راپۆرت 03:26 - 06/02/2019

دواى چوار ساڵ، چى بۆ هەڵەبجە کراوە؟

+ -

(سبەى):

راپۆرت: سەنگەر کوردە

چوار ساڵ لەمەوبەر خولى چوارەمى پەرلەمان خەونى هەڵەبجەییەکانى کردە راستى و لەناو مۆنۆمێنتى شەهیداندا یاساى ئیدارەى پارێزگاکەى پەسەندکرد، بەڵام ململانێى حیزبى و کەمتەرخەمى حکومەت دوبارە هەڵەبجەییەکانى نائومێد کردەوە.

رۆژی (5/2/2015) لە هۆڵى مۆنۆمێنتى شەهیدان لە هەڵەبجە، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ (دو)ى نائاسایی ساڵی دوه‌می خولی چواره‌مى پەرلەمان به‌ڕێوه‌چو کە تێیدا یاساى ئیدارەى پارێزگاى هەڵەبجە پەسەند کرا، ئەوەش هەڵەبجەییەکانى خۆشحاڵ کرد، بەڵام دواى تێپەڕبونى ئەو چەند ساڵە بە گوزەر کردن بە بازاڕ و شەقام و گەڕەکەکانى شارەکەدا هەست بەوە دەکرێت کە چوار ساڵى بەپارێزگابون سیماى شارەکەى بەرەو پێش نەبردوە.

ئەو چوارساڵە و بەهۆى سیاسەتەکانى حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە خەڵکى شارەکە نائومێد بون بەوپێیەى بەرەوپێشچونى ئەو تۆ لە پارێزگاکەیان نابینن و تەنها پێشگرى "پارێزگا"ى بۆ زیادکراوە بێ ئەوەى وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و تەنانەت کەمترین فەرمانگەى نوێ کراونەتەوە و کەمترین پڕۆژەى بۆ جێبەجێ کراوە.



لە دانیشتنەکەى پەرلەماندا د. یوسف محەمەد سادق وتى: "ئه‌مڕۆ نه‌ك ته‌نها بۆ خه‌ڵكی شه‌هیدپه‌روه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ ‌و هه‌ورامان، به‌ڵكو بۆ په‌رله‌مان و بۆ هه‌مو گه‌لی كوردستانیش رۆژێكی مێژوییه‌ كه‌ په‌رله‌مان له‌شاری شه‌هیدان و سیمبولی شه‌هیدانی گه‌لی كورد كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ برینه‌كانی ئه‌و شاره‌ ساڕێژ ده‌بێت".

بەپێى یاساکە، دەبێت ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجە پێکبهێنرایە و لە کۆبونەوەکەى پەرلەماندا ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ دیاریکرا دوای زیادكردنی كۆتای ژنان و كاكه‌ییه‌كان دەستنیشان و پەسەند کرا و وه‌زاره‌تی ناوخۆ راسپێردرا بۆ پێکهێنانى.

هەرچەندە لەو کۆبونەوەیەدا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم کە وتارى حکومەتى خوێندەوە، وتى:"لێره‌وه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی ئه‌مڕۆ خستانه‌ سه‌رشانی ئێمه‌ له‌حكومه‌ت درێغی ناكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی و ئومێده‌واریشین ئه‌نجومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌ش به‌هه‌مان نه‌فه‌سی حكومه‌ت و په‌رله‌مان، به‌هه‌مان ئه‌و بنه‌ما یه‌كڕیزییه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی زیاتر شارو خه‌ڵكه‌كه‌یان".

بەڵام دواى چوارساڵ لەو وتارە، نە ئەنجومەن پێکهاتوە نە تەواوى فەرمانگەکان کراونەتەوە و نەبودجەى شایستە بۆ ئەنجامدانى پڕۆژە لە پارێزگاکە تەرخانکراوە بەشێوەیەک پارێزگار و ئیدارەى شارەکە مانگى رابردو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا داوایان لە رێکخراو و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد دەستى هاوکارى بۆ هەڵەبجە درێژ بکەن.



لەوبارەیەوە فەخرەدین قادر، سکرتێرى خولی پێشوى پەرلەمانى کوردستان بە (سبەى) راگەیاند؛ لە بنەڕەتدا پێشنیازى ئەنجامدانى کۆبونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە هەڵەبجە لە لایەن ئێمەوە کرا بۆ ئەوەى خزمەتێک بە شارەکە بکەین بە ئامانجى بونیاتنانى پارێزگایەکى بەهێز، "بەڵام دواتر بەداخەوە ئەو یاسایە و یاساکانى دیکەش لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراون ئیرادەى جێبەجێکردنیان زۆر لاوازە، لە هەرێمى کوردستاندا یاسایەک جێبەجێ دەکرێت کە ئیرادەى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى لەسەر بێت نەک یاسایەک کە لەبەرژەوەندى خەڵکە".

سکرتێرى پێشوى پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات؛ لە سەرجەم خولەکانى پەرلەمان بڕیار و یاساى زۆر باش دەرکراون، بەڵام دو پارتى دەسەڵاتدار ناهێڵن جێبەجێ بکرێن، ئەوەش کراوە بە قوربانى ئیرادە و ویستى حیزبى، چونکە "ئەگەر بیانویستایە بە فیعلى هەڵەبجە کە بڕیار و یاساى هەیە بە پارێزگا ببوایە، دامەزراوەکانیان کارا دەکرد و نەدەبونە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکەى، بەڵام ئەوان نایانەوێت یاسا سەروەر بێت، دەیانەوێت حیزب سەروەر بکەن".

