەمو ئەو نەخشەیەى ئەردۆغان و باخچەلى دایان رشتوە بۆ کردنە دەرەوەى کورد لە نەخشەى سیاسى تورکیا لە رێگەى هەڵوەشانەوەى پارتى گەلانەوە رۆژى چوارشەمەى رابردو یەکەم هەنگاوى خۆى هاویشت، ئەویش بەرزکردنەوەى داوایەکى یاسایی بو دژ بە هەدەپە بە ئامانجى داخستنى و هاوکات هەڵگرتنى  پارێزبەندى لەسەر عومەر فاروق گەرگەر ئۆغلۆى ئەندام پەرلەمانى ئەو پارتە.

چاودێرانى سیاسى تورکیا پێیانوایە ئەمە سەرەتاى نەخشە کێشانێکى نوێیە بۆ قۆناغى داهاتوى سیاسەت لە تورکیا بە بێ رەگەزێکى گرنگ لەو وڵاتە کە کوردە.

پارتى داد و گەشە لەکەیەوە مڕى لە پارتى گەلان خۆشکردوە؟
لە راپۆرتەکەى سایتى ئەلئەخبار هاتوە " ئەردۆغان و باخچەلى کار بۆ نەخشەیەکى سیاسى نوێ لە تورکیادا دەکەن  کە کوردى تێدا نەبێت."

لە راپۆرتەکەدا هاتوە: "لە هەڵبژاردنى شارەوانیەکانى (2019) وە کە ئۆپۆزسیۆن توانیان دو گەورە شارەوانى لە پارتى دەسەڵاتدار وەربگرنەوە ئەردۆغان لەوە تێگەیشتوە ئەم سەرکەوتنە بێ کاریگەریی نابێت لەسەر ئاکامى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى داهاتو کە سەرەڕاى رەخنە دەستوریەکان بەنیازى خۆ کاندید کردنەوەیە لەو هەڵبژاردنەدا، بۆیە بەهەمو شێوەیەک پارتى دەسەڵاتدارو هاوپەیمانەکەى کار بۆ ئەوە دەکەن ریزەکانى ئۆپۆزسیۆن تێکبدەن بۆ ئەمەش پشت بە لێدانى بەشە نەرمەکەى ئۆپۆزسیۆن "پارتى باش" کە پارتێکى نەتەوەیی تورکیە دەبەستێت و دەیەوێت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتى گەلان کە پێکەوە هاوپەیمانى (ئومەت) یان دروستکردوە تێکبدات، بەم شێوەیەش بەدروستکردنى کێشە لە نێوان دو پارتى (کوردیی) و (تورکیی) دەتوانێت لێدانێکى کاریگەر ئاراستەى ئۆپۆزسیۆن بکات."

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتوە: "لە قۆناغى یەکەمدا هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى پارتى گەلان درا لە رێگەى گرتنى سەرکردەکانى و لەکارلادانى سەرۆک شارەوانەیەکانى پاشان تۆمەتبارکردنى سەرکردەکانیان و دەستگیرکردنیان دواهەمین هەوڵیش سەندنەوەى پارێزبەندیە لە ئەندام پەرلەمانێکى و کردنەوەى داوایەکى یاسایی لە دژى، بە تۆمەتى مامەڵە کردن لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان و پاشان دەستکرا بە گرتنى سەرۆک لقەکانى پارتەکە لە ئیستانبوڵ".

کاردانەوەى هاوپەیمانەکەى هەدەپە لەئاستى چاوەڕوانیەکاندا نەبو
وادیارە هەنگاوەکەى ئەردۆغان و باخچەلى بۆ لەتکردنى ریزەکانى ئۆپۆزسیۆن وەک خۆى دەڕوات، چونکە لەوکاتەى چاودێران چاوەڕێ بون "پارتى باش"ى ئۆپۆزسیۆن ئیدانەى ئەو رێوشوێنانەى حکومەت بکات دژ بە هەدەپە، وتەبێژى ئەو حیزبە داواى لە پارتى گەلان کرد پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت و شەڕى راستەقینە بەرامبەر "تیرۆر" رابگەیەنێت.

