لە میدیاکانەوە 09:38 - 01/03/2021 میدیڵ ئیست

عێراق گەڕانەوە بۆ ناو بازنەى خۆپیشاندانى خوێناویی

+ -

(سبەى)
لە رۆژى شەممەى رابردوەوە لە پارێزگاکانى باشورى عێراق خۆپیشاندان و نارەزایەتیی سەریانهەڵداوەتەوە، دوان لە خۆپیشاندانەکان گرژیی و توندوتیژیان تێکەوت و بەپێى سەرچاوە پزیشکیەکان و شایەتحاڵەکان ژمارەى بەرکەوتوان تا ئەمڕۆ دوشەممە (46) کەسە.

لەپاش خۆپیشاندانە رێکخراوەکانى ئۆکتۆبەرى رابردو کە هاوکاتى یەکەم ساڵیادى دەستپێکى خۆپیشاندانە جەماوەریەکانى ساڵى (2019) بو، روداوەکانى چەند رۆژى رابردو بە فراوانترین بازنەى نارەزایەتیی لە عێراق دادەنرێت.

لەگەڵ ئەوەى پارێزگارى زیقار نازم وائیلى لە لایەن مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەسەر داواى خۆپیشاندەران لە پۆستەکەى دور خرایەوە، بەڵام خۆپیشاندان هەر بەردەوام بو، خۆپیشاندەران پارێزگارى دەستلەکار کێشاوە بە گەندەڵى و خراپ ئیدارەدان تۆمەتبار دەکەن و پارێزگاریی کاتیی دانراویش رەتدەکەنەوە.

خۆپیشاندانەکان تەنها لە زیقاردا کورت نەبوەوە بەڵکو پەلى بۆ چەند پارێزگایەکى دیکە هاویشت لەوانە نەجەف و دیوانیە لە باشور تا دەگاتە بەغداى پایتەخت لە ناوەڕاستى وڵات.

وەک خۆپیشاندەران دەڵێن دابەزینى ئاستى بژێویى و گرانى بازاڕ و تێکچونى بارودۆخى ئابوریى و گەندەڵیى بەرپرسان خاڵى هاوبەشى نێوان خۆپیشاندانى هەر پێنج پارێزگاکەى عێراق بون.

لە زیقار، لەکارلادانى نازم وائیلى پارێزگار و دانانى عەبدولغەنى ئەسەدى سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى کە راستەوخۆ سەربە سەرۆک وەزیرانە، توڕەیی خۆپیشاندەرانى دانەمرکاندەوە و خۆپیشاندان هەربەردەوام بو.

سەرەڕاى ئەو رێکارانە بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوامیاندا بە ناڕەزایەتیەکانیان لەبەردەم باڵەخانەى پارێزگاى زیقار لە شارى ناسریە و داواى دانانى کەسایەتیەکى دیکەیان کرد خاوەنى "شارەزایی" بێت.

بەوتەی شایەتحاڵەکان لە دەروبەرى باڵەخانەى پارێزگا، روبەروبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان رویداوە و هێزە ئەمنیەکان بە دەستڕێژى گولـلە بەئاسماندا، هەوڵیان داوە خۆپیشاندەران لە نزیک باڵەخانەى پارێزگا دوربخەنەوە.

بەپێى سەرچاوەیەکى پزیشکیى لە فەرمانگەى تەندروستیى زیقارى حکومیى "نەخۆشخانەکانى پارێزگاکە تا ئەمڕۆ دوشەممە (41) بەرکەوتویان هەبوە لەوانە (16) كه‌سیان لە هێزە ئەمنیەکانن".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:"زۆرینەى بریندارەکان بەرکەوتنەکانیان سوکە، هەندێکیشیان بەهۆى غازى فرمێسک رێژەوە توشى هەناسە توندیی بونه‌ته‌وه‌، بەڵام هیچ بەرکەوتنێک بە فیشەک نەبوە".