سکرتێرى پێشوى پەرلەمان بڕواى وایە لایەنەکانى دەسەڵات نایانەوێت هەرێم و پارێزگاکان بەرەو پێش بڕۆن و "دەیانەوێت لە زۆنى دو حیزبى بمێنێتەوە".

هۆشیار بیاوێڵەیى، یەکێکە لە سیما دیارەکانى هەڵەبجە، ئەو کە قوربانى پاشماوەى جەنگە و وەکخۆى دەڵێت دو ملیۆن و (386) هەزار مین و تەقەمەنی هەڵگرتوەتەوە، نیگەرانە لەوەى دڵخۆشیى چوار ساڵ لەمەوبەریان بۆ نائومێدى گۆڕاوە.

بیاوێڵەیى، بە (سبەى) وت:"ئەوەى ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد نەهاتەدى، کارەکان بە سیستى بەڕێوەدەچن و هەڵەبجە پەراویز خراوە".

ئەو پێیوایە؛ فرەحیزبى و ناکۆکى نێوان لایەنەکان و نەگەیشتنە رێککەوتنیان بوەتە هۆى ئەوەى هەڵەبجە گەشەکردن بەخۆوە نەبینیێت، "ئەوەش بە ئاشکرا بە نەخۆشخانەکان و بازاڕ و گەڕەکەکانیدا هەستى پێدەکرێت، تەنانەت نەک پڕۆژەى نوێ و سەرنجڕاکێش، بەڵکو رێکخستنى شارەکەش نابینرێت".

لاى خۆیەوە نزار مەحمود، باژێروانى هەڵەبجەى بزوتنەوەى گۆڕان کە لە سەروبەندى بە پارێزگابونى شارەکەوە لە دەیان کۆبونەوەى نێوان لایەنەکان بەشدارى کردوە بۆ بەشداربون لە بونیاتنانى پارێزگاکە، دەڵێت:"بڕیاری بەپارێزگابونى هەڵەبجە و ئەوەى کە ئیتر خاوەنی دامودەزگای ئیداریی خۆی بێت، جێگەی خۆشحاڵی بو، چونکە ئەوە خەونی ساڵانێکى خەڵکى شارەکەیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا خەڵک بە تەواوەتی نائومێدە".

ئەو نیگەرانییەکانى سەرەتا لە حکومەتی هەرێمە بەوەى ئەرکەکانی بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێ نەکردوە، "دواى ئەوە دەبێت گلەیى لە بەغدا بکرێت".

نزار هاوبۆچونە لەگەڵ خەڵکى شارەکە بەوەى ململانێى حیزبى دیوارێکى سەختى بەردەم پێشکەوتنى هەڵەبجەیە و دەڵێت:"هەست دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هاوسەنگیی هێز پێ خۆش نییە دو پارێزگاى بەهێز لەم ناوچەیە هەبێت کە ئەو دەسەڵاتدار نییە تێیاندا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهۆى فرە رەنگى هەڵەبجەوە ویستى پێشخستنى شارەکەى نییە".



باژێروانى گۆڕان بڕواى وایە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە کلیلی چارەسەرى پارێزگاکە بوە، بەوپێیەى پشت بەستو بە یاسا دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بە بەڕێوبەران و کاربەدەستانی پارێزگاکا بکات و "جگە لەوەش بەغدا رایگەیاندوە ناتوانێت بودجە بۆ پارێزگایەک بنێرێت کە ئەنجومەنی پارێزگای نەبێت".

هەروەک نایشارێتەوە ئەنجامى جێبەجێنەکردنى بەڵێنى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم دەریدەخەن کە ویستى جێبەجێنەکردنى بەپارێزگابونى هەڵەبجە زاڵە.

هاوکات نوخشە ناسیح، قائیمقامى هەڵەبجە نایشارێتەوە کە ئەوەى لەدواى بەپارێزگابونییەوە بۆ هەڵەبجە کراوە لە ئاست پێویست و چاوەڕوانییەکاندا نییە، بەڵام پێیوایە پرسەکە چەند هەنگاوێک چوەتە پێشەوە و دەڵێت:"هیوا بڕاونین و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان".

قائیمقامى هەڵەبجە بە (سبەى) وت:" ئەو وێرانکارییەى بەسەر هەڵەبجەدا هاتوە و ئەو تاوانەی بەرامبەری ئەنجامدراوە ئەوەندە گەورەیە، جگە لەوەى بوە بە پارێزگا پێویستیشى بە بودجەیەکى تایبەت و گەورە هەیە کە ئومێدمان وایە لەمساڵدا کارەکان بەرەوپێشەوە بڕۆن".

لەبارەى لەمپەڕەکانى بەردەم پێکنەهێنانى ئەنجومەنى پارێزگا و ئەو گرفتانەى دروستى کردون، نوخشە ناسیح دەڵێت:"هەرچەندە ئەو بابەتە نەبوەتە هۆى ئەوەى پڕۆسەکە پەکى بکەوێت، بەڵام بە دەستبەکار بونى ئەنجومەنى پارێزگا پڕۆسەى ئیداریى باشتر بەڕێوەدەچو، چونکە هەمو ئەندامەکانى دەبونە داکۆکیکار و خەمخۆى پارێزگاکە".