کوردستان 05:43 - 31/03/2021

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان: شێوازێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێم جێبەجێ دەکرێت

+ -

(سبه‌ی):

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان رایده‌گه‌یه‌نێت: شێوازێکی نوێی ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێم جێبەجێدەکەن و سەردانی پارێزگاکان بۆ دیاریكردنی شوێنی پڕۆژەكان دەکەن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، د. محەمەد شوکری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (KDP) رایگه‌یاند: تیمان بۆ سەردانكردنی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پێكهێناوه‌ كه‌ پلانی پارێزگاکان وەردەگرن و دەست بە پڕۆژەی ئاراستەکراو دەکەن کە شوێنی پرۆژە و زەوی و جۆری پڕۆژەکە دیاری دەکرێت لەگەڵ خزمەتگوزاری، کە ئەو کارە لە ھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەکان ئەنجام دەدرێت".

و‌تیشی:"بۆ وه‌رگرتنی پلانی شوێنه‌كان لە ئه‌مڕۆوە دەست بە ئەنجامدانی سەردانەکان کراوە، تیمەکان سەردانی سلێمانیی و لەوێشەوە سەردانی ھەمو قەزا و ناحیەکان دەکەن".

رونیكرده‌وه‌؛ دوای كۆتایی هاتنی سەردانی شوێنەکان و دیاریكردنی پلانەکان، وەبەرھێنەره‌كان دەبەنه‌ سه‌ر شوێنه‌كان و کێبڕکێیان له‌نێواندا دروست دەکرێت تا پڕۆژەکان ئەنجام بدەن، ئەمەش یەکەم جارە لە ھەرێمی کوردستان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، ئەولەویەتی پڕۆژه‌كان بۆ کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵی دەبێت، هەروەها چەند نەخۆشخانەیەکیش بۆ به‌شێك له‌ ناوچەی دورە دەسته‌كان دروست ده‌كرێت.