بەیاننامەکەى ئەو پارتە بێهیوایى دروستکرد، چونکە لەبرى ئیدانەکردنى رێوشوێنەکانى حکومەت، دەستەواژەکانى پاساو هێنانەوە بون بۆ رێوشوێنەکان دژ بە هەدەپە، نوسیویانە "هەر پارتێک لە ژێر سێبەرى تیرۆردا بێت دەبێت دابخرێت"( سەرچاوە ئەلئەخبار).

راى گشتى تورکیا پێىوایە بڕیارى داخستنى هەدەپە بڕیارێکى سیاسیە و بەرگى یاسایى بەبەردا کراوە.

بوڵەنت یوجى داواکارى پێشوى تورکیا رەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت و بە سیاسى وەسفى دەکات و دەڵێت: " ئایا ئەوانەى حکومەت لە (2015) لەگەڵیان کۆبوەوە هەر تیرۆریست بون (وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانى پارتى داد و گەشەپێدان بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتى لەگەڵ پارتى گەلان) بۆ پێکهێنانى حکومەت لەو ساڵەدا".


زۆرینەى سیاسەمەتدارو نوسەرانى تورکیا رەخنەیان ئاڕاستەى هەوڵەکانى حکومەت بۆ داخستنى  پارتى گەلان کردوە و بە هەنگاوێک دژ بە ئازادیە سیاسەکان وەسفى دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە هزرەوانى تورک ئیمیرى کونگار بەرگریەکى سەرسەختانەى لە پەرلەمانتارەکەى هەدەپە  عومەر فاروق گەرگەرئۆغلۆ کرد و رایگەیاند: "بەرگریکردن لەو پەرلەمانتارە بەرگریە لە ئازادی و مافە بنەرەتیەکانى دەستور و هەر یەک لە ئێمە رۆژێک لە رۆژان پێویستمان پێى دەبێت".

ئەو لەوبارەیەوە دەنوسێت "زۆر پێویستە بەرگرى لە بنەماکانى دەستور و ئازادیەکان و دیموکراسیەت بکەین، گرنگ نیە بزانین گەرگەرى ئۆغڵو کێیە، گرنگ ئەوەیە لەبەر ئەوەى پەرلەمانتارێکى هەڵبژێردراوە ناکرێت بەر لە دەرچونى بڕیارى دادگا پارێزبەندى لەسەر هەڵبگیرێت".

هاوکات ئەحمەد داودئۆغلۆ کە لە ئێستادا دژى پارتەکەى پێشوى "داد و گەشەپێدان" وەستاوەتەوە رایگەیاند: "ئەردۆغان دژایەتى تیرۆر ناکات، بەڵکو ئەو لە حاڵەتێکى فۆبیادا دەژى کە سات بۆ سات زیاتر دەبێت، دەشپرسێت "چۆن داوا لە خەڵک دەکەن دەنگ بدەن لەکاتێکدا پاشتر دەنگەکانیان پوچەڵ دەکەنەوە؟". ئۆغلۆ دەڵێت: ئەردۆغان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکات کە خۆى پێشتر قوربانیی هەمان سیاسەت بوە.

هەروەها عەلى باباجان سەرۆکى پارتى دیموکراسی و پێشکەوتن ئاماژە بەوە دەکات کە؛ راستکردنەوەى ئاراستەى دیموکراسیەت بە گرتن و راوەدونان نابێت، بەڵکو بە دیموکراسیەتى زیاتر دەبێت.

لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى پێشوى تورکیا عەبدوڵاگول پێیوایە؛ هەڵگرتنى پارێزبەندى ئەوپەرلەمانارە و هەوڵى داخستنى هەدەپە کارێکى هەڵەیە و دەپرسێت: "حکومەت چۆن لەوە تێناگات ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە هیچ مانایەکى نیە و دواتریش دەبێت بەکێشە بۆى؟".

داخستنى پارتە سیاسەکان لە تورکیا نەریتێکى کۆنە و هەر جارەش پارتێک داخرابێت کارەکتەر و جەماوەرى ئەو پارتە توانیویانە بەناوێکى تر پارتێکى نوێ دروستبکەن و بێنەوە ناو شانۆى سیاسى ئەمەش ئەو بەڵێنەیە کە سەرکردەکانى پارتى گەلان بە جەماوەرەکەیان داوە لە حاڵەتى داخستنى پارتەکە.

تائێستا نزیکەى (حەوت) پارتى کوردیی لە تورکیا داخراون ئەگەر هەدەپەش دابخرێت دەبێتە هەشتەمین پارتى کوردیی کە لەو وڵاتە دادەخرێت، بەڵام هەمیشە ئەو پارتانە بەشێوەى تر دەرکەوتونەتەوە.

مێژوى سیاسى هەدەپە
پارتى گەلان (هەدەپە) لە ساڵى (2012) دامەزرا، لە یەکەم بەشدارى هەڵبژاردندا لە ساڵى (2015) توانى وەک پارتێکى سیاسى بچێتە پەرلەمانەوە بە بردنەوەى (13%)ى دەنگەکانى هەڵبژاردنەکە و مسۆگەرکردنى (80) کورسى پەرلەمان، لەو کاتەدا پارتى داد و گەشەپێدان بۆ پێکهێنانى حکومەت پێویستى بە کورسیەکانى هەدەپە بو داواى هاوپەیمانێتى لێکرد، بەڵام ئەوان رەتیان کردەوە، لەبەرامبەردا پارتى کۆمارى بە سەرۆکایەتى باخچەلى پاش دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانێتى لەگەڵ پارتى دادو گەشەپێدان کرد و حکومەتیان پێکهێنا و لەوکاتەوە بۆ ئێستا هاوپەیمانن.

هەدەپە لەهەڵبژاردنى دوبارەى تشرینى دوەم (10.8%)ى دەنگەکانى بردەوە کە دەکاتە (59) کورسی پەرلەمانى تورکیا، پاشان لە هەڵبژاردنى (2018) پارتەکە (%11.7)ى دەنگەکانى بەدەستهێناو (67) کورسی پەرلەمانى مسۆگەر کرد، بەڵام ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسی داخستندایە.

لە هەڵبژاردنى شارەوانیەکانى (2019)، هەدەپە رۆڵێکى گەورەی بینى لە سەرخستنى کاندیدى جەهەپە بۆ سەرۆکایەتى شارەوانى ئیستانبوڵ کە بە یەکێک لە گرنگترین شارەوانیەکانى تورکیا دادەنرێت.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە لە کۆبونەوەى پارتەکەیدا لە دواى هەوڵەکانى دەسەڵات بۆ داخستنى پارتەکە، رایگەیاند: "دەنگەکانى پارتەکەمان پێشتر شەش ملیۆن بوە، بەڵام لە ئێستادا بۆ (12) ملیۆن بەرزبوەتەوە"، بەڵێنیشىدا دەنگەکانیان بۆ رێژەى (%20) بەرزبکەنەوە.

بوڵدان باس لەوە دەکات کە؛ دژایەتى و گرتن و سەرکەوتکردن دژى پارتەکەیان چەند ساڵێکە دەستى پێکردوە و وتیشى هیچ جیاوازیەک لەنێوان ئەم سەرکەوتکاریانە و هێرشکردنە سەر پەرلەمان لە (2016) نیە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆدەتاکەى (15)ى تەموز.  

سەربارى رەخنەکان و بەگەڕنەخستنى هەنگاوى کردارى لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتى ئەوروپاوە، هەنگاوەکانى داخستنى هەدەپە بەردەوامە.