غەدیر فەیسەڵ چالاکوانێکى مەدەنیە و بەشدارە لە خۆپیشاندانەکاندا دەڵێت:"خۆپیشاندەران عەبدولغەنى ئەسەدى، پارێزگاری نوێ رەتدەکەنەوە و داواى دامەزراندنى کەسایەتیەک دەکەن شارەزایی هەبێت".

عەبدولغەنى ئەسەدى ئەفسەرە لە سوپاى عێراق بە پلەى فەریق روکن، لەدایک بوى (1951)ى میسانە، پێشتر سەرۆکى هێزەکانى دژە تیرۆر بوە لە شەڕى دژ بە داعش لە نێوان ساڵەکانى (2014-2017) لە ساڵى (2020)ـوە وەک سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی دامەزراوە. 

بەڵام بە وتەى عەلى بەیاتى، ئەندامى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق، لە ناسڕیە خۆپیشاندانەکان توندتر بون، لە ماوەى پێنج رۆژى رابردو بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە (5) خۆپیشاندەر کوژران و (271) کەسى دیكه‌ برینداربون، کە (147) کەسیان لە
هێزە ئەمنیەکانن.

وەزارەتى بەرگرى رۆژى شەممە رایگەیاند:"لەسەر فەرمانى مستەفا کازمى، فەرماندەى گشتى هێزە چه‌کدارەکان لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژیەکانى شارى ناسریە پێکهێنراوە".

شانەى راگەیاندنەکانى وەزارەتى بەرگرى، راشیگەیاندوە:"لیژنەکە ئێوارەى رۆژى یەکشەممە گەیشتۆتە پارێزگاى زیقارو دەستى بەکارەکانى کردوە".

لەلایەکى دیکەوە خۆپیشاندەرانى بەغدا وەک دەربڕینى پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندەرانى ناسریە لە گۆڕەپانى عەدەن لە باکورى بەغداى پایتەخت کۆبونەوە، لەپارێزگاى نەجەفیش سەرچاوەیەکى پزیشکیی لە نەخۆشخانەى حەکیمى گشتى بە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵی راگەیاندوە:"بەهۆى بەکارهێنانى غازى فرمێسک رێژ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە نزیکەى پێنج لە خۆپیشاندەران توشى تەنگە نەفەسیی بون".

بەپێی وته‌ى شایەتحاڵەکان لە شارى نەجەف هێزە ئەمنیەکان لەرێگەى فیشەک و غازى فرمێسکڕێژه‌وه‌ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردوە کە لە نزیک پردى (سەورەت عشرین) لەناوەڕاستى نەجەف بۆ دەربڕینى نارەزایەتى لەدژى بارودۆخى ئابورى و گران بونى شتومەک و گەندەڵیی بەرپرسان، کۆبوبونەوە.

بەهەمان شێوە لە بابل پۆلیس باڵەخانەى پارێزگاى داخست پاش گەمارۆدانى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کە داواى دەستلەکار کێشانەوەى پارێزگارى شارەکە حەسەن مەندیلیان دەکرد بەهۆى "خراپى لە بەرێوەبردن و گەندەڵیی، بە وتەى ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران.

لە دیوانیەش وەک دەربڕینى پشتیوانیی و هاوسۆزیی بۆ قوربانیانى خۆپیشاندانەکەى ناسریە، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران هەستان بە داخستنى شەقامى (حەکیم) لەناوەڕاستى شارەکە لە رێگەى ئاگرکردنەوە وە، بەڵام زۆرى نەخایاند هێزە ئەمنیەکان شەقامەکەیان کردەوە.

لە ئۆکتۆبەرى (2019)ـوە بەهۆى بارودۆخى ئابورى و خراپى بەڕێوەبردن و گەندەڵى دارایی و سیاسیی، عێراق ژمارەیەک خۆپیشاندانى پچڕ پچڕى بەخۆوە بینیوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانیش بەڵێنى روبەروبونەوەى گەندەڵیی و باشکردنى بارودۆخى ئابورى داوە.

وەرگێڕانی: سبەی

سەرچاوە: میدیڵ ئیست