راپۆرت 10:26 - 28/03/2021

ئەجێنداى بایدن لە عێراق؛ حکومەتێک پشت بەخۆى ببەستێت

+ -
(سبەى):
بە سەرنجدان لە لێدوانى بەرپرسانى ئیدارەى نوێى ئەمەریکا هەست بە جۆرێك گۆڕانکارى لە ئەجێنداى ئیدارەى نوێى ئەمەریکا بە سەرۆکایەتى جۆبایدن لە عێراق دەکرێت، بەراورد بە ئیدارەى پێشو.

لێدوانێكی ماسیۆ تولەر باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق سه‌رنجی چاودێرانی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ ئیداره‌ی نوێ ئه‌جێنداكانی له‌ عێراق زیاتر ده‌كات و ته‌نها له‌سه‌ر بابه‌تی ئاسایش و جه‌نگ له‌ دژی تیرۆر كورت نابێته‌وه‌.

تولەر لە سیمینارێکى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە عێراق کە بەهاوکارى پەیمانگاى واشنتۆن بۆ ئاشتى رێکخرابو، رایگەیاند: ئیدارەى نوێى کۆشکى سپى چوار کارى لە پێشینەى هەیە لە عێراق ئەوانیش جەنگ دژى رێکخراوى تیرۆرستیی داعش، هاوکاریکردنى حکومەتى عێراق لە روبەڕوبونەوەى گەندەڵیى و بارودۆخى سەختى ئابوریى، ئەمە جگە لە هەردو بابەتى کۆرۆنا و بابەتى ژینگە.

دیاریکردنى ئەم ئەجێندایانە لەلایەن باڵیۆزى ئەمەریکاوە نیشانەى ئەوەیە واشنتۆن هەست بەوە دەکات کە دەبێت لە کێشە و گرفتەکانى ئەم وڵاتە زیاتر بێتە پێشەوە کە بە پێگەیەکى گرنگ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێت.

بەپێى ئەو لێدوانە بێت، ئیدارەى نوێ  جگە لە جەنگ دژى داعش و بابەتى ئاسایش و پاراستنى سەربازەکانى  گرنگى بەو بابەتانەش  دەدات  کە بەلاى هاوڵاتى عێراقیەوە جێى بایەخن و پەیوەندیى بە ژیانى رۆژانە و داهاتوى وڵاتەکەوە هەیە، بەڵام ئایا ئەمە تەنها لێدوانى باڵیۆزێکە یاخود ئەجێندایەکى راستەقینەى ئیدارەیەکە کە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگارى نوێ دایە چ لە عێراق و چ لەسەر ئاستى دنیا وەک هاتنە پێشەوەى چین.

ئیدارەکانى پێشوترى ئەمەریکا هەمو عێراقیان بەلاوە گرنگ و ستراتیجى بوە، هەر لەسەردەمى بوشى باوک، پاشان روخاندنى رژێمى سەدام لەلایەن بوشى کوڕ، گرنگى عێراق بۆ واشنتۆن ئاشکرابو، بەڵام واشنتۆن نەیتوانى بەئاسانى ئەجێنداکانى لەم وڵاتە بەڕێوەببات بەهۆى ململانێى ئێران و سەرهەڵدانى تیرۆر لە ناوەڕاست و باشور.

زۆربەى ئیدارەکانى پێشو بەتایبت ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ زیاتر جەختیان لە بابەتەکانى ئاسایش و جەنگ دژى تیرۆر و دیموکراسى کردوەتەوە، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە لەئێستادا بەرپرسانى واشنتۆن باس لەدۆخى ئابورى و مەسەلەى گەندەڵى دەکەن کە دو بابەتى جێ بایەخى هاوڵاتیانى عێراقن و دو گرفتى سەرەکیی وڵاتەکەن و پێویستیان بە چارەسەرە.

هاوکات ئەوەى جێى سەرنجە باسکردنە لە بابەتى ژینگە لە لێدوانى باڵیۆزى ئەمەریکا، ئەمەش بەتەواوى پێچەوانەیە لەگەڵ بیرکردنەوەى ئیدارەى پێشو کە نەک هەر لە عێراق، بەڵکو بەشێوەیەکى گشتیی بابەتى ژینگەى بەلاوە گرنگ نەبو.

ئەم لێدوانانەى باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق پاش دو مانگ دێت لە دەستبەکاربونى ئیدارەى نوێ لە کۆشکى سپى بە سەرۆکایەتى جۆبایدن و ئاشکراکردنى تێڕوانینێکى نوێى ئەو ئیدارەیەیە بۆ کارکردنى لە عێراق.

ئیدارەى نوێ جگە لە مەترسی تیرۆرى داعش، لەبەردەم گرفتى هێرشى گروپە چەکدارەکانیشدایە لە عێراق کە بە نزیک لە ئێران ناسراون و چاودێران پێیانوایە ئەجێنداى ئێران دژ بە ویلایەتە یەکگرتوکان جێبەجێ دەکەن لە عێراق.

ئێران سەرەڕاى کوژرانى قاسمى سولەیمانى کە یەکێکبو لە گرنگترین پیاوەکانى لە عێراق و ناوچەکە، بەڵام هێشتا تواناى کۆنترۆڵکردنى گروپە چەکدارەکانى هەیە و زۆر بەئاسانى لە دژى بونى ئەمەریکا لە عێراق بەکاریان دەهێنێت.

لە ئێستادا هێرشى ئەو گروپانە تەنها بە بەغدا و ناوچەى سەوزەوە نەوەستاوە، بەڵکو پەلى بۆ هەرێمى کوردستانیش کێشاوە کە بە ناوچەیەکى ئارامتر بۆ هێزەکانى ئەمەریکا ناسراوە، بەراورد بە ناوچەکانى ترى عێراق.

بەرنامەى ئێران لە عێراق دژ بە ئەمەریکا ئەوەیە کە لە رێى فشارێکى درێژخایەن و هێرشى ناڕاستەوخۆوە لە عێراق بیکاتە دەرەوە و بەرنامەى خۆى لە وڵاتێکى دراوسێدا جێبەجێ بکات کە کاریگەریی لەسەر هەمو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێت، هەرچەندە ئەمە کارێکى ئاسان نیە و سیستمى بەرگرى ئەمەریکاش ئەوەندە بەهێزە زۆربەى هێرشەکان پوچەڵدەکاتەوە، بەڵام ئەمە لە درێژخایەندا بۆ ئەمەریکا ماندوکەر دەبێت، بۆیە بیر لە ئەجێندایەکى نوێ دەکاتەوە کە حکومەتێکى بەهێزى سەربەخۆ لە عێراق دابمەزرێنێت بەشێوەیەک تواناى راوەستانى بەرامبەر هەژمونى وڵاتانى دراوسێ هەبێت.

حکومەتى ئێستاى عێراق لەسەر واشنتۆن هەژمار دەکرێت، لەکاتێکدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات بەدەست کۆمەڵێک کێشەى ئابورى و پەتاى کۆرۆنا و گەندەڵى و دەسەڵاتى گروپە چەکدارەکانەوە گیرۆدەیە، پرسیار ئەوەیە ئایا واشنتۆن بەچ شێوەیەک هاریکارى ئەم حکومەتە دەکات تا بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بێت و هەڵبژاردنى داهاتو کە بۆ هەر یەکێک لە ئێران و واشنتۆن یەکلا کەرەوە دەبێت، بباتەوە